هۆكاری یەكەمی مردنی پیاوان
نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ بە هۆكاری یەكەمیی مردنی پیاوان لە سەرتاسەری جیهاندا دادەنرێت، كە نزیكەی 25%ی حاڵەتەكانی مردنی پیاوان پێك دەهێنێت. نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ Coronary Artery Disease بە شێوەی تێكچوونی خوێنبەرێك، یان زیاتر كە تووشی تەسكبوونەوە یان گیرانی تەواو دەبن، ئەمەش ڕێگە لە گەیشتنی خوێن و ئۆكسجین بە ماسوولكەی دڵ و بەشەكانیتری لەش دەگرێت. هۆكاری سەرەكیی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ بریتییە لە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، واتە نیشتنی چینێك لەسەر ناوپۆشی خوێنبەردا كە لە ماددەی چەوری، كۆلیستیڕۆڵ، پاشماوەی خانە و كالسیۆم پێك دێت. نیشانەكان: سینگ ئێشە و هەستكردن بە فشار لەسەر سینگدا، هەناسەتەنگی، بێهێزی، ئارەقەی سارد، هەروەها ئازار لە قۆڵ، شان یان شەویلاك. ئاكامەكان: نۆرەی دڵ، پەككەوتنی دڵ، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها جەڵتەی مێشك.
