ئەندازیار ڕابەر حوسێن حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ گوڵان: لە سایەیی پاڵپشتی كابینەی نۆیەمدا توانرا ئەمساڵ كەمترین كێشەیی كەمئاوی لە سنووری شاری هەولێر ڕووبدات

ئەندازیار ڕابەر حوسێن حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ گوڵان:     لە سایەیی پاڵپشتی كابینەی نۆیەمدا توانرا ئەمساڵ كەمترین كێشەیی كەمئاوی لە سنووری شاری هەولێر ڕووبدات

 

بۆ ئەوەی بزانین ئەو هۆكارو كارو پڕۆژانە چین كە وایكرد هاوینی ئەمساڵ(2026)گەڕەك و تەواوی شاری هەولێر تووشی گرفتی كەمئاویی یان پێئاویی نەبنەوە ، هاوكات ئەو چاكسازیی و هەوڵانە چین كە شارێكی گەورەو بەرفرەوانی وەكو شاری هەولێر بەبێ بەكارهێنانی بیر و تانكەر ئاویخواردنەوە بەپێی پێویست ئاویان بۆ دابینكراوە، وەكو گوڵان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارو چەندین وردەكاری دیكە ئەندازیار ڕابەر حوسین حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرمان دواند.

·       هاوینی ئەمساڵ(2026) كە پلەی گەرما نەك هەرێمی كوردستان هەموو وڵاتانی ئەوروپاشی بێزاركردبوو و لە ساڵانی ڕابردووش گرفتی بێئئاویی لە چەندین گەڕەكی شاری هەولێر ڕوویدەدا، ئایا ئەمساڵ(2026)كێشەی كەمئاوی لە گەڕەكەكانی شاری هەوڵێر هەبوو؟.

-        هاوینی ئەمساڵ(2026)بێگومان بەپێی ئەو پلانەی کە حکومەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێرەوە داینابوو، پلانێکی یەکجار سەرکەوتوو بوو. دەتوانم بڵێم پلانەكە 100% جێبەجێ کرا بۆ ئەوەی هیچ گەڕەك و شوێنێك لە شاری هەولێر تووشی بێئاویی نەبێت، تەنیا ئەو كاتانە نەبێت کە کێشەیەکی تەکنیکی یان کارەبایی دروست دەبوو بۆ ماوەیەكی كەم یان چەند كاتژمێرێك تا كێشەكان چارەسەر دەكرا ئەوە تووشی كەمئاوی دەبووینەوە ، گەرچی لەو كاتانەش بە هۆی گڵدانەوەی ئاو لە تانكیەكانی ماڵانەوە هەست بەو گرفتە نەكراوە، ئەگینا گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەپێی ئەو كات و پلان و خشتانەی هەبووە ئاویخواردنەوە گەیشتۆتە هەموو گەڕەك و ماڵێك لەو شارە بەرفرەوان گەشەكردوەدا. تەنانەت ئەو شوێنانەشی کە پڕۆژەی ئاوی فڕیاگوزاریشی پێنەگەیشتووە، هەر چەندە ئێستا پڕۆژەی ئاوی فڕیاگوزاریی بۆ  زۆربەی گەڕەك و شوێنەكانی ناو شاری هەولێر گەیشتووە كە دەتوانین بلین نزیکەی95%ئەو شوێنانەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێرن ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاریان پێگەیشتووە.

·       سەبارەت بە چاکسازییەکان لە وێستگەکانی دیكەی پاڵاوتنی ئاویخواردنەوە وەك ئیفراز(یەك و دوو و سێ) چیتان كردوە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی لە تەواوی شاری هەولێر كێشەی كەمئاوی نەبێت یان یەكجار زۆر كەم بێت؟

-         بە هۆی پاڵپشتی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا و بەو هێزو دەسەڵاتەی لە وەزارەتی پەیوەندارو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕی هەرێمەوە كە بۆمان فەراهەمكراوە لە هەموو بوارەكاندا ئەوە توانیمان بە شێوەیەکی زۆر باش سەرپەرشتیی ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی ئاویخواردنەوە لە شاری هەولێر بکەین كە هەم نۆژەنکردنەوە بۆ پڕۆژەكان بکەین و هەم هێڵەکانمان چاكکردەوە. هەر بۆیە تا ئێستا هیچ گرفتێکمان نییە، بەڵكو تەنیا جاروبار کێشەی کارەبامان بۆ دروست دەبێت کە هیوادارم ئەویش چارەسەر بێت، بەڵام بە گشتی هیچ کاریگەرییەکی خراپی نەبووە لەسەر گەیاندنی ئاو بۆ هاووڵاتیان.

 * ئایا هۆكارەكان بۆ چی دەگەڕێتەوە كە ئەمساڵ زۆر کەم هەستمان بە شکانی بۆرییەکانی ئیفرار(1و2و3) کردووە؟

- ئەمساڵ تەنیا یەكجار شکانی بۆری لەو سێ پڕۆژەی ئاوەدا هەبووە، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە کاتەکانی کارەبا کەم ببووەوە، ناچار بەو کارەبایەی هەبوو كە ڤۆڵتیەی كارەبای ئیفرازیش لەگەڵی دادەبەزی و سەرئەنجام کارەبا دەبڕا، کە کارەبا دەبڕا فشارێکی زۆر لەناو بۆرییەکان دروست دەبوو، بەڵام شكان و ئەو گرفتەشمان لەو شوێنانە بە تەواوی و بە ماوەیەكی كەم چاکكراوەتەوە كە ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی وایكردوە كە  خەڵك لە ناو شار و گەڕەكەكانی هەولێر تووشی كێشەی بێئاوی نەبن.

* پێموابێت هۆکارێکی تریش هەیە كە ئەویش ئەوەیە  کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕێزدار سەرۆکی حکومەت پارەی بۆ گۆڕین و نۆژەنكردنەوەی بۆڕی ئیفراز سێ تەرخان کرد و گۆڕانکاری لە بۆرییەکاندا کرا؟

- بێگومان لە دوو شوێنی سەرەکی بۆری GRP گۆڕدرا بۆ بۆری "کاربۆن ستیل"، یەکێکیان لەناو هێڵی ئاوی ئیفراز(3)بوو، ئەویتریان لەناو هێڵی وێستگەی ناوەندی مەڕعۆدە بوو. هەردووکیان ئێستا هیچ گرفتێکیان نەماوە چونکە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند و توانیمان کۆنترۆڵی بکەین.

Top