چەند پرۆتینت پێویستە بۆ بینای ماسوولكەكان؟
ئەگەرچی مەشقی ورزشی گرنگە بۆ بینای ماسوولكەكان، بەڵام دابینكردنی بڕی پێویستی پرۆتین لە خۆراكەوە بە هەمان ئەندازە گرنگی هەیە. پرۆتین گرنگیی تایبەتی بۆ گەشەی ماسوولكە و نوێبوونەوەی خانەكانی هەیە. كەمترین پێویستیی ڕۆژانەی پرۆتین بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 0.8 گرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، یان بە تێكڕایی 50-175 گرام، بەڵام بڕی زیاتر بۆ ئەو كەسانە پێویستە كە هەوڵی بیناكردنی ماسوولكەكان دەدەن. وەرگرتنی بڕی كەمتری پرۆتین، هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی بارستایی ماسوولكەكان. بەپێچەوانەشەوە، وەرگرتنی بڕی زیاتر لە پێویستیی ڕۆژانە، هاندەرە بۆ زیادكردنی هێز و بارستایی ماسوولكەكان. وەكو شانەكانیتری لەش، پرۆتینی ماسوولكەكان بەردەوام تێك دەشكێن و نوێ دەبنەوە، بۆیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم پرۆتینە و نوێببوونەوە و بیناكردنی ماسوولكە، پێویستەپرۆتین لە خۆراكەوە وەربگیرێت كە زیاتر بێت لە بڕی پرۆتینی تێكشكاو، بەم هاوكێشەیەش دەگوترێت باڵانسی پۆزەتیڤی نایترۆجین Positive nitrogen balance، چونكە پرۆتین دەوڵەمەندە بە نایترۆجین. باشترین سەرچاوەی پرۆتینەكان: گۆشتی سوور و پەلەور، هێلكە، ماسی، شیرەمەنی، پاقلەمەنییەكان، تۆوەكان لەگەڵ بەرهەمەكانی سۆیا.
