ئیان لەستیك پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان: شەڕی ئەمریكا و ئێران هاوكێشەی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕیوە

ئیان لەستیك  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان:  شەڕی ئەمریكا و ئێران هاوكێشەی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕیوە

 

 

ئیان لەستیك، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان كە لە زانكۆی كالیفۆڕنیا بەدەستی هێناوە، ئێستاش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا و وانەبێژی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرفراوانبوون و داكشانی دەوڵەتان و چەند بوارێكی دیكەیە. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە بواری سیاسەتی بەراوردكاری و سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، لەگەڵ جەختكردنەوە لە كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئیسرائیل و فەلەستین. گوڵان چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تێیدا ئەم پڕۆفیسۆرە تیشك دەخاتە سەر یەكێك لە هەستیارترین بابەتەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ئێستادا، واتە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران دوای ئاگربەستی نێوانیان، بەتایبەتی لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەم ئاگربەستەش پێشێل كراوە و هەردوولا گورزی سەربازییان دژی یەكتر بەكار هێنا، هەروەها كاریگەریی ئەو دۆخە لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی كە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، هێشتا هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناكۆكییەكە، وەك پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، سزا ئابوورییەكان، پێگەی هەرێمایەتیی تاران و پرسی پەیوەست بە ئیسرائیلەوە، چارەسەر نەكراون. لەم گفتوگۆیەدا، پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوە و ئەزموونی زانستیی خۆی، هەوڵ دەدات ئەوە ڕوون بكاتەوە كە ئایا دەتوانرێت كار بكرێت بۆ هێنانەئارای بناغەی ڕێككەوتنێكی سیاسیی درێژخایەن، هەروەها، باس لە گۆڕانكاریی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە و سنووری كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەمریكا و ئەگەرەكانی دروستبوونی سیستمێكی نوێی ئاسایشی هەرێمایەتی دەكات. ئەم چاوپێكەوتنە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لەو ئاڵۆزییانەی كە چارەنووسی ناوچەكە لە ساڵانی داهاتوودا دیاری دەكەن.

 

* ڕاوەستانی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران ئەگەری شەڕێكی بەرفراوانی كەمتر كردەوە لەم ناوچەیەدا، بەڵام ئەوەتا هەردوولا هێرشیان كردەوە سەر یەكتری، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە هێشتا كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە یەكلا نەكراونەتەوە. بە دید و تێڕوانینی ئێوە، ئایا ئەو فاكتەرانە چین كە دەبێت لەبەرچاویان بگرین، كە دەبنە هۆی ئەوەی پابەندبوون بە ئاگربەستەكە دووبارە بكرێتەوە، بە چەشنێك كە سەربكێشێت بۆ چارەسەرێكی سیاسیی درێژخایەن؟

- لە ڕاستیدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كەسێكی هێندە پێشبینی نەكراوە كە ناتوانن لەسەر بنەمای سیاسەتەكانی شرۆڤەكاری بۆ بارودۆخەكە بكەین، لە هەمان كاتدا بۆی هەیە سەركردایەتیی ئێرانیش گۆڕانكاری بەسەردا بێت، لە ئیسرائیلیش بنیامین نەتنیاهۆ لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە، ئەگەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەو وڵاتەكە بدۆڕێنێت. كەواتە دۆخەكە وەك بارێكی مەترسیدار دەمێنێتەوە ئەگەر كارێك نەكرێت ئیسرائیل سڵ بكاتەوە لە بەكارهێنانی باڵادەستیی سەربازیی خۆی لە ناوچەكەدا و دەست هەڵنەگرێت لە بەكارهێنانی سەنگ و قورسایی خۆی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە سیاسییە بنەڕەتییەكان لە ڕێی پەنابردنەبەر هێز و ناچاركردنەوە، هەروەها ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمایەتییەكان ڕۆڵێكی چالاكتر لە پشتیوانیكردنی گفتوگۆی سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە نەبینن، ئەوا ئاڵۆزی و توندوتیژی لە ناوچەكە هەر بەردەوام دەبێت و دۆخی نائارامی درێژە دەكێشێت.

* ئێوە لە توێژینەوەكانتاندا باستان لەوە كردووە كە زۆربەی جار سیاسەتداڕێژەران هەڵەتێگەیشتنیان هەیە بۆ بارودۆخە سیاسییەكەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی پشتبەستوون بە كۆمەڵێك بیرۆكەی بەسەرچووی پەیوەست بە ستراتیژیەتەوە، كەواتە ئایا شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەكەدا گۆڕیوە، یان ئێمە شایەتحاڵی گەڕێكی دیكەی بارگرژی و سەرهەڵدانی ناكۆكی دەبین، بە چەشنی ئەوەی لە ڕابردوودا بەدیمان كرد؟

- ئێمە دەزانین كە دەرئەنجامی ئەو شەڕەی ڕووی دا و ئەم بارگرژییانەی هەن، بوونەتە هۆی ئەوەی كاراكتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان پێداچوونەوە بە میسداقییەتی هەڕەشەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن، بۆ پەنابردنەبەر بەكارهێنانی هێز، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە لاوەكییەكانی لە ناوچەكەدا، هەروەها ئەم پەرەسەندنانە تێڕوانینێكی تایبەتی لە ئاست ئیسرائیدا چەسپاند. بە هەمان شێوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ئەمریكا چەند هەستیارە لە بەرانبەر تێچوون و دەرئەنجامە سیاسی و ئابوورییەكانی ئەم شەڕە لەسەر ناوخۆی وڵاتەكە، ئەوەشی دەرخست كە چۆن بە ئاسانی دەكرێت دەوڵەتە عەرەبییەكانی ناوچەی كەنداو سڵیان پێ بكرێتەوە لە ڕێی دروستكردنی مەترسی لەسەر شێوازی ژیانی پڕ لە خۆشگوزەرانی هاووڵاتییەكانیان، ئەوەی بۆ ڕوون كردنەوە كە چەند پشتبەستن بە پشتیوانی و پارێزگاریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل مایەی مەترسییە. ئەوەی لەم ڕووەوە گرنگە بیڵێین ئەوەیە كە پێوستە لە مەودا و ئایندەی دووردا دروستكردنی ناوچەیەكی خاڵی لە چەكی ناوكی بكرێتە پرس و بابەتێكی بنەڕەتی، هەروەها ئەم ئەزموونە هانی زۆرێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە دەدات، زیاتر سەرنج بدەنە هەماهەنگیی سیاسی، دڵنیابوون لە ئاسایشی هاوبەش، كەمكردنەوەی پشتبەستن بە هێزی سەربازیی دەرەكی، گەشەپێدانی میكانیزمە هەرێمایەتییەكان بۆ چارەسەركردنی ململانێ و قەیرانەكان بە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی بەردەوام. 

* ئاشكرایە كە ئەم ئاگربەستەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران ئومێدی ئەوەی دروست كرد، كە گفتوگۆ جێی شەڕ و پەنابردنەبەر بەكارهێنانی هێز بگرێتەوە، بەڵام هێشتا ناكۆكیی گەورە ماونەتەوە، ئەوەتا لەم ڕۆژانەی دواییدا دووبارە هێرشی سەربازییان كردەوە سەر یەكتری، ئەوەتا ناكۆكی لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران هەر یەكلا نەبووەتەوە، لەگەڵ پرسی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئەو وڵاتە و پێگەی ئێران لە ناوچەكەدا، ئایا پێتانوایە چ كێشەیەك ئالنگاریی گەورەی دەبێت لەبەردەم گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی درێژخایەن؟ ئایا دەكرێت لە ڕووی سیاسییەوە چ ڕێگەچارەیەك سەركەوتوو بێت؟

- من پێموایە ئەوەی ئێوە ناوتان ناوە «چارەسەری درێژخایەن»ئەگەری هاتنەئارای نابێت، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دید و تێڕوانینی خۆی لە بارەی ئێرانەوە نەگۆڕێت، هەروەها دەكرێت ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی ڕێككەوتنی پێشووی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران بێتە ئاراوە، ئیدی بە شێوەیەكی فەرمی واژۆ بكرێت، یان نا، هەروەها گرتنەبەری سیاسەتێكی سەختگیرتر لەلایەن ئەمریكاوە لە ئاست ئیسرائیلدا دەبێتە هۆی ڕێگریكردن لە هەڵكشانی بارودۆخەكە. هەرچۆنێك بێت پرسەكانی پەیوەست بەوەی كێ كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەكات و كێ سوودمەند دەبێت لە هاتووچۆی بازرگانی لێی و ناكۆكیی ئیسرائیل و ئێران لەبارەی لوبنانەوە و دۆخی نالەباری كەرتی غەززە، پێمان دەڵێن كە هێشتا چەندین كێشە ماون و بەردەوام بەرۆكی ئەم ناوچەیە دەگرن. كەواتە چارەسەری ئەم قەیرانانە پێویستی بە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، متمانەسازی، گفتوگۆی بەردەوام و ئیرادەیەكی سیاسی هەیە، تاكو بتوانرێت هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن، نەك تەنیا كار لەسەر دەرهاویشتە سەربازییەكانیان بكرێت.

* ئێوە لە نووسینەكانتاندا زۆر باس لەو كێشە چاوەڕواننەكراوانە دەكەن كە بە هۆی سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیراونەتەبەر، ئایا شەڕی ئەم دواییەی ئەمریكا لەگەڵ ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی لە مەودای دووردا پێگەی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بەهێزتر بێت، یان لاوازتر؟

- بە دڵنیاییەوە ئەم شەڕە و دەرئەنجامەكانی بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە و بەرچاو بوونەتە هۆی لاوازكردنی پێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، ئەوەتا ئەمریكا لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە كە بنكە سەربازییەكانی خۆی لە ناوچەی كەنداودا لەدەست بدات، ئەوەتا گیری خواردووە لە نێوان توركیا، كە هاوپەیمانێتی لە ناتۆ و ئیسرائیل، كە گروپەكانی گوشاری ئیسرائیل لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێشتا تەواو دەستڕۆیشتوون. بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوونەتە هۆی لاوازكردنی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، كەمبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەت و پانتاییەك دەستەبەر دەكات، بۆ ئەو لایەن و كاراكتەرانەی توانای پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانەیان هەیە. بۆی هەیە هێزە هەرێمایەتییەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكانی وەك چین و ڕووسیا، هەوڵ بدەن دەستڕۆیشتوویی سیاسی و ئابووری و سەربازیی خۆیان لە ناوچەكەدا فراوانتر بكەن و ڕۆڵێكی كاریگەرتر لە ڕێكخستنی هاوكێشە نوێیە هەرێمایەتییەكاندا بگێڕن.

* ئەگەر لە پێنج ساڵی داهاتوو بڕوانین، ئایا پێتانوایە سیستمێكی سەقامگیرتری ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتە ئاراوە، یان ئەوەتا ئێمە بەرەو ڕۆژگارێكی دوور و درێژی ململانێ و قەیران و تەنگژە هەنگاو دەنێین؟

-من بەڵگەیەك نابینم ئومێدی ئەوەم پێ ببەخشێت كە لە ماوەی پێنج بۆ دە ساڵی داهاتوو دۆخی ئەمنیی ناوچەكە باشتر و سەقامگیرتر دەبێت، بەڵام ڕەنگە ئەو باوەڕە لای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بێتە ئاراوە كە چیتر ناتوانن كێشە سیاسییە گەورە و بنەڕەتییەكان بە شێوەیەكی خێرا یەكلا بكەنەوە، یان لە ڕێی گرتنەبەری هێزی سەربازییەوە چارەسەری بكەن.

Top