واقیعبینی وەک ڕێگای چاکسازی
زاناو فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی (سوقرات) دەڵێ"سەرەتای دانایی، ناسینی خۆت و دانپێدانانە بە نەزانیدا".
ئەو وتە قوڵە پێمان دەڵێت كە چاكسازی ڕاستەقینە و بونیادنانی مرۆڤ لە رووبەڕووبوونەوەی ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانەی واقیعەوە دەست پێدەكات. نەك خۆدزینەوە و شاردنەوەی كەموكوڕی و نەنگیەكان.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا گەورەترین تەحەددا كە رووبەڕووی كۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمییەكان دەبێتەوە، دیاردەی چەواشەكاری و شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی كێشە ڕیشەییەكانە لە پشت دروشمی بریقەدار و بێ ناوەڕۆك و ڕاپۆرتی ڕازاوەی ساختەوە كە دەرئەنجامەكەی تەنیا و تەنیا دواخستنی چارەسەر و قووڵكردنەوەی قەیران و كێشەكانە. كاتێك باسی نا واقیعبینی و چەواشەكاری دەكەین بگرە لە سەر ئاستی پەیوەندییە كەسییەكانی نێوان دوو كەس و زیاتر یان لە سەر ئاستی خێزان و دامەزراوە كارگێڕییەكاندا هەمووی هەمان دەرئەنجامی خراپ و لێكەوتەی نائاسایی دەبێت، چونكە ئاشكرایە كە چەواشەكاری و پیاهەڵدان و شاردنەوەی ڕاستیەكان ڕەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی سیمایەكی جوان بە كێشە و پەیوەندییەكان ببەخشێ، بەڵام لە كۆتاییدا رووبەڕووی دیواری ڕەقی واقیع و ڕاستی دەبێتەوە، بێگومان لە سەر هەموو ئاست و پەیوەندییە كەسییەكان و لە سەر ئاستی كارگێڕیی و دامەزراوە حكومیەكانیشدا چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستیەكان گەورەترین متمانە كوژە ،لە هەر شوێنێكدا كاتێك متمانە نەمێنێ هەوڵدان و كۆشش و گەرم و گوڕی داهێنان سارد دەبێتەوە و نامێنێ. بۆیە گرنگە لە هەر شوێنێكدا دانا و ڕاستی و واقیع بۆ ڕازیكردنی بەرپرسان و دامەزراوەكان نەبێت یان بۆ چەواشەكردن و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی نەبێت، چونكە لەوێدا چاكسازی و داهێنان دەمرێت. لە بیرمان نەچێت واقیعبینی كارگێڕیی واتە بینینی كێشەكان وەكو خۆیان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی لە ڕێگەی پلانی ستراتیژی دوورمەودا و، وە تێپەڕاندنی هەموو تەنگژەیەك پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و یەكلاكەرەوە هەیە دوور لە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە لابەلاكان و دڵ ڕازی كردنی كەسانی دڵناسك و لەرزۆك و هاوبەرژەوەندی بەردەوام.
لێرەدا گرنگە لە پەروەردە لە قوتابخانەكان لە پۆلەكانی خوێندن قوتابییە ئازیزەكانمان كە نەوەی دوا ڕۆژی كوردستانن پەروەردەیان بكەین لە سەر واقیعبینی بەردەوام و ڕاستی شتەكان و دووركەوتنەوەیان لە چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستیەكان، چونكە كوردستان و نیشتمان پێویستی بە كەسانی بەهێز و ئازا و واقیعبین هەیە، نەك كەسانی داردەستە و لەرزۆك و چەواشەكار و بەرژەوەندخواز. ماوەتەوە بڵێم كە داهاتوو پاشەڕۆژ بۆ ئەو كەس و تاك و كۆمەڵگە و دامەزراوانە نییە كە لە ناو وەهمی سەركەوتنی كاتی و چەواشەكاری دەژین. بەڵكو بۆ ئەوانەیە كە بە چاوی واقیعیەوە كێشەكان دەست نیشان دەكەن و بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و زانستی ڕێگە بۆ چاكسازی و سەركەوتن خۆش دەكەن. چونكە بونیادنانی نیشتمان، بونیادنانی كوردستان لە سەر بنەمای ڕاستی هەمیشە بەهێزتر و بەردەوام ترە لە ڕاگرتنی لە سەر پایەكانی وەهم و خەیال و چەواشەكاری ...
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن