ڕەسەنایەتی لە سەرووی پێگەکانەوەیە

ڕەسەنایەتی لە سەرووی پێگەکانەوەیە

 

(*)

پێش ئەوەی پلە و پۆستەکانمان جێی سەرنج و ڕێز بن، خودا، خاک، ڕەوشت، و مێژوو؛ بەرزترین سەرمایە و ناسنامەی هەتاهەتاییی ئێمەن."
لە جیهانێکدا کە زۆرجار مرۆڤەکان بەپێی پلە، پۆست و پێگە کاتییەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، پێویستە هەمیشە ڕاستییەکی بەهادار لە یاد نەکەین: ناونیشانە ڕووکەشییەکان تێپەڕن، بەڵام بەها ڕەسەنەکان هەتاهەتایین.
پۆست و پلەداری تەنیا ڕاسپێردراوییەکی کاتیین، بەڵام ئەوەی سەنگ و قورسایی ڕاستەقینە دەبەخشێتە مرۆڤ، ئەو کۆڵەکانەن کە ناسنامەی پێکدەهێنن. ئیمان بە خودا ئارامی و ویژدانی زینوومان پێدەبەخشێت، وەفاداری بۆ خاک ڕەگ و ڕیشەمان لە مێژوودا دادەکوتێت، ڕەوشتی بەرز ڕێز و خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە دڵی خەڵکدا دەچێنێت، و مێژووش بیرخەرەوەی شانازی و سەربووردەی نەتەوەکەمانە.
پلە و پۆست کاتێک بەهاداری ڕاستەقینە وەردەگرن کە ببنە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی ئاین و نیشتمان. کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی پێگەکەیەوە بە پاکی، دەستپاکی و ڕاستگۆیی کار دەکات، ڕەوشتی بەرزی لە تەواوی ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و دەبێتە جێی متمانە و ڕێزی بێسنووری ناو خەڵک.
جگە لەمەش، نابێت هەرگیز مێژوومان لە یاد بچێت؛ ڕابردوو ڕێنماییمان دەکات و داهاتووش دەبێتە شاهێد بەسەرمانەوە. دەبێت بە کار و هەڵوێستە جوانەکانمان مێژوو بۆ خۆمان و خاکەکەمان تۆمار بکەین، تاوەکو سبەی لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا ناومان بە پاکی و کارەکانمان وەک بەرهەمی چاکە لە یاد بمێننەوە.
با هەمیشە ئەوە بنەمای ژیانمان بێت؛ گەورەییی خۆمان لە پۆستەکاندا نەبینینەوە، بەڵکو پێگەکانمان بکەینە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی ئەو بەها بەرزانەی کە ناسنامەی ڕاستەقینەی ئێمەن.

 

 

(*)کارگێڕی لقی ٢٣

Top