كاترین دیۆر داهێنەری بۆنی دیۆر
چیرۆكی كاترین دیۆر ئەو ژنەی لە پشت بەناوبانگترین بۆنی جیهانەوەیە، ئەوان چەندین كاتژمێر لەناو تشتێكی پڕ لە سەهۆڵدا ئەشكەنجەیان دا، چەند جارێك سەریان لە نێو ئاوەكەدا نوقم دەكرد تاكو نزیك دەبووەوە لە خنكان. سەرەڕای ئەمەش، تەنانەت وشەیەكی نەدركاند. ئەمە چیرۆكی ئەو ژنەیە كە لە پشت ناوبانگی بەناوبانگترین بۆنی جیهانەوە خۆی حەشار داوە، زۆربەی خەڵك كاتێك ناوی بۆنی «میس دیۆر» (Miss Dior) دەبیستن، ڕاستەوخۆ وێنەی شیكپۆشیی پاریسییان دێتە بەرچاو، بەڵام كەم نین ئەوانەی دەزانن ئەم بۆنە ناوی ژنێك هەڵدەگرێت كە تووشی ئەشكەنجەیەك بووە عەقڵی مرۆڤ توانای تێگەیشتنی نییە، ئەو ژنەی لەژێر كاریگەریی ئەشكەنجەی دەزگای هەواڵگریی نازی «گیستاپۆ»دا ڕەتی كردەوە ناپاكی لە هیچ كەسێك بكات. كاترین دیۆر لە ساڵی ١٩١٧ لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەندی فەڕەنسی لەدایك بووە، بەڵام قەیرانی ئابووریی گەورە (الكساد الكبیر) ئەو خۆشگوزەرانییەی كە تێیدا گەشەی كردبوو، لەناوبرد. چارەنووسی ئەو بۆ هەمیشە لە ساڵی ١٩٤١ گۆڕا، كاتێك لە شاری «كان» چاوی بە «ئێرفێ دی شاربۆنێری» كەوت. بە هۆی ئەوەوە، كاترین دۆزێكی بۆ دەركەوت كە زۆر لە ئاسوودەییی كەسیی خۆی گەورەتر بوو، ئەویش «بەرگری» بوو.
