د. ئەمجەد عوبەید مامۆستای زانكۆ لە دهۆك: پەكخستنی پەرلەمان، نیشانەی شكستێكی گەورەیە لە پڕۆسەی بنیادنانی دەوڵەتدا
هەرچەندە ئەم نەتەوەیە لە مێژوودا ڕووبەڕووی دژوارترین ستەم و چەوسانەوە بووەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو زۆرداری و نەهامەتییەكان، دواجار توانیویەتی زمان، فۆلكلۆر، قەوارە و بوونی نەتەوەیی خۆی لەنێو ئەو دەوڵەتانەی پێیدا دابەشكراوە بە زیندوویی ڕاگرێت.
نەبوونی سیستەمێكی پەروەردەیی نیشتمانیی یەكگرتوو و هێزێكی چەكداری یەكگرتوو، مەترسییەكی ڕاستەقینەیە. ئەگەر لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، ئێمە لە جیاتی سوپایەكی نیشتمانی خاوەنی هێزی حزبین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی هەڕەشەیەكی گەورەیە. جگە لەوەش، پەیوەندیی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەكان لەگەڵ هێزە حزبی و جیاوازەكان بە شێوازێكی تەندروست و ڕێكوپێك بەڕێوە ناچێت، كە ئەمەش هەرگیز لە بەرژەوەندیی گەلی كورد و بەتایبەت هەرێمی كوردستاندا نابێت.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بیەوێت لە ڕێگەی بنیادنانی دامەزراوە نیشتمانییەكانەوە سەقامگیریی سیاسی دەستەبەر بكات، دەبێت سەركەوتوو بێت، بەڵام پەكخستنی پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی گرنگی نیشتمانی كاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت، و نیشانەی شكستخواردنی گەورەی پڕۆسەی دەوڵەتسازییە. بێگومان پەرلەمان یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی شۆڕشەكانی سەدەی ڕابردوو بووە بۆ كورد، بەڵام بەداخەوە ئێستا كارەكانی پەك خراون، ئەمەش كۆمەڵێك لێكەوتەی مەترسیداری بەدوای خۆیدا هێناوە. گرنگترینیان، لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتییانە بە سیستمی دیموكراسی، چونكە تاك كاتێك دەنگ دەدات، هیوای بە كارابوونی پەرلەمان و حكومەت هەیە، بەڵام ئێستا ئەو هیوایە لەدەستچووە. مەترسیی دووەم كە هاووڵاتییان هەستی پێدەكەن، گەڕانەوەی دووئیدارەییە لە چوارچێوەی دوو زۆنی دیاریكراودا. هەروەها پێگەی هەرێم لە دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا لاواز دەبێت، لەوەش گرنگتر، قورسایی و پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پاشەكشە دەكات.
سەبارەت بە پێشخستنی بەرژەوەندیی حزبی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنەكان بە یەك چاو نادادپەروەرییە، چونكە ڕوونە كە هەندێك حزب زۆرجار بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان لە پێناو دۆزی باڵای نەتەوەكەدا قوربانی كردووە، لە كاتێكدا لایەنی دیكە هەن، ئەم دۆخە بۆ فەرزكردنی بەرژەوەندییە حزبییەكانیان بەكاردەهێنن. ئەگەر ڕاشكاو بم، بە بڕوای من پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین حزبە كە هەمیشە بەرژەوەندیی خۆی و لایەنگرانی وەلا ناوە لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەی كورددا.
پارتە سیاسییەكان دەتوانن هاوسەنگی لەنێوان پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان و دۆزی نیشتمانیدا دروست بكەن. ئەگەر سەیری پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم حزبانە بكەین، دەبینین زۆر ڕێك و پێشەنگن، بە جۆرێك ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بكرێن، ژیان دەبێتە بەهەشت، بەڵام مخابن لەسەر زەمینی واقیع و لە كرداردا دۆخەكە بەو شێوازە نییە.
لە قۆناغی ئێستای جیهاندا، سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە. پێویستە لایەنی كوردی تەواوی هەوڵی خۆی بدات تا بەرژەوەندیی دەوڵەتانی زلهێز لەگەڵ دۆزە ڕەواكەی خۆیدا هاوتەریب بكات، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ئامانج و دروشمانەی كە هەمانە بە شێوازێكی سەركەوتووانە بەدیبهێنین.
