مەسروور بارزانى ، زانستى حکوومڕانییەکى سەرکەوتوو لە نێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ئاڵۆزدا

مەسروور بارزانى ، زانستى حکوومڕانییەکى سەرکەوتوو لە نێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ئاڵۆزدا



بە سەرنجدان و هەڵوەستەکردن لەسەرسازدان و دیدارو چاوپێکەوتنەکەى مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەگەڵ کەناڵى جەزیرە ، ئەو لێدان و دیدار و گفتوگۆیەتەنها لە دیدگاى حکوومڕانى و سەڵاتەوە پێناسەى سیاسەتکردن ناکات ، بەڵکو چۆنێتى بەڕێوەبردن و زانست و داڕشتنى سیاسەت و دیپلۆماسیەت لە ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێ و ئاڵۆزدا کە کێشە و قەیران و بەریککەوتنەکان بێ کۆتایی و بەردەوامن ، هەروەها شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان و ئەرک وبەرپرسیاریەتیی مێژوویی بەرامبەر دۆزى رەواى نەتەوەکەى ئاماژەیەکى روون و ستراتیژییەکى ئاشکرایە
لەم ڕووانکەیەوە، ستراتیژییەت و پلانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، مەسروور بارزانى ، تیشک خستە سەر دوو بنەماى سەرەکییە ، یەکەم دوورخستنەوەى هەرێمى کوردستانە لە ململانێییە جەمسەریی و سەربازى و سیاسییەکان لەسەر ئاستى دەرەکى و دووەمیش ، چەسپاندنى حکوومڕانییەکى باش و هەوڵەکانى چاکسازى و پاکسازییە لەسەر ئاستى ناخۆیی لە پێناو بەهێزترکردنى ئاسایشى نەتەوەیی و بەهێزکردنى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان
سەرۆکوەزیرانى کوردستان وەک سەرکردەیەکى بڵیمەت و کاریگەر و خۆڕاگر بە ستراتیژییەکى ورد و قووڵ سەرکردایەتیی حکوومەت و کابینەى نۆیەمى گڕتۆتە ئەستۆ ، کەتێیدا پارێزگاریکردن لە هەرێمى کوردستان و بەدوورگرتنى لە پەرەسەندنى هاوکێشە ئاسایشییەکان و ئاڵۆزییە سەربازییەکانى ناوچەکە ، بەشێوازێک کە پێگەى هەرێمى کوردستانى وەک کارەکتەرێکى متمانەپێکراو و ناوەندێکى بەهێزى سەقامگیرى جێگرکردووە
مەسروور بارزانى، خاوەن کەسایەتییەکى هێمن و ژیر و لەسەر خۆ و قووڵە ؛ شارەزاییەکى باشى لەسەر زمانى عەرەبى ،ئینگلیزى ، فارسى هەیە ، کەسایەتییەکى واقعبین و تێگەیشتووە و سەرکەوتوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکانى ناوچەکە و جیهان ، لە نێو هەڵومەرج وبارودۆخێکدا گەورە بووە کە هەمیشە شەڕ و ململانێیەکان بێ کۆتایی بووە ، خەمى هەرە گەورەى پارێزگاریکردن بووە لە دۆز و ماف و نەتەوە و نیشتیمانەکەى ، واتە خاک و بەرژوەندنییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانى پێش هەموو پرسێکى دیکە خستووە
هەروەها لەڕووى سیاسەت و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیی چ لەسەر ئاستى ناوچەیی و چ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیی و ئینجا پەیوەندییەکانى بەغدا و هەولێر و خاوەن دیدگا و جیهان بینییەکى وردە ، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسێکى پڕ کێشەى وەک عێراق و لەهەمان کاتیشدا پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، بیرێکى ژیرانە و سەرکردەى بڵیمەتى دەوێت ، بەتایبەتى کە لە ناوچەیەکدا کە تێیدا جوگرافیا لەگەڵ سیاسى و سەروەرى لەگەڵ هەژموون و بەرژوەندیی لەگەڵ قەیرانەکاندا ئاوێتەى یەکتر دەبن ، بتوانى پارێزگارى لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانى گەل و نیشتیمانکەت بکەیت
ئەوەى لە هەڵوێست و گفتوگۆکانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، جێگەى سەرنج و بایەخدان بوو، جگە کاروبارى سیاسى رۆژانە و حکوومڕانى ، ئەولەوییەتیان پارێزگاریکردن لە بەرژوەندییەکان و ئینجا خوێندنەوەى گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکە و جیهانە ، هەروەها پارێزگاریکردن لە شوناسى نەتەوەیی و مرۆڤایەتى کە هەرگیز و لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەردارى نەبووە ، ئەمەش ئاماژەیە بەو راستییەی کە سەرۆکوەزیرانى کوردستان هەڵگرى پەیامێکى روون و خوێندنەوەیەکى وردبیانەیە لە گۆشەیەکى فراوانتر لە پرسە سیاسى و دیپلۆماسییەکان خوێندنەوەى بۆ رووداو و پێشهاتەکان و ئینجا بۆ داهاتووی گەل و نیشتیمانەکەى هەیە ، لە نێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێیدا بە زانست و خوێندنەوەى وردبینانە هەنگاو بەرەو داهاتوو دنێت

Top