د. كاروان ساڵح وەیسی لە زانكۆی زاخۆ: لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆرجار بەرژەوەندیی حزبی و تەسكی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانی و مافە گشتییەكانی خەڵكەوە

د. كاروان ساڵح وەیسی  لە زانكۆی زاخۆ:     لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆرجار بەرژەوەندیی حزبی و تەسكی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانی و مافە گشتییەكانی خەڵكەوە

 

 

 بوونی پەرلەمانێكی كارا لە هەر وڵات و قەوارەیەكدا، یەكێكە لە نیشانە هەرە سەرەكییەكانی گەشەسەندن و دیموكراسیەت. لەم سۆنگەیەوە نەبوونی، یان پەككەوتنی دامەزراوەی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا، كاریگەرییەكی قووڵ و نەرێنی لەسەر ڕەوتی پێشكەوتنی سیاسی لەسەرجەم ئاستە جیاوازەكاندا دروست كردووە. ئەم دۆخە نەك تەنیا زیانی بە لایەنی یاسایی و شەرعییەتی دامەزراوەكان گەیاندووە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆشی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارە گشتییەكان هەبووە، بە جۆرێك كە سستی و ناڕوونی لە ڕاپەڕاندنی كاروبارە كارگێڕییەكاندا بەدی دەكرێت.

لە ڕەهەندێكی دیكەوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی سیاسی و دەستووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بەرانبەر حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و وڵاتانی ناوچەكەدا. بەغدا لە زۆر كاتدا ئەم جۆرە بۆشاییە یاساییانە دەقۆزێتەوە تا لە ڕێگەی فشارە جیاوازەكان و بەكارهێنانی كارتە سیاسییەكانەوە، هەوڵی پاشەكشەپێكردن بە پێگەی هەرێم بدات. نەبوونی دەسەڵاتێكی بەهێزی چاودێری وەك پەرلەمان، ڕێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەرەوەی هەرێم بە ئاسانی دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیدا بكەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا وەك قەوارەیەكی فیدڕاڵی ناسراوە، بەڵام نەبوونی پەرلەمانێكی چالاك دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان لەلای وڵاتانی ڕۆژئاوا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە بنەما دیموكراتییەكانی ئەم هەرێمە؛ بە شێوەیەك كە پرسیار لەسەر هۆكارەكانی پەككەوتنی پرۆسەی پەرلەمانی لەم ناوچەیەدا دروست دەكەن.

ئەم واقیعە گوزارشت لەوە دەكات كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆرجار بەرژەوەندییە حزبی و تەسكییەكانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و مافە گشتییەكانی خەڵكەوە. بۆیە پێویستییەكی هەنووكەیی هەیە كە هێزە سیاسییەكان بە گرنگییەوە لەم بارودۆخە بڕوانن؛ چونكە بوونی پەرلەمانێكی كارا بناغەی سەرەكییە بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی گشتگیر و پاراستنی شەفافییەت لە كارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا. پەرلەمان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئیرادەی گەل دەكات و دەتوانێت پەیامی ڕەوای كورد بە شێوازێكی فەرمی بگەیەنێتە جیهان. بە پێچەوانەوە، دواخستنی كارەكانی، كاریگەریی نەرێنی و درێژخایەن لەسەر تەواوی جومگە سیاسی، كارگێڕی و ئابوورییەكانی هەرێم دروست دەكات.

Top