پەیمانی لۆزان: ئەو واژووەی خەونی نەتەوەیەکی لەناوبرد و جوگرافیایەکی پارچەپارچە کرد.
لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەم پەیماننامە هەن هێندەی (پەیمانی لۆزان) کاریگەری قووڵ و درێژخایەنیان لەسەر چارەنووسی گەلان جێهێشتبێت، لە ٢٤ی تەموزی ساڵی ١٩٢٣، لە شاری لۆزان لە ووڵاتی سویسرا، نوێنەری هێزە براوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و حکومەتی نوێی تورکیا کۆبوونەوە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، ئەگەرچی بۆ زۆرێک لە ووڵاتان ئەم پەیماننامەیە کۆتایی جەنگ و سەرەتای سەقامگیری بوو، بەڵام بۆ گەلی کورد، بووە سەرەتای سەدەیەک لە کارەسات، دابەشبوون و چەوساندنەوە تاڵی ڕۆژگار .
پەیمانی لۆزان تەنها ڕێکەوتنێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو سزایەکی مێژوویی بوو کە بەسەر نەتەوەیەکدا سەپێنرا ،نەتەوەیەک کە خاوەنی (خاک،زمان، مێژوو)ـی تایبەت بە خۆی بوو، بەڵام لە ژێر بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزەکاندا، مافەکانیان کرانە قوربانی.
لە سیڤەری شرینەوە بۆ لۆزانی تاڵ: کووشتنی خەونی دەوڵەتبوون ، بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی کارەساتی پەیمانی ڕەشی لۆزان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سێ ساڵ پێش ئەو بەروارە، واتە ساڵی(١٩٢٠) و پەیمانی سیڤەر لە بەندەکانی(٦٢ و ٦٣ و ٦٤)ـی پەیمانی سیڤەردا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دیبلۆماسی نێودەوڵەتیدا، دان بە مافی ئۆتۆنۆمی و تەنانەت سەربەخۆیی گەلی کورددا نرا بوو، بەڵام سەرکەوتنە سەربازییەکانی (مستەفا کەمال ئەتاتورک) و گۆڕانی باڵانسی هێز و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا (بەتایبەت لەسەر نەوتی وویلایەتی ئەوسای موسڵ )وایکرد ئەو بەڵێنانە هەڵبوەشێنرێنەوە.
لە پەیمانی لۆزاندا، نەک هەر بەندەکانی سیڤەر جێبەجێ نەکران ، بەڵکو تەنانەت وشەی(کورد)و (کوردستان) لە تەواوی دەقی ڕێککەوتننامەکەدا سڕدرایەوە. خەونی سەربەخۆیی خرایە گۆڕەوە و کورد لە نەتەوەیەکی خاوەن مافەوە، کرا بە کەمینەیەکی بێ ناسنامە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتە نوێیەکاندا.
دەرئەنجامە نەرێنی و کارەساتبارەکانی لۆزان لەسەر کورد؛ پەیمانی لۆزان چەندین برینی قووڵی لە جەستەی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستاندا بەجێهێشت، کە دیارترینیان بریتین لە:
١- دابەشکردنی جوگرافی و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵایەتی: گەورەترین تاوانی لۆزان کێشانی ئەو سنوورە دەستکردانە بوو کە بەناو دڵی کوردستاندا تێپەڕین. کوردستان دابەشکرا بەسەر دەوڵەتانی نوێی عێراق (لەژێر حوکمی بەریتانیا) سوریا (لەژێر حوکمی فەرەنسا) و تورکیای مۆدێرن، ئەمە جگە لەو بەشەی کە پێشتر بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێشووتر کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئێران، ئەم دابەشبوونە تەنها دابەشبوونێکی خاکی نەبوو، بەڵکو (خێزان، هۆز، و بازاڕی ئابووری) کوردی لەیەکتر دابڕاند و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تێکدا.
٢-سڕینەوەی ناسنامە و پاکتاوی کلتووری
لەگەڵ جێگیربوونی سنوورەکان، دەوڵەتە ناوەندییەکان سیاسەتی (یەک نەتەوە ، یەک زمان ، یەک ئاڵا) یان پەیڕەو کرد. لە تورکیا کورد ناونرا (تورکی شاخاوی) قسەکردن بە زمانی کوردی، لەبەرکردنی جلی کوردی، و تەنانەت ناونانی منداڵ بە ناوی کوردی قەدەغە کرا.
لە پارچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، پرۆسەی (بەعەرەبکردن) و (بەفارسیکردن) دەستی پێکرد، کە ئامانج لێی توانەوەی تەواوەتی ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد بوو.
٣-سەرهەڵدانی ململانێی درێژخایەن و ناسەقامگیری:
پەیمانی لۆزان ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێنا، بەڵکو تۆی شەڕێکی سەد ساڵەی چاند ، کاتێک مافی نەتەوەیەک زەوت دەکرێت، بەرەنگاربوونەوە دەبێتە تاکە بژاردە بۆ نەتەوەکە
لە دوای لۆزانەوە، دەیان شۆڕش و ڕاپەڕینی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان سەریان هەڵدا (وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، ئاگری، دەرسیم، و شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵات...هتد ) وەڵامی دەوڵەتەکانیش بۆ ئەم داواکارییانە هەمیشە ئاگر و ئاسن بووە، کە بۆتە هۆی شەهیدکردنی سەدان هەزار کورد، وێرانکردنی هەزاران گوند، و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.
٤- جینۆساید و گۆڕینی دیمۆگرافیا: بەهۆی ئەوەی پەیمانی لۆزان هیچ پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بۆ کورد نەهێشتەوە، دەوڵەتە سەردەستەکان دەستیان کراوە بوو لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە. کارەساتەکانی وەک(بۆردومانی دەرسیم- پرۆسەی ئەنفالی کورد- کیمیابارانی شێخ وەسانان و هەڵەبجە - ڕاگواستنی زۆرەملێ لە کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستان ) هەموویان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو بێدەنگییە نێودەوڵەتییە بوون کە پەیمانی نەگریسی لۆزان شەرعییەتی پێدابوو.
دەرەنجامی پەیمانی لۆزان برینێکە هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێت دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر پەیمانی لۆزاندا، ئەو لاپەڕانەی کە لەلایەن زلهێزەکانەوە واژوو کران، هێشتا ژیانی ڕۆژانەی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکەن، ئەگەرچی کورد بە بەرخۆدانێکی بێوێنە توانیویەتی ناسنامە و بوونی خۆی بپارێزێت و لە هەندێک بەشیشدا (وەک باشووری کوردستان) قەوارەی خۆی دروست بکات، بەڵام ئاسەوارە نەرێنییەکانی لۆزان(دابەشبوون، بێدەوڵەتی، هەڕەشەی بەردەوامی سەر نەتەوەکە) هێشتا وەک دێوەزمەیەک باڵی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کێشاوە.
مێژووش سەلماندوویەتی کە هیچ پەیماننامەیەک ناتوانێت ئاشتییەکی ڕاستەقینە بێنێتە ئاراوە ئەگەر لەسەر بنەمای زەوتکردنی مافی نەتەوەیەک بنیات نرابێت، هەتا ئەو کاتەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد نەدۆزرێتەوە ئەو زەنگەی لە لۆزان لێدرا، هەر بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی قەیران و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاسۆ جمیل شێخ وەسانی