بەکارھێنانی دەرمانی خۆلاوازکردنەوە بەبێ دکتۆر مەترسیدارە
پسپۆران بە توندی جەخت دەکەنەوە کە بەکارھێنانی دەرمانی خۆلاوازکردنەوە بەبێ بڕیار و چاودێریی دکتۆر ھەڵبژاردەیەکی مەترسیدارە. دەرمانی ئۆزێمپیک یان ویگۆڤی (سیماگلوتاید Semaglutide) کە باوترین جۆرە، دەرمانێکی بەھێزە و پێویستی بە ھەڵسەنگاندنی پزیشکی ھەیە بەر لە بڕیاردان لەسەر بەکارھێنانی، ھەروەھا ئەم دەرمانە بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی بەکار دێت نەک بەمەبەستی جوانکاریی لەش. بەکارھێنانی دەرمانی دابەزاندنی کێشی لەش تەنیا بە بڕیار و چاودێریی نزیکی دکتۆر دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە گرفتیان لە کیسی زراو، گورچیلەکان، یان لە پەنکریاسدا ھەیە. بەکارھێنانی دەرزیی دابەزاندنی کێش بەبێ بڕیاری دکتۆر گرفتی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە، بۆنموونە زیانە لابەلا سادەکانی وەکو: ھێڵنج، ڕشانەوە، سکچوون، سک ئێشە، قەبزی، زیادبوونی لێدانەکانی دڵ، ھەستکردن بە ماندووبوون، سەرسووڕان، ھەروەھا ئەگەری گرفتی تەندروستیی سەخت وەکو: ھەوکردنی گلاندی پەنکریاس، نەخۆشیی کیسی زراو، پەککەوتنی گورچیلەکان، خەمۆکی، دابەزینی توندی ئاستی شەکری خوێن، ھەروەھا لەدەستدانی بارستایی ماسوولکەکان.
