داعش لە چاوەروانی هەڵی زێڕینیان دا
وا بڕیارە کە بەپێی ڕێکەوتنی ئەمەریکاو حکومەتی عێراق تا ٣٠ ئەیلول داهێزەکانی هاوپەیمانان بە یەکجاری پاشەکشە لە عێراق بکەن، ئەو کات ئەو هەڵە زێڕینە لە پێشوازی رێکخراوی داعش کراوە دەبێت و،هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان ناوچەکانی عێراقیان جێنەهێشتوە داعش لێرەو لەوێ دەستیان بە جوڵە کردوە،رۆژانە چالاکی و پەلامارەکانیان رووی لە زیادی کردوە،داعش وەک و ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی کە سنوریان بۆ چالاکیە تیرۆریستیەکانیان نەهێشتۆتەوە، ومەترسیان بۆ جیهان دروست کردوە بە کردەوە قێزەونەکانیان،لە کوشتن و بڕین و وێرانەکردن و هەوڵی ڕوپۆشکردنی جیهان بە تەمێکی لێڵ و جەهل.
وای کردوە هاوپەیمانیەتیەکی نێودەوڵەتی دژیان دروست بێت و ڕێ لە کردەوەکانیان بگیرێت کە ئەمەریکا سەرکردایەتیان دەکات،کوردیش لەو هاوپەیمانەتیە جیهانیە پشکی شێری بەر کەوتوە،لە تێکشکانی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام زۆرترین خۆێنی بەخشیوە لە پێناو پاراستنی ناوچە کوردستانیە جێناکۆکەکان، چونکە داعش لە چەند ڕۆژێک دا ولە سەرەتای سەرهەڵدانیان ڕووبەرێکی فراوانیان لە عێراق و سوریا کۆنتڕۆڵ کردو چی چەک و تەقەمەنی و ئیمکاناتی سوپای عێراق و سوریایان کەوتە چنگ ، وەک گروپێکی بەهێز لە جیهان هاتنە مەیدان و دوژمنایەتی خۆیان بۆ دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان خستە ڕوو بە تایبەت دژی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکە کورد نشینەکان،بەڵام هەر زوو خۆیان لە بەرامبەر قارەمانی و بەرخوردانی پێشمەرگەو گەلی تێکۆشەری کورد بینی و وەک شورایەکی پۆڵاین لە بەرامبەریان وەستان ، بە جۆرێک لە شەڕی بەرگریەوە چالاکی پێشمەرگە گۆڕا بۆ ڕزگارکردن و پاکردنەوەی نیشتمان لە شەمشەمەکوێرە داعشیەکان.بە شێوەیەک کە ئەمەریکا وەک سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مژدەی سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر داعش دا ڕاگەیاند و کوردو پێشمەرگەی وەک سەرەکیترین هاوپەیمان ئەژمارکرد لە تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سوریا.
بەڵام دوای 16ی ئۆکتۆبەرو گەڕانەوەی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان،بە موئامەرەیەکی جیهانی و ناوچەی و ناوخۆیی و گەڕانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە چنگی داعش دەری هێنابون، بۆشاییەکی ئەمنی دوبارە ناوچەکەی گرتەوەو ڕۆژ دوای ڕۆژ نفوزی داعش لە هەڵکشان دایەو چالاکی و جموجوڵیان زیاد دەکات و خەڵکی ناوچەکە ڕوبەڕووی کوشتن و بڕین و دەربەدەڕبون دەبنەوە.
بەڵێ هەر لە دوای ئەوەی سوپا فشۆڵەکەی عێراق ناوچەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوەو حوکمی سەربازی سەپاندە سەر ناوچەکە، داعش سودی لە نەبونی پێشمەرگە بینی و گەڕانەوە ناوچە جێناکۆکەکان و دوبارە خۆیان ڕێکخستەوەو کارە تیرۆریستیەکانیان فراوانتر کرد بە جۆرێک لە ئێستادا مەترسی داگیرکردنەوەی ناوچەو شارەکان دوبارە ئەگەرەو پێویستی بەوە هەیە لێکتێگەیشتن لە نێوان ناوەندو هەرێمی کوردستان هەبێت،بۆ ئەوەی دوبارە نەهامەتی ڕوو لە ناوچەکە نەکاتەوە،واتا پێویست دەکات هێزی پێشمەرگە ڕێگا پێ بدرێ بە شێوەی فەرمی بگەڕێتەوە و هەماهەنگی لە نێوان سوپاو پێشمەرگە هەبێت و هاوکاری پێشمەرگە لە پێداویستی لۆجستی بکرێت تا ڕووبەڕوی مەترسیەکانی سەر ناوچەکە بڕەوێنرێتەوە.
چونکە داعش لە ئێستادا سەرەڕای ئەو هێزانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان مۆڵ داوە شانەی نوستوی لە شارەکانیش دا ڕێکخستۆتەوەو ، ئەو ناوچانەی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق کە بۆشایی ئەمنی لێ دروست بوە، ژمارەیەکی زۆر لە شانەی نوستوی لێ مۆڵ دراوە کە زۆربەیان لە ژێر ناوی شوانی و مەڕ لەوەڕێن و کاسبی لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک ودوزوو دبس و هتد .. خەواندوەو لە کاتی پێویست دەس بە فەرمان دەبن و ئەوکات دۆخەکە بەرەو لێواری غلۆربوەوە هەنگاو دەنێت، بۆیە پیویستە حکومەتی عێراقی، دەبێت ئەو ڕاستیە باش بزانێت کە سوپاکەی هەمان ئەو سوپایەیە کە لە ئان و سات ناوچەیەکی فراوانی بەهەموو ئیمکاناتەکەیەوە ڕادەستی چەکدارانی داعش کرد، ئێستاشی لە گەڵ دا بێت حاڵی لەو کاتە باشتر نیەو بگرە خراپترە، و دوژمنایەتی کردنی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی دژ بە داعش لە لایەن گروپ و ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانان زیاتر بۆشاییەکەی فراوانتر کردوە، بە جۆرێک ئەم جارە داعش شارەزاییانەترو دەقیقتر هەنگاوی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە ئەنجام دەدەن و کارەساتێکی گەورەتر بەسەر خەڵک و ناوچەکە دەهێنن، کەواتە دەبێت حکومەتی عێراق عەقڵانی تر لە بابەتەکە بڕوانێت لە چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنیەکەی کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دروست بوە لە غیابی پێشمەرگەو دەبێت هەرچی زوترە پێشمەرگە بە هەماهەنگی سوپای عێراق ناوچە گومانلێکراوەکان پاک بکەنەوەو مەترسی داعش لە سەر ناوچەکان نەهێڵن،ئەوەش بە ڕێکەوتنێک دەبێت بە هەڵگرتنی هێزی سەربازی لەسەر شارو ناوچەکان گەڕانەوە دۆخی شارستانی بۆ کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان بەهەماهەنگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆزینەوەی شانە نوستوەکانی داعش لە سەرجەم ئەو شوێنانەی ئەرکیان پێ ڕاسپێردراوە.

ئەسرین عاسی شوانی