درۆنەکان لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵاییندا: مەسرور بارزانی و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە گێژاوی ناوچەکەدا
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی قووڵدا تێدەپەڕێت؛ ژینگەیەک کە تێیدا ململانێ سەربازییەکان و قەیرانە لەناکاوەکان تەنانەت گەورەترین دەوڵەتەکانیشیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە.
لە ناو جەرگەی ئەم گێژاوەدا، ئیدارەدانی قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوەیەکی قورسی حوکمڕانییە لەسەر لێواری قەیرانەکاندا.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئاستەنگەکان گەیشتنە ئاستی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمنی.
هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ڕوونی ئەو لایەنانە بوو کە دەیانەوێت مۆدێلی حوکمڕانیی هەرێم لەبار ببەن و ئیرادەی سەرکردایەتییەکەی بڕوخێنن.
بەڵام ئەم پەلامارە نائومێدانەیە، لەبری ئەوەی ترس بڵاو بکاتەوە، جارێکی دیکە "ئیرادەی پۆڵایین"ی مەسرور بارزانی دەرخست. ئەو سەلماندی کە سەرکردەیەکە لەبەردەم هەڕەشەکاندا چۆک دانادات و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبێتەوە، پەیامێکیشی دا کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم هێڵی سوورە و بە هیچ هەوڵێکی ترسنۆکانە سازشی لەسەر ناکرێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم جۆرە پەلامارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی کە سەرۆکوەزیران پەیڕەوی دەکات، کە ئەویش ستراتیژیی "بێلایەنیی ئەرێنی"یە. هەرێمی کوردستان، بە بڕیارێکی دروستی ستراتیژی، لە یەکەم ڕۆژەوە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نەچووەتە ژێر باری ئەوەی ببێتە بەشێک لە جەنگ و ململانێ وێرانکەرەکانی ناوچەکە.
سەرکردایەتیی هەرێم زۆر بە ڕوونی دڵنیایی داوە کە خاکی کوردستان هەرگیز نابێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. ئەم هەڵوێستە سەربەخۆیە، بووەتە مایەی نیگەرانیی ئەو لایەن و گرووپانەی کە مانەوەی خۆیان لە دروستکردنی ئاژاوە و پەلکێشکردنی هەرێم بۆ ناو ئاگری شەڕدا دەبیننەوە.
کاتێک ناتوانن هەرێم بخەنە ناو بەرەی جەنگەوە، پەنا دەبەنە بەر درۆن و هەڕەشەی ئەمنی.
سەرباری ئەوەی گرژییە ناوچەییەکان و پاشەکشەی بازرگانی کاریگەرییان هەبووە، بەڵام ئەم حوکمڕانییە نەوەستا و بەردەوام بوو لە چاکسازییە ناوخۆییەکانی. لە کۆتاییدا، حوکمڕانیی مەسرور بارزانی ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سەرکردایەتیکردنی سەرکەوتوو لە توانای ئاراستەکردنی کەشتییەکەدایە لە ناو لێواری قەیران و شەپۆلە سەرکەشەکاندا.
هێرشە درۆنییەکان نەیانتوانی ئیرادەی هەولێر بشکێنن؛ بەپێچەوانەوە، مۆدێلێکی خۆڕاگرییان پیشان دا کە چۆن قەوارەیەک دەتوانێت بە چەکی بێلایەنیی ئەرێنی و ئیرادەی پۆڵایین، خۆی لە وێرانکاری بپارێزێت و ببێتە پایەیەکی جێگیری سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

فرسەت سەید شکور