شیکردنەوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی لەسەر "بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو (فۆسفۆری سپی) لە لایەن ئێرانەوە"))
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، ئاسایشی مەدەنییەکان و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە. لە درێژەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی جوولای ٢٠٢٦، هێرشێکی درۆنیی نوێ کرایە سەر یەکێک لە بنکەکانی سپای میللیی کوردستان سەر بە پارتی ئازادیی کوردستان (PAK). ئەم هێرشە تەنها دەستدرێژییەکی سەربازیی ئاسایی نییە، بەڵکوو بەهۆی بەکارهێنانی تەقەمەنیی تێکەڵ بە "فۆسفۆری سپی" کە سووتاندنی دڕندانەی مرۆڤ و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە کاتی شەڕدایە. ئەم ڕاپۆرتە شیکردنەوەیەکی یاسایی وردە لەسەر ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە، پاڵپشت بە دەق و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
---
یەکەم: بەڵگەکانی بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لە هێرشەکەدا
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، بەڵگەکانی بەکارهێنانی ئەم چەکە قەدەغەکراوە لەم خاڵانەدا کورت دەبنەوە:
1. پشکنینی پزیشکیی بریندارەکان: بینین و پشکنینی حاڵەتی ٩ پێشمەرگەی برینداری ئەم هێرشە درۆنییە، نیشانەکانی سووتانی قووڵی کیمیایی نیشان دەدەن کە تایبەتن بە ماددەی فۆسفۆر.
2. شێوازی ئاگرەکە: کەوتنەوەی ئاگری بەرفراوان لە ژینگە و تەواوی ئەو شوێنە مەدەنی و سەربازییەی کە بە ئامانج گیراوە، سروشتی سوتێنەری ئەم چەکە دەسەلمێنێت.
---
دووەم: چوارچێوەی یاسایی و ماددە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەکان
بەکارهێنانی تەقەمەنیی تێکەڵ بە فۆسفۆری سپی دژی مرۆڤ و ژینگە، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتییە:
1. پێشێلکردنی پرەنسیپی قەدەغەکردنی ئازاری ناپێویست: فۆسفۆری سپی دەبێتە هۆی سووتانی پلە سێ و چوار کە تا سەر ئێسکی مرۆڤ دەسوتێنێت. بەپێی ماددەی ٣٥، بڕگەی ٢ لە پڕۆتۆکۆلی زیادکراوی یەکەمی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ (Protocol I, 1977)، بەکارهێنانی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە ئازاری بێباکانە و ناپێویست لە جەستەی مرۆڤدا دروست دەکەن، بە تەواوی قەدەغەیە.
2. پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکاری و پاراستنی مەدەنییەکان: بەهۆی ئەوەی ئاگری فۆسفۆری سپی کۆنترۆڵ ناکرێت و بە شێوەیەکی کوێرکورانە بڵاو دەبێتەوە، بەکارهێنانی دژی بنکەیەک کە لە ناوچەی مەدەنی یان نزیک بە ژینگەی مەدەنی بێت قەدەغەیە؛ ئەمەش پێشێلکردنی ماددەکانی ٤٨ و ٥١ی پڕۆتۆکۆلی یەکەمە (Protocol I, 1977) کە جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی مەدەنییەکان دەکەنەوە، هاوکات هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆتۆکۆلی سێیەمی پەیماننامەی چەکە تەقلیدییەکان (CCW, 1980) تایبەت بە قەدەغەکردنی چەکە سوتێنەرەکان.
3. پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی (IHL): مامەڵەکردنی دڕندانە لەگەڵ مرۆڤ لە ڕێگەی چەکی کیمیایی و سوتێنەرەوە، دژایەتی تەواوی ماددەی ٣ی هاوبەشی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ دەکات (Geneva Conventions, 1949) کە داوای پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دەکات.
4. شێواندنی ژینگە: هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرێکی بەرفراوان لە سروشتی ناوچەکەدا، ئەمەش بە ڕوونی پێشێلکردنی ماددەی ٣٥، بڕگەی ٣ و ماددەی ٥٥ی هەمان پڕۆتۆکۆلە (Protocol I, 1977) کە زیان گەیاندنی توند و درێژخایەن بە ژینگەی سروشتی لە کاتی ململانێکاندا قەدەغە دەکات.
5. بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و تاوانی شەڕ: هێرشەکە لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای فەرمیی ئێرانەوە کراوە، بۆیە بەپێی ماددەکانی ١ و ٢ی پڕۆژەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان لەسەر کارە نایاساییەکان (International Law Commission, 2001) کارەکە دەخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران و بەپێی ماددەی ٨ی پێڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (Rome Statute, 1998) وەک تاوانی شەڕ پۆلێن دەکرێت.
---
سێیەم: داواکاری و ئەرکی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتەکان
بێدەنگی لە حاست بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان، ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە مەترسیدارانە خۆشدەکات. بۆیە پێویستە ئەم لایەنانە هەنگاوی یاسایی بگرنە بەر:
* کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، و ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت کە ئەم تاوانە بێوەڵام نەهێڵنەوە و هەنگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرن.
* کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC): داواکراوە وەک لایەنێکی بێلایەن بێتە سەر هێڵ بۆ دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکە و پشکنینی پزیشکیی بریندارەکان.
* حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاوەڕێ دەکرێت هەردوو حکومەت لە پێناو ئاسایش و مافەکانی هاووڵاتیان و ژینگەی خۆیان، بەرگریی لە دەستدرێژی و هێرشە سەربازییەکانی ئێران بکەن و دۆسیەکە بگەیەننە ناوەندە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان.
---
سەرچاوەکان (References) -
1. CCW (1980) Protocol on Prohibitions or Restrictions on the Use of Incendiary Weapons (Protocol III) to the Convention on Prohibitions or Restrictions on the Use of Certain Conventional Weapons, 10 October 1980, 1342 UNTS 137.
2. Geneva Conventions (1949) Geneva Convention Relative to the Protection of Civilian Persons in Time of War (Fourth Geneva Convention), 12 August 1949, 75 UNTS 287.
3. International Law Commission (2001) Draft Articles on Responsibility of States for Internationally Wrongful Acts, Yearbook of the International Law Commission, 2001, vol. II, Part Two.
4. Protocol I (1977) Protocol Additional to the Geneva Conventions of 12 August 1949, and relating to the Protection of Victims of International Armed Conflicts (Protocol I), 8 June 1977, 1125 UNTS 3.
5. Rome Statute (1998) Rome Statute of the International Criminal Court, 17 July 1998, 2187 UNTS 3

سەنار شێرۆكی