نامەیەکی ماستەر سەبارەت بە هەژموونی جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا

نامەیەکی ماستەر سەبارەت بە هەژموونی جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا

 

لە توێژینەوەیەکی زانستییدا لە زانکۆی کوردستان-هەولێر (UKH) گفتوگۆی لەسەر کراوە، تیشک خراوەتە سەر کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەهەندەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەسەر ئاستی دەرەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەر و میدیاکار "فرسەت سەید شکور" تیایدا، شیکارییەکی زانستیی گشتگیری بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستووەتە ڕوو.
ئەم نامەی ماستەرە کە هەڵگری ناونیشانی "شیکارییەک بۆ کاریگەریی جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لە دەرەوە"یە، دەریدەخات کە چۆن هەرێمی کوردستان توانیویەتی قورساییەکی مانادار و پێگەیەکی دیپلۆماسیی بەهێز لە ناوچەکەدا بونیاد بنێت. ئەمەش لە ڕێگەی بەکارخستنی ستراتیژییەکانی "پارادیپلۆماسی"، بنیاتنانی هاوبەشییە ئەمنییەکان، و پەرەپێدانی تواناکانی دەوڵەتداریی ئابوورییەوە بەدەست هاتووە.

بەپێی دەرەنجامە گشتییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی هەرێم و بوونی نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەولێر، پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بەرچاوی بە هەرێم بەخشیوە. لە ڕووی ئەمنیشەوە، ڕۆڵی کارای هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی تیرۆردا، پێکەوەگرێدراوییەکی ئەمنیی ستراتیژیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانان دروست کردووە.
لە پاڵ ئەوەشدا، پێگەی جوگرافی و سەرچاوەکانی وزەی هەرێم وەک ئامرازێکی دیپلۆماسیی کاریگەر ڕۆڵیان بینیوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی جیهانی و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم وەک نێوەندگیرێکی ئاشتی و فاکتەرێکی سەقامگیری.

لەپێناو زیاتر بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئەم دەستکەوتە ستراتیژییانە، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا چەندین ڕاسپاردەی گرنگی پێشکەش بە ناوەندەکانی بڕیار کردووە. لە گرنگترینیان: دامەزراوەی نیشتمانیی پێشمەرگە، هەوڵدان بۆ داڕشتنی دەستوورێکی هەرێمی، و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی هەمەچەشنکردنی ئابووری.

توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە سەر گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری، بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ ئابووریی هەرێم لە پاڵ کەرتی وزەدا.

توێژینەوەیەکە سەرچاوەیەکی ئەکادیمییە بۆ تێگەیشتن لە ئاییندەی سیاسەتی دەرەوە و هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە شێوەیەکی زانستی و واقیعی، وێنەیەکی ڕوونی بۆ قورسایی و ڕۆڵی کورد لە نەخشەی سیاسیی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە.

Top