ڕاهێنەری پەروەردەیی : ئەندازیاری گەشەپێدان و ئیلهامبەخشی مامۆستایانە

ڕاهێنەری پەروەردەیی : ئەندازیاری گەشەپێدان و ئیلهامبەخشی مامۆستایانە

 

(سوكرات) فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی دەڵێ"من ناتوانم هیچ شتێك فێری هیچ كەسێك بكەم. تەنها دەتوانم وایان لێ بكەم بیر بڕوێنن و بیر بكەنەوە".
بێگومان گۆڕانكاری و چوونە پێش لە سیستەمی پەروەردە دا پڕۆسەیەكی لە خۆڕا و خۆبەخۆ و خۆڕسك نییە، بەڵكو پێویستی بە پلان و بەرنامە و سەركردە و بەرێوەبەری كارامە هەیە. ئەگەر مامۆستا كرۆك و بڕبڕەی پشتی پەروەردە بێت ئەوا ڕاهێنەری پەروەردەیی دیزاینەر و ئەندازیار و بیناتنەر و دروستكەری تواناكانی مامۆستایانە. ڕاهێنەری سەركەوتوو تەنها گوێزەرەوەی تیۆری و زانیاری ناو كتێبەكانی نییە، بەڵكو ئیلهامبەخش و بنیاتنەر ، هاوڕێی گەشەكردن و ئاوێنەی ڕاستەقینەی مامۆستایانە.
ڕاهێنەری سەركەوتوو كۆمەڵێك تایبەتمەندی و كارامەیی سەرەكی هەیە بە كورتی تیشك دەخەینە سەر هەندێكیان.
ڕاهێنەری سەركەوتوو هەمیشە خاوەن دیدگای هاوسۆزی و پەروەردەیی و توانای گوێگرتنی قووڵی هەیە، چونكە لە سەرەوە لە بنكەی بەرزترەوە سەیری مامۆستا ناكات، ئەو درك بە ئالۆزی و بەربەست و تەنگژەكانی ناو پۆڵ و قوتابخانە دەكات. بە وردی بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە گوێ لە ئازار و گرفت و پێویستییەكانی ڕاستەقینەی مامۆستا دەگرێت.
تاوەكو ڕاهێنەرەكە لە سەر بنەمای واقیعەتی پۆڵ بونیاد بنێت، نەك گریمانەی مەزاجی. هەروەها ڕاهێنەری سەركەوتوو پێش ئەوەی دەست بە چاكسازی بكات وەكو پزیشك خاڵی بەهێز و لاوازەكان دەستنیشان دەكات. ڕاهێنەری لێهاتوو دەزانێ‌ مامۆستایان هەموویان لە یەك ئاستدا نین، بۆیە هەمیشە بەرنامەی ڕاهێنانەكە بە شێوەیەك ئامادە دەكات كە وەڵامدەرەوەی پێویستییە جیاوازەكانی مامۆستا تازەکار و تازە دامەزراو و مامۆستای خاوەن ئەزموون بێت. بۆیە كارامەیی شیكاری دیاری كردنی پێویستییەكان، وە ڕەچاو كردنی ئاستەكان تایبەتمەندییەكی تری ڕاهێنەری سەركەوتووە، لە بیرمان نەچێت ڕاهێنەری سەركەوتوو هۆڵی ڕاهێنان ناكاتە شوێنی وتاردان و قسە كردنی خۆی، بەڵكو دەیكاتە كارگەیەكی كاركردنی بە كۆمەڵ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و ئەزموون، چونكە شێوازی فێركردنی مامۆستایان (گەورە ساڵان) تەواو جیاواز لە فێركردنی منداڵان. گەورە ساڵان پێویستیان بە ڕێزگرتن هەیە لە شارەزایی و ئەزموونیان،
لەگەڵ ئەوەشدا ڕاهێنەری سەركەوتوو توانی پێدانی فیدباكی ئاراستەكەر و دروستكەری هەیە، چونكە هەڵسەنگاندن لەلای ڕاهێنەری پیشەیی و لێهاتوو تەنها ئامرازێك نییە بۆ شكاندن و یان دەستنیشان كردنی هەڵە، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ فێربوون. ڕاهێنەر هەمیشە بە زمانێكی بەرێزانە و زانستی ڕێنمایی مامۆستایان دەکات .
ڕاهێنەری سەركەوتوو هەمیشە پەرە بە تواناكانی خۆی دەدات و گەشەی بەردەوام و نەرموونیانی پەروەردەیی لە گۆڕانكاریدا هەیە، چونكە ڕاهێنەر ناتوانێ داوای گۆڕانكاری لە مامۆستایان بكات، ئەگەر هاتوو خۆی چەقبەستوو بێت و هیچ چوونەپێش لە تواناكانی نەبێت. ڕاهێنەری سەركەوتوو بەردەوام لە سەر پێشهاتە نوێیەكانی پەروەردە توێژینەوە زانستییەكان میتۆدەكانی كارگێڕیی پۆڵ و ڕێگاكانی وانەگوتنەوە . بە ئاگایە وە ئامادەیە ڕێرەو و شێوازی خۆشی بە پێی گۆڕانكارییەكان بنوێنێت.
لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە ڕاهێنەری پەروەردەیی تەنها ڕێكخەری خولێك یان پێشكەشكاری چەند سلایدێك نییە، بەڵكو داینەمۆی گۆڕنكاری ڕاستەقینەیە لە ناو جەرگەی پەروەردەدا كاتێك ڕاهێنەرێك دەتوانێت متمانە و باوەڕبەخۆبوون و دادپەروەری ، بەهای زانست. كارامەیی نوێ لە دڵی مامۆستایەكدا بچێنێت. ڕاستەوخۆی كاردانەوەی لەسەر سەدان قوتابی دەبێت كە لە ژێر دەستی ئەو مامۆستایەدا پەروەردە دەبن و فێر دەكرێن.
كەواتە وەربەرهێنان لە پێگەیاندن و تێگەیاندن و دروستكردنی ڕاهێنەری پەروەردەیی ئاستبەرز و لە خۆ بوردوو و كورتترین و بەهێزترین ڕێگایە بۆ ڕزگار كردنی سیستەمی پەروەردە لە تەقلیدبوون و لاسایی كردنەوە بە ئاراستەكردنی بەرەو داهاتوویەكی گەش و ڕووناك و متمانە پێدراو.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top