ئەرکی کادری پارتی ، لە دوای ۱٦ی ئاب ، لە کەرنەڤاڵەوە بۆ کاری بەردەوام
دوای بەڕێوەچوونی یادی پڕ لە شکۆ و شانازی ، ۱٦ی ئاب 80 ساڵ خەبات وتێکۆشان و لە دایک بوونی سەرۆک و مەرجەع (مسعود بارزانی ) پیرۆزکرا..
ئەرکی سەرەکیی کادری پارتی گواستنەوەی ئەو جۆش و خڕۆشە جەماوەرییەیە بۆ پرۆژەی کرداری ،
ئاهەنگ و یادەکان وێستگەی نوێکردنەوەی پەیمانن ، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە کارکردن و بەردەوامی ستراتیژی کار و چالاکی بەردەوامدایە ، سەرکەوتنی کار بەنەبپچڕانی پەیوەندی ڕۆژانەدا بەدی دێت .
بۆ ئەوەی ئاهەنگەکانمان زیاد بکەین دەبێت کاری باشتر بکەین ...کادرانی پارتی زۆر جار جگە یادی دامەزاندنی حزب ئاهەنگ و کەرنەڤاڵی جیاوازمان هەیە ، کەرنەڤاڵ وئاهەنگەکانمان بۆ سەرخستنی پارتی یان خۆشی و ئاهەنگی دوای سەرکەوتنن ، دیارە کادری پارتی تەنیا بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگ وکەرنەڤاڵ و شادی و خۆشیەکان کار ناکات ، گرنگی کادر لە ئامادەیی بەردەوامیدایە لەناو جەماوەر ، پێویستە کادر هاودەمی خەڵک و جەماوەرەکەی بێت ، گوێ لە گرفتەکانی هاووڵاتییان بگرێت و ببێتە وەڵامدەرەوەی پرسارەکانی شەقام ، توانا و لێهاتووی هەبێت بۆسەرجەم ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕوی دەبێتەوە ..
* کادری بەئەزموون . بریتییە لە کەسێکی ڕاهێنراو، شارەزا و خاوەن ئەزموون لە بواری تایبەتی خۆیدا کە توانای بەڕێوەبردن و، ڕێکخستن و ڕێنماییکردنی کەسانی تر یان دامەزراوەیەکی هەبێت ، بێگوێدانە ڕۆژ و کات ئامادەی کاری حزبی خۆیەتی ، کادر ئەو ئەندامە کارا و هۆشیارەی حزبه کە ئایدۆلۆجیا و پرۆگرامەکانی حزب بەباشی تێدەگات، ڕاهێنانی فکری و ڕێکخراوەیی بینیوە
، وەک پردێک لە نێوان سەرکردایەتی حزب
و جەماوەردا کاردەکات.
* ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان .
خۆپێشخستن و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان ، کادر دەبێت چەکی هۆشیاری و بەڵگەی بەهێزی پێبێت ، بۆ وەڵامدانەوەی میدیای چەواشەکار و نەیار ، توانای قسەکردنی باشی هەبێت جەماوەر وشیار بکاتەوە ، لە سەرجەم ئەو بابەتانەی نەیار بۆ بەلاڕێبردن چەواشەکاری بەکاری دێنن ، بێهیوا کردنی نەیار تا بە ئامانج و مەبەستی ڕوخێنەر و ئەجندای گڵاوی نەگات ، کە دژبە حزب و لاوازکردنی دەسەڵاتی ڕەوا و هەڵبژێردراو بەکاری دێنێت ..
* خۆپێشخستنی سەردەم ..
پارتی ئێستا پێویستی بە کادری تەکنۆکرات و شارەزا لە میدیای سەردەم و نوێ هەیە ، زانست و ڕۆشنفکری سیاسی و توانای لۆجیکی شرۆڤەی سیاسی . کادرێک نەخوێنێتەوە و زانیارییەکانی نوێ نەکاتەوە ناکرێت ڕێبەرایەتی کۆمەڵگە یان دەڤەرێک بکات . نەخوێندەواری دەردێکی کوشندەیە گەر نەتوانیت چارەسەری بکەیت لە ناوت دەبات ، یان سست بون و لاوازبونی وشیاری و تێگەیشتن بە دوای خۆیدا دێنێت .
* ئەرکی حزب بەرامبەر کادر .
حزب پێویستە پرۆسەی پێگەیاندن و ڕاهێنانی تواناسازی زانستی و پێشکەوتنی سەردەمیانەی بەردەوامی هەبێت ، کارئاسانی و ڕێخۆشکەربێت بۆ پێگەیاندنی کادری ئەکادیمی ، هاوكات سیستەمی پاداشت و سزا جێبەجێ بکات ، لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی شارەزای و ئەزمون، نەک واستەو پشگیری كەسی لەسەر ئەساسی خزمایەتی و دۆستایەتی پەیڕەو بکات ، تاكو كادری چالاك و دڵسۆز هەست بە پشگوێخست نەکات ، کادری شیاو بۆ شوێنی گونجاو سەرکەوتنی باش بەرهەم دێنێت
* کادری نموونەیی کادری نمونەی ڕەنگدانەوەی بەهاکانی ڕێبازی بارزانی نەمر و ئەخلاقی بەرزە .کێ دەبێت کادر بێت ، ئەوەی ڕەوشتبەرز، نیشتمانپەروەر، ڕاستگۆ و دەست پاک و داوێن پاک و دانبەخۆداگر بێت ، خاوەن جەماوەر بێت ، عەقڵ پێگەیشتوو ، لووتبەرز نەبێت ، و لەبری بەرژەوەندیی شەخسی خزمەتی گشتی بکاتە ئامانج ، توانای گفتوگۆو گوێگری باشبێت .
کادری خاکی و مەیدانی .دەبێت کادری نمونەیی تواناسازی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێدا هەبێت و فکر فراون بێت ، کادری مەیدانی بەردی بناغەی مانەوە و سەرکەوتنی هەر حزبێکی سیاسییە ، چونکە ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی کۆمەڵگە و لەگەڵ خەم و ئازارەکانی خەڵکدا دەژی دابران لە جەماوەر هیچ دەسکەوتی حزبی بەدەست نایە و شکست هێنان چاوەڕێت دەکات .
* کادری جەماوەری .
کادری مەیدانی لە ژوورە داخراوەکاندا کار ناکات , چاوەڕێی ناکات خەڵک بچێت بۆ لای کادری سەرکەوتوو دەچێت بۆ لای خەڵک ، بەڵکو ڕۆژانە لەناو بازار، کۆڵان و سەرجەم توێژە جیاوازەکاندایە بۆ تێگەیشتن لە خواستەکانیان . توانای گوێگرتن و وەڵامدانەوە پێش ئەوەی قسەکەربێت ، گوێگرێکی باشە بۆ کێشەکانی خەڵک و هەوڵدەدات ببێتە پردی پەیوەندی لە نێوان هاووڵاتییان و ناوەندەکانی بڕیار ،
بەڵێن و ڕاستگۆیی لەبری بەڵێنی بێ بنەما دروشمی قەبەی بێ ئەنجام بەدڵسۆزی و ڕاستگۆیی ونیەت پاکی و کرداری لەگەڵ جەماوەردا مامەڵە دەکات ، تا کۆڵەکەی متمانە بەهێزترو پتەوتر بکات .
* دروشم و ڕاستگۆی ..
کادر تەنها بە دروشم کار ناکات ، بەڵکو خاوەنی زانیاری و هۆشیاریی سیاسی و ڕاهێنراوە لەسەر شێوازە نوێکانی ڕێکخستن و ڕاگەیاندن و هەڵبژاردن و تەکنەلۆژیا کار دەکات کادری مەیدانیی هاوچەرخ نابێت تەکنەلۆژیا وەکو ڕکابەری خۆی و کاری ببێنێت ، بەڵکو دەبێت وەک بەهێزکەر و تەواوکەری کارەکەی بەکاریبهێنێت ، لە جیهانی ئەمڕۆدا کادری مەیدانی بەبێ تەکنەلۆژیا تووشی سستی لە گەیاندنی
پەیام و داتا وئـامار و ورتبینی و درەنگ
تێگەیشتن دەبیتەوە ...
* تەکنەلۆژیاو زانستی نوێ
چۆن لە خزمەتی کادری مەیدانیدایەکۆکردنەوەی زانیاری و داتای ورد.
کادر دەتوانێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاپۆرتە دیجیتاڵییەکان بەکاربهێنێت بۆ زانینی ڕاستەوخۆی کێشەکانی گەڕەک ، ناوچە، یان توێژێک پێش ئەوەی سەردانیان بکات ، زانیاری ورد دەست بخات ،
خێرایی لە گەیاندنی کێشەکان لەبری ڕاپۆرتی کاغەز و ڕۆتینی خاو بەشێوەی کۆن , کادری مەیدانی دەتوانێت لە ڕێگەی دەزگا دیجیتاڵییە ناوخۆییەکانی حزبەوە دەستبەجێ کێشەی هاووڵاتییان و ژمارە و ئامار و هەر کارێکی گرنگ بگەێنێتە ئاستی بڕیاردان ..
* بایەخدان بە ڕاگەیاندن .
پێوویستە کادر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چالاک بێت بەتایبەت فیسبوک کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت ، پێش بەو هەواڵە ساختە و دوژمنکارانە بگرێت نەیاران و بەکرێگیراوان دژی حزب و دەسەڵاتی هەڵبژێردرا و هاوڵاتیان و ئاسایشی نەتەوەیی دەیگرنەبەر ، کادر پێویستە بابەتی گرنگ و هەستیار و زیندوی ڕۆژ لە واڵەکەیدا بایەخ پێبدات ، سەرچاوەی زانیاری دروست و ڕون بێت بۆ خوێنەر دەربارەی مێژو و خەبات و تێکۆشانی حزب و ئەو خزمەت و تەحەدیانە لەسەرجەم پرسەجیاوازو هەستیارەکاندا دێتە پێش ، بۆیە گرنگیدان بەکادری ڕاگەیاندنکار و ئازا گرنگە ..
کادرو هەڵبژاردن .
کادری هەڵبژاردن ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی دەگێڕێت لە سەرکەوتن و سەرخستنی پرۆسەکان و لایەنێکی سیاسی یان بەربژێرێکدا. ئەرکەکانی کادر بەپێی قۆناغەکانی پێش هەڵبژاردن و ڕۆژی هەڵبژاردن دابەش دەبن ، تواناو لێزانین و ئەزمون پەیوەندی باش خاوەن ئارامی ، ڕووخۆشی و بەتوانا و قەناعەتپێکردن گرنگی خۆیان دەبێت ، پشت بەستن بە داتا و ئامار و زانیاری ورد پرۆسەکە باشتر بەڕێوەدەبات ، کادری پیشەکار دەبێت بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن گرنگی بــــاش بە تیمە ڕاهێنراوەکان و خولە تایبەتەکان بدات ، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکان کادری بەتوانا و خاوەن ئەزمون هۆکاری سەرخستن دەبن ، جێی خۆیەتی حزب بە بایەخەوە گرنگی بە کادری درەوشاوەو بە توانا و زیرەک و ئاقڵ بدات لەژێر هەژمون و پشتگیری کەسی و وابەستەیی بێتە دەر کە کادری تەمەڵ و بێکار و بێکەڵک بەرهەم دێنێت ، کادری
بەرهەم دار پشتگوێ نەخرێت ، تاسەرکەوتنی زیاتر بەدەست بێنین .....

ئازاد حەمەئەمین کریم