دەزگای خێرخوازی بارزانی: دوو دەیە لە خزمەتی بێبەرامبەری مرۆیی و گەشەپێدانی پەروەردەیی
لە کاتە هەرە سەختەکاندا کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و ئابووری جۆراوجۆر بوونەتەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی هاووڵاتییان، ئاوارەکان و پەنابەراندا گێڕاوە.
لە ڕیزی پێشەوەی ئەم دامەزراوانەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستنیشان دەکرێت؛ ڕێکخراوێک کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەسەر دەستی جەنابی کاک مەسرور بارزانی دامەزراوە و بەڕێزیان سەرۆکایەتی بۆڕدی دەزگاکە دەکەن.
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەم دەزگایە توانیویەتی مۆدێلێکی سەردەمیانە و کارا لە کارکردنی مرۆیی و پەروەردەیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پێشکەش بکات.
فەلسەفەی دامەزراندن و ڕەهەندی مرۆیی
فەلسەفەی کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ووتە بەناوبانگەکەی ڕابەری نیشتمان و باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد (مەلا موستەفای بارزانی) داڕێژراوە کە دەفەرموێت: "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میلەتی خۆی بێت". لەسەر ئەم بنەمایە، دەزگاکە وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و ناپاشکۆ، خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی بێ جیاوازیی ڕەگەزی، ئایینی، نەتەوەیی یان ڕامیاری پێشکەشی لێقەوماوان کردووە.
لە سەردەمە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆرستان و هاتنی شەپۆلی گەورەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەرکی سەرەکی بەڕێوەبردن و داڵدەدانی لە کەمپەکاندا گرتە ئەستۆ ،جگە لەوەش بەهاناوەچوونی بەپەلەی قوربانیانی بوومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، پێگەی ئەم دەزگایەی وەک ئەکتەرێکی چالاکی فریاگوزاری چەسپاندووە.
گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و فێرکردن
سەرەڕای کارە فریاگوزارییە خێراکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بایەخێکی ئایندەساز و تایبەتی بە کەرتی پەروەردە داوە، بە بڕوای سەرۆکایەتی دەزگاکە، پەروەردە بەردی بناغەی گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی کەرامەتی کۆمەڵگەیە.
لەم چوارچێوەیەدا، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کراون:
١- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانەکان: دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خوێندن لە ڕێگەی دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی سەدان ناوەندی خوێندن لە ناوچە گوندنشینەکان و ناو کەمپەکانی ئاوارەدا.
٢- دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن: دابەشکردنی ساڵانەی جانتا، پەرتووک، و کەلوپەلی قوتابخانە بەسەر سەدان هەزار قوتابی کەمدەرامەتدا بۆ ڕێگری کردن لە دابڕانیان لە خوێندن.
٣- ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکان: کردنەوەی خولی فێربوونی زمان، کۆمپیوتەر، و ڕاهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان و ئاوارەکان تاوەکو بتوانن ببنە خاوەن پیشەی سەربەخۆ.
٤- چاودێریی کۆمەڵایەتی و پڕۆژەی بێ باوکان
یەکێک لە دیارترین پڕۆژە مرۆییە بەردەوامەکانی دەزگاکەیه، پڕۆژەی چاودێریی منداڵانی بێ باوک لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، بە هەزاران منداڵی بێ باوک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی مانگانە پشتیوانیی دارایی، تەندروستی و پەروەردەیی دەکرێن، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی بێبەش نابن لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان و درێژەدان بە خوێندن.
پێگەی نێودەوڵەتی و دانپێدانانی جیهانی
لە سایەی کارگێڕییەکی ڕێکخراو و بەکارهێنانی شەفافییەت لە دابەشکردنی هاوکارییەکاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی متمانەی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بەدەست بهێنێت، وەرگرتنی ڕاوێژکاری تایبەت لە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC) بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر دانپێدانانی جیهانی بە کار و چالاکییەکانی ئەم دەزگایە.
هەروەها هاوبەشی بەردەوامی لەگەڵ ئاژانسەکانی وەک UNHCR، UNICEF و WFP لە بەڕێوەبردنی کەمپەکاندا، دەزگاکەی کردووە بە پردێکی متمانەپێکراو لە نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لێقەوماواندا، تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر دەستی جەنابی مەسرور بارزانی، سەلمێنەری ئەوەیە کە دارشتنی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ کاری خێرخوازی و پەروەردەیی دەتوانێت شوێنپەنجەیەکی ئەرێنیی بەردەوام لە ژیانی ملیۆنان کەسدا بەجێبهێڵێت.
ئەم دەزگایە ئەمڕۆ نەک هەر هێمایەکی دیاری بەخشینە لە کوردستان، بەڵکو باڵیۆزێکی خێرخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی کوردیشە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

ئاسۆ جمیل شێخ وەسانی