لابردنی سفڕەکانی پارەی عێراق؛ چارەسەری یان ڕواڵەتی
ماوەیەکە باسی ئەوە دەکرێت کە حکومەتی عێراق دەیەوێت سفڕەکانی سەر دراوی دینار کەم بکاتەوە و پارەیەکی نوێ بخاتە بازاڕەوە. بۆ نموونە، دینارێک کە ئێستا سفرێکی زۆری لەسەرە، ببێتە پارەیەکی بچووکتر بەڵام بە هەمان بەهای کڕین. ئەم بابەتە بۆ خەڵکی ئاسایی پرسیاری زۆری دروست کردووە: ئایا ئەمە پارەکەمان بەهێزتر دەکات و ئابووری وڵات باشتر دەکات، یان تەنها کارێکی ڕواڵەتییە؟
ئەم کارە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە با سەرەتا سەیری لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە بکەین. گۆڕینی دراوی عێراقی و لابردنی سفڕەکان چەندین سودی بۆ خەڵک و وڵات دەبێت، بۆ نمونە:
-پارەی کەمتر، باری ئاسانتر: پێویست ناکات چیتر کیف یان جانتایەک پڕ لە پارەی کاغەزی زل هەڵگریت بۆ کڕینی شتێکی ئاسایی. بۆ نموونە ئەگەر شتێک بە سەد هەزار دینار بێت، دەبێتە تەنها سەد دینار.
-ژماردن و هەژمارکردن ئاسان دەبێت: بازرگان و کاسبکاران لە دوکان و بازاردا تووشی هەڵە نابن لە ژمارەی سفرەکاندا و حسابات زۆر خێرا و خاوێن بەڕێوەدەچێت.
-بەهای دینار بەهێزتر دیار دەبێت: دەروونی خەڵک و بازاڕ ئارامتر دەبێت کاتێک دەبینن بەهای پارەکەیان هاوسەنگترە و وەک کاغەزێکی بێبەها نابینرێت.
-خەرجی چاپکردن کەم دەبێتەوە: حکوومەت پێویستی نایەت پارەیەکی خەیاڵی خەرج بکات بۆ چاپکردن و گواستنەوەی ئەو هەموو پارە زۆرە کاغەزییە.
بەم جۆرە، ئەم چاکسازییە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بوژاندنەوەی ئابووری گشتی، ئەگەر هاوشانی چاکسازی دیکە و هەمەجۆرکردنی داهات بەڕێوەبچێت.
لە لەپاڵ سوودەکانیدا، لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی کێشە و خاڵی نەرێنی گەورەشی دەبێت ئەگەر بە وردی نەکرێت. دیارترین لایەنە نەرێنی و کێشەکان ئەمانەن:
-شێواندنی بازاڕ: لە کاتی گۆڕینی پارەدا، زۆر جار فرۆشیار و خاوەن دوکانەکان نرخەکان بەرز دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵا لەسەر هاووڵاتییان و بۆ ماوەیەک دەبێتە هۆی تێکچۆنی دۆخی بازاڕ.
-تێچوویەکی زەبەلاح: چاپکردنی پارەی نوێ، گۆڕینەوەی سەرجەم دراوی کۆن لە بازاڕ و بنکە و بانکەکاندا، و گۆڕینی سیستەمی بانک و ئامێرەکان تێچوویەکی گەورە بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنێت.
-ئاڵۆزبوونی مێشک و سەرسووڕمانی خەڵک: لە سەرەتادا بۆ خەڵکی ئاسایی و بەتایبەت بەساڵاچووان و نەخوێندەواران قورس دەبێت خۆیان لەگەڵ نرخە نوێیەکان و پارە نوێیەکەدا بگونجێنن، ڕەنگە بۆ ماوەیەک هەست بە ناڕوونی بکەن لە کاتی کڕین و فرۆشتندا.
-مەترسیی نەبوونی سەقامگیری: ئەگەر دۆخی سیاسی و ئەمنی تێکچووبێت یان ئابوورییەکی بەهێز پشتیوانی نەكات، لابردنی سفرەکان تەنیا ڕواڵەتییە و هیچ لە بەهای ڕاستەقینەی ژیانی هاووڵاتی ناگۆڕێت، بەڵکو متمانەی خەڵک بە تەواوی بە دینار دەڕووخێنێت.
بۆ ئەوەی نموونەمان هەبێت لەسەر ئەم بابەتە، دەبێت سەیری وڵاتانی تر بکەین. بۆ نموونە، تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٥ سفڕەکانی لە لیرەکەی لابرد، چونكە هەر خۆی پێشتر ئابوورییەکەیان بەهێز بوو، بۆیە ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو بوو و متمانەی بە دراوەکە گەڕاندەوە. بەڵام لە وڵاتێکی وەکو زیمبابۆی، چونکە کێشە سیاسی و ئابوورییە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکران، چەندین جار پارەیان گۆڕی و سفڕیان لابرد، کەچی دۆخەکە هەر خراپتر بوو و هیچ سوودی نەبوو.
کەواتە لابردنی سفڕەکانی دینار شتێکی سیحراوی نییە کە لە شەو و ڕۆژێکدا کێشەی ئابووریی عێراق چارەسەر بکات و کورتهێنان چارەسەر بکات، ئەمە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتایی یە. بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، پێویستە هاوکات بێت لەگەڵ چاکسازیی ڕیشەیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەنیا نەوت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت. ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوانە نەگرێتە بەر، گۆڕینی دراو تەنها کاغەزەکان دەگۆڕێت بەڵام کێشە ئابوورییە بنەڕەتییەکان هەر وەکو خۆیان دەمێننەوە.
بەکورتی ئەگەر گەندەڵی ڕابردوو بەردەوام بێت و ئابووریی وڵات هەر تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت، گۆڕینی پارە هیچ لە دۆخ و بژێویی خەڵک ناگۆڕێت.

زانا عبدالباقی ستونی