چۆن دژەخۆری گونجاو هەڵدەبژێریت؟
ئەگەر تەنیا یەك بەرهەم هەبێت شایەنی ئەوە بێت ببێتە بنەمای ڕۆتینی جوانیی ڕۆژانەت، ئەوا دژەخۆرە، بۆیە تەنیا وەك هۆكارێكی پاراستن سەیری مەكە، بەڵكو بە یەكێك لە گرنگترین نهێنییەكانی جوانی دایبنێ كە یارمەتیت دەدات بۆ ساڵانێكی زۆر پێستت بە گەنجی و گەشی بمێنێتەوە.
١- بەرهەمێك هەڵبژێرە كە فاكتەری پاراستنی (SPF) لە ٣٠ كەمتر نەبێت بۆ بەكارهێنانی ڕۆژانە.
٢- ئەگەر كاتێكی زۆر لە دەرەوەی ماڵ بەسەر دەبەیت، ڕەنگە SPF 50 بژاردەیەكی باشتر بێت.
٣- بۆ پێستی چەور، باشترە ئەو پێكهاتانە هەڵبژێریت كە سووكن و بریقەدار نین (Matte).
٤- بۆ پێستی وشك، باشترە ئەو جۆرانە بەكار بهێنیت كە ماددەی شێداركەرەوەیان تێدایە.
٥- بۆ پێستی هەستیار، دەكرێت پەنا ببرێتە بەر دژەخۆرە كانزاییەكان (Mineral) كە ئۆكسیدی زینك یان دووەم ئۆكسیدی تیتانیۆمیان تێدایە.
هەڵە باوەكان كە كاریگەریی دژەخۆر كەمدەكەنەوە:
١- بەكارهێنانی كرێمەكە بە بڕێكی كەم.
٢- تەنیا یەكجار بەكارهێنانی بەدرێژایی ڕۆژەكە.
٣- لەبیركردنی ناوچەی مل، گوێچكەكان و پشت دەستەكان.
٤- پشتگوێخستنی لە ڕۆژانی هەوردا.
