كورد و سایكۆلۆژیاى گه‌نم
ئێمه له كۆتایى وه‌رزى دروێنه‌ى دانه‌وێڵه‌ى گهنمداین و كورد ڕابردوویه‌كى دوور و درێژى له‌گه‌ڵ گه‌نمدا هه‌یه. یۆوال نوح هارارى (Yuval Noah Harary)مێژووناس و بیرمه‌ندى هاوچه‌رخ و مامۆستاى زانكۆ له به‌رهه‌مه‌كانى خۆیدا به‌تایبه‌ت (ساپیێنس:كۆرتهیهكى مێژوویى له باره‌ى مرۆڤایه‌تى)(Sapiens: A brief history of Humanity ) ئاماژه به‌و راستییه ده‌كات كه به‌ر له 9500 ساڵ پێش ئێستا له‌و شوێنه‌ى كه ئێستا ده‌كه‌وێته باكوورى كوردستان، به‌ناوى (گۆبكلى ته‌په)، له ناوچه‌یه‌ك به‌ناوى گردهكانى (كاراجاداغ) بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا گه‌نم به‌رهه‌مهێنراوه، كه ئه‌و دوو ناوچه‌یه 30 كیلومهترى چوارگۆشه له یه‌كترى دوورن و چاندن و به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم بۆ ئه‌و هه‌موو مرۆڤانه بووه كه له‌و ناوچه‌یه‌دا كارى دروستكردنى پهرهستگهیهكى مه‌زنیان ده‌كرد. له‌م كاته‌دا بووه كه بۆ یه‌كه‌م جار مرۆڤى هۆمۆساپیێنس وازى له ژیانى نێچیروانى و ڕاوكردن هێناوه و ڕه‌نج و ماندووبوونى كشتوكاڵ قبووڵكردووه، و ئه‌و بیرمه‌نده ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات كه له توێژینه‌وه‌كانى جێنێتیكیى سه‌ر گه‌نم له سه‌رتانسه‌رى جیهان ئه‌نجامدراوه ده‌ركه‌وتووه كه هه‌موویان به‌رماوه‌ى هه‌مان ئه‌و گهنمهن كه بۆ یه‌كه‌مجار له كوردستان به‌رهه‌م هاتووه.
ئه‌و بابه‌ته به‌رده‌وامیى ئه‌و نزیكاتییهیه كه كورد له‌گه‌ڵ سروشتدا هه‌یبووه، و پسپۆرانى كۆمه‌ڵناسى كورد وه‌ك دكتۆر ئه‌حمه‌د مه‌حمود خه‌لیل (2013) له به‌رهه‌مێكى خۆیدا به‌ناوى (كه‌سایه‌تى كوردى) ئاماژه‌ى پێداوه و ده‌ڵێ كه ته‌نانه‌ت جه‌ژن و بۆنه‌كانى كورد په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزیان به سروشته‌وه هه‌یه و له باوه‌ش و دامێنى سروشت و به‌تایبه‌ت شاخه‌كاندا هه‌ڵكه‌وتووه، و ئه‌وه‌ش بۆ سروشتى ژینگه‌ى جۆگرافیى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شاخ و كێ‌و، كانى، دار و دره‌خت و گژ و گیا، گیانه‌وه‌رانى كێوى و خۆماڵى، ده‌شت و باخ و باخچه و ڕه‌ز و له‌وه‌رگه، و رووباره‌كان له‌خۆده‌گرێ.
پرۆفیسۆر دكتۆر حێسام نۆزه‌رى (Hessam Nowzari) پسپۆرى بایۆلۆجى له زانكۆكانى فره‌نسا و تایوان، ده‌ڵێ كاتێك كه بۆ یه‌كه‌مجار به‌ر له نزیكه‌ى 200000 ساڵ مرۆڤى هۆمۆساپیێنس له گه‌شته مێژووییه‌كه‌ى خۆیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ى زێدى خۆیان، واته كینیاى ئه‌فریقا، هاتووه نیمچه دوورگه‌ى عه‌ره‌بستان و دواتر له شاخه‌كانى زاگرۆسى كوردستان، به‌تایبه‌ت شاخه‌كانى ناوچه‌ى به‌ختیارى و لۆرستان، گیرساوه‌ته‌وه، و هه‌ر له‌وێ نزیكه‌ى ده‌هان هزار ساڵ به‌رده‌وام بووه له كۆچهرایهتى و گه‌ڕان و سوڕان له ژینگه‌ى سروشتى و جۆگرافیاى ده‌وروبه‌رى خۆى و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و به‌ر له‌وه‌ى بچێته ناوچه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك ئه‌وروپا و ئاسیاى رۆژهه‌ڵات، كولتوور و زمانى بنیات ناوه و ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته ملیۆنان كه‌س، له كاتێكدا كه له جارى یه‌كه‌م كه لێره‌دا جێگیر بووه ژماره‌یان له نیچوان 150 تا 1000 كه‌س بووه. هه‌ر ئه‌و پسپۆره له به‌رده‌وامى توێژینه‌وه و به‌دواداچوونه‌كانى خۆیدا له‌و بڕوایه‌دایه كه ئه‌و جیهانه‌ى كه ئێمه تیایدا ده‌ژین و ماوه‌ى به‌ر له نزیكه‌ى 14 ملیار ساڵ له دیارده‌یه‌كى سه‌رسۆڕهێنه‌ر به‌ناوى بینگ به‌نگ (Big Bang) سه‌ریهه‌ڵداوه تا ئه‌و كاته‌ى كه نزیكه‌ى 3 ملیار و 850 ملیۆن ساڵ به‌ر له ئێستا كه بۆ یه‌كه‌مجار ژیان له تێكه‌ڵبوونى چه‌ند ماده و ئه‌تۆم و كانزا دروست بووه و دواجار له شێوه‌ى بهكترییهك گه‌شه‌ى كردووه و به ملیۆنان گیانه‌وه‌رى زیندوو، هه‌ر له گژ و گیا و دره‌خت و دار، تاوه‌كو ملیۆنان گیانه‌وه‌رى زیندوو، وه‌ك ماسى، باڵنده، و مهمكدار و ... هتد، دروستبوونه، هه‌موویان له یه‌ك خاڵدا هاوبه‌شن و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌و شتانه و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى زیندوون له ماده و تۆخم و ره‌گه‌زى هاوبه‌ش په‌یدا بوونه و دروستكراون. هه‌ر ئه‌وه‌یه هانى ئه‌و پسپۆره ده‌دات كه دان به‌و راستییه زانستییه بدات كه گۆى زه‌ویش زیندووه و هه‌ناسه ده‌كێشێ، و گیانه‌وه‌ر و دار و دره‌خت و گژ و گیایه‌كان هه‌موویان له هه‌ندێ شت‌دا و به‌تایبه‌ت له DNA دا هاوبه‌شن و هه‌موویان خاوه‌ن DNA ن. به‌واتایه‌كى دیكه DNA كاتژمێره بایۆلۆجیهكهى جیهانه كه ژیان تێیدا تۆمار كراوه و نووسراوه، هه‌ر بۆیه كاتێك كه له رێگه‌ى ته‌كنه‌لۆژیاى پێشكه‌وتووى هاوچه‌رخ، كه له سایه‌ى پێشكه‌وتنى زانست له سه‌ر ده‌ستى زانایانى رۆژئاوا هاتووه‌ته‌دى، ده‌رده‌كه‌وێ كه گه‌نمى ته‌واوى جیهان له كوردستانه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، نابێ پێمان سه‌یر بێ كه زینده‌وه‌ره‌كانى جیهان له زۆر شت‌دا هاوبه‌شن.
ئه‌و كاته‌ى كه به‌ر له 20 ساڵ بۆ خوێندنى دۆكتۆرا له زانكۆى حكومی په‌روه‌رده‌یى مۆسكۆ وه‌رگیرام، رۆژێكیان مامۆستایه‌كى زمانى رۆسى ڤیدیۆیه‌كى سه‌رنجڕاكێشى هێنابوو تاوه‌كو فێرى زمانى رۆسى ببین، و ناوى فیلمه دۆكیۆمێنتارییه‌كه "ئاو" بوو، كه به‌شێكى زۆر سهرسۆڕهێنهرى تێدا بوو. زانایه‌كى ژاپۆنى تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى له سه‌ر دانه‌وێڵه‌ى گه‌نم ئه‌نجامدابوو. ئه‌و له سێ ژوورى جیاواز به‌ڵام هاوشێوه له رووى پله‌ى گه‌رما، رووناكى، شێ، خاك سێ شوێنى بۆ چاندنى گه‌نم ده‌ستنیشان كردبوو. له كاتێكى دیاریكراو و له‌گه‌ڵ یه‌ك و یه‌ك كاتى نزیك یه‌ك سه‌ردانى ئه‌و سێ ژووره‌ى ده‌كرد و ئه‌و گه‌نمه‌ى كه چاندبووى ئاوده‌دا، و له‌گه‌ڵ ئاودانهكهدا سێ جۆره ره‌فتارى ده‌كرد. گه‌نمى ژوورى یه‌كه‌م كه سه‌مپڵ و نموونه‌ى كۆنترۆڵكراو بوو هیچ قسه‌یه‌كى نه‌ده‌كرد ته‌نها به شێوه‌یه‌كى ئاسایى كارى ئاودانهكهى ده‌كرد و ده‌رده‌كه‌وت. له ژوورى دووه‌مدا له كاتى ئاودانى گه‌نمه‌كه‌دا قسه‌ى نه‌شرین و تووڕه‌یى له‌گه‌ڵ گه‌نمه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنا و جنێوى پێیانده‌دا. له ژوورى سێیه‌م له كاتى ئاودانى گه‌نمه‌كانى نێو گوڵدانهكهدا قسه‌ى جوان و خۆشى ده‌كرد و به رووخۆشى و زه‌رده‌خه‌نه هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵ گهنمهچێنراوهكهدا ده‌كرد. دواى ماوه‌یه‌ك ئه‌نجامه‌كان زۆر سه‌رسۆڕهێنه‌ر بوون. نموونه‌ى یه‌كه‌م وه‌ك هه‌ر گه‌نمێكى ئاسایى گه‌شه‌یه‌كى ئاسایى و نۆرماڵیان هه‌بوو و هیچ جیاوازى نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نمه‌ى كه له كێڵگهیهكى ئاسایی‌دا چێنرابوو و شین ببوون. به‌ڵام ژوورى دووه‌م و ئه‌و گه‌نمه‌ى كه جنێوى پێده‌درا زۆر نائاسایى و شهپرێو و په‌رێشان و ره‌نگ زه‌رد و شڵه‌ژاو شین ببوو و گه‌شه‌ى زۆر نائاسایى و ناڕێك بوو. وه‌ك ئه‌وه وابوو كه جنێوه‌كان كاریگه‌رى زۆر خراپ و نه‌رێنى له سه‌ر گه‌شه‌ى دانه‌وێڵه‌كه هه‌بووبێ. و ژوورى سێیه‌م، كه قسه‌ى خۆش و شرین و جوانى له‌گه‌ڵدا به‌كار هاتبوو گه‌شه‌یه‌كى به‌رچاو و سه‌رسۆڕهێنه‌ر و زۆر زیاتر له گه‌نمى ئاسایى به‌خۆیه‌وه بینیبووى وه‌ك ئه‌وه وابێ كه په‌ینى كیمیاوى له بن كرا بێ له كاتێكدا كه وانه‌بوو و ته‌نانه‌ت خاكه‌كه‌ى وه‌ك خاكى نموونه‌كانى دیكه و ته‌نانه‌ت ئاودانیشى هه‌روه‌ك ئه‌وان بوو. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه سایكۆلۆژیاى گه‌نم ده‌سه‌لمێنێ.
ئا لێره‌دایه كه جارێكى دیكه دێینه‌وه سه‌ر باسى هاوبه‌شیى ته‌واوى زینده‌وه‌رانى جیهان له هه‌ندێ ماده و پێكهاته‌ى هاوبه‌ش و وه‌ك یه‌ك، وه‌ك پرۆفیسۆر حێسام نۆزه‌رى باسى لێوه‌ده‌كات، و یه‌كێك له‌و ماده هاوبه‌شانه سێرتۆنین (serotonin)ـه، كه وه‌ك سه‌رچاوه‌كانى زانستى ئاماژه‌ى پێده‌ده‌ن گۆێزهرێكى ده‌مارى و هۆرموونێكى سه‌ره‌كییه له جه‌سته‌ى زینده‌وه‌راندا، و به‌تایبه‌ت مرۆڤدا، كه له ترشى ئامینه تریپتۆفان دروست ده‌بێ. ئه‌و ماده‌یه رۆڵێكى كاریگه‌ر و دیار له رێكخستنى ره‌فتاره‌كانى تایبه‌ت به خۆڵق و خوو (mood)، هه‌ستكردن به شادى، پرۆسه‌كانى نووستن و به‌خه‌به‌رهاتنه‌وه، حه‌زى خواردن، ههرهسكردنى خواردنه‌كان، و یادگه‌دا ده‌گێڕێ و هه‌ر بۆیه‌ش ناویان لێناوه "هۆرموونى شادى". ئه‌و هۆرموونه له رێگه‌ى خواردن و رووناكى هه‌تاو ده‌ست ده‌كه‌وێ، و نه‌بوونى ده‌بێته هۆكارى ماندووبوونى زۆر و وروژاندن، كه‌مبوونى مه‌یلى سێكسى، و گۆڕانكارییه‌كانى نه‌رێنى له كێش، و ته‌نانه‌ت زۆر خواردنى ده‌مارى. وه‌ك سه‌رچاوه زانستییه‌كان ئاماژه‌ى پێده‌ده‌ن ئه‌و ماده‌یه نه‌ك ته‌نها له نێو كوراك و گیا، به‌ڵكو له سه‌رى درزیى پێوه‌دانى زه‌رگه‌ته و دڕكى گژ و گیایهكانیشدا هه‌یه و هۆكارى ژان و ئێش و ئازاره. سێرتۆنین له دانه‌وێڵه و میوه‌كاندا بوونى هه‌یه. و هه‌ر بۆیه‌ش كه‌م خۆراكى كاریگه‌ریى زۆر نه‌رێنى به سه‌ر گه‌شه‌ى مرۆڤ ده‌بێ، و بۆ نه‌وه‌كانى داهاتووش ده‌گوازرێته‌وه و به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه له سه‌ر خانه‌كانى سێكسى (زاوزێ) رووبده‌ن، و توێژینه‌وه‌كانى كه له سه‌ر مشكه‌كاندا ئه‌نجامدراون ئه‌و راستییه پێشان ده‌ده‌ن و بێگومان ئه‌و كاریگه‌رییه ده‌كرێ له سه‌ر مرۆڤه‌كانیش روو بده‌ن.
یۆوال نوح هارارى ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له نێو ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ى كه وه‌ك گه‌نم بهخۆماڵیكراون، هیچ یه‌كیان وه‌ك گه‌نم نه‌بووه. گه‌نم دانهوێڵهیهكى خۆپه‌رست و ته‌نها له خاكێكى به‌پیت و ئاماده‌كراو و خاوێنكراو گه‌شه ده‌كات و له هه‌موو شوێنێك و له‌نێو به‌رد و گژوگیاى دیكه‌دا گه‌شه ناكات و ده‌بێ گیایهكانى ده‌وروبه‌رى له‌نێو ببرێن، و به‌هۆى چاندنى ئه‌م دانه‌وێڵه‌یه و دابینكردنى خۆراكى ملیۆنان مرۆڤ، مرۆڤ ده‌ستى له ژیانى كۆچهرایهتى و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ ژینگه و سروشت هه‌ڵگرت. ئه‌گه‌رچى ئه‌م دانه‌وێڵه‌یه خواردنى ملیۆنان مرۆڤ دابین ده‌كات، به‌ڵام بۆ ئه‌م كاره به هزاران دۆنم دارستان و كوێستان له‌نێو بردراون. ئه‌وه نه‌ك ته‌نها له تێكراى جیهان به‌ڵكو له كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت. به هزاران دۆنم له‌وه‌رگه، داره به‌ڕوو، و قه‌زوان، و ... هتد، به ساڵانه له‌نێو ده‌برێن ته‌نها له پێناو ئه‌وه‌ى خاڵێكى خاوێن بۆ ئه‌و دانه‌وێڵه خۆپه‌رسته دابین بكرێت، و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ رۆحى سروشتگهراى مرۆڤى كورد ناگونجێ. ده‌بێ ئه‌و كاره له لایه‌ن ده‌زگاكانى په‌یوه‌ندار رابگیرێ و دارستانه‌كان، ئه‌و ماڵه سروشتییه‌ى ئێمه، و گیانه‌وه‌رانى كه تێیدا ده‌ژین له‌نێو نه‌برێن. ئه‌و سروشته گه‌نجینه‌یه‌كى له بن نه‌هاتوون كه ساڵانه به‌رهه‌مه جیاوازه‌كانى وه‌ك گژوگیاى به‌هارى، قه‌زوان، به‌ڕوو، و ... هتد، هزاران دۆلار ده‌رامه‌تیان بۆ هاوڵاتیان هه‌یه، جگه له‌وه‌ى كه سه‌رچاوه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى خۆراكن، و به‌شێكن له دابینكردنى ئاسایشى خۆراك و بایه‌خیان هیچ له گه‌نم كه‌متر نیه. ساڵانى رابردوو ئافره‌تێكى په‌ككه‌وتوو له كۆمه‌ڵگه‌ى بێگۆڤاى ده‌ڤه‌رى زاخۆ ته‌نها له فرۆشتنى به‌رهه‌مى شاخه‌كانى وه‌ك شه‌پرزه و مازى نزیكه‌ى 7000 دۆلارى ده‌رامه‌ت هه‌بووه. ده‌بێ ئه‌مه وانه‌یه‌كى كوردستانیان بێ. ده‌بێ گه‌نم هه‌ندێ پشتگوێ بخرێت تاوه‌كو گوێچكه‌كانى خۆى بكاته‌وه و بۆخۆیدا بچێ و خۆى له‌گه‌ڵ هه‌موو گۆڕانكارییه‌كانى ژینگه‌یى و مرۆڤى بگونجێنێ تاوه‌كو چیتر هزاران هزار مرۆڤ نه‌خاته خزمه‌تى خۆى، به‌ڵكو ده‌بێ له‌گه‌ڵ كه‌م ئاوى، خاكێكى ئاسایى و پڕ له به‌رد و گژوگیا، نهكێڵدراو، گه‌رما، بێ په‌ینى و هزاران كه‌م و كۆڕیى دیكه بگونجێنێ و ته‌نها بیر له خۆى نه‌كاته‌وه، مرۆڤایه‌تى چیدیكه به‌رگه‌ى خزمه‌تكردنى گه‌نم ناگرێ چونكه هزاران كێشه‌ى خۆى هه‌یه و پێویستى به ئارامى و ئاسووده‌یى هه‌یه. ده‌بێ گه‌نم سایكۆلۆژیاى خۆى بگۆڕێ و ده‌بێ ره‌فتاره‌كانى له ئاست كێشه و گیروگرفته‌كانى مرۆڤى سه‌رده‌مم بێ.
ده‌بێ كورد نێوانى خۆى و ژینگه ته‌نها له‌به‌ر خاترى دانهوێڵهیهكى خۆپه‌رستى وه‌ك گه‌نم تێك نه‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م كاره پێویستى به كۆنترۆڵى ژماره‌ى دانیشتوان بێ. ژماره‌ى دانیشتوان نابێ ببێته پێوه‌رى سیاسى و ئابوورى، و بڵێین كه ژماره‌ى دانیشتوانى ركابه‌ران و نه‌یارانى كورد روو له زیادبوونه و ئه‌وه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر داهاووى كورد. ئه‌وه ته‌نها دیوێكى بابه‌ته‌كه‌یه. زۆر وڵاتى ئه‌ورۆپى و ئاسیاى رۆژهه‌ڵات وه‌ك سه‌نگافوره و تایوان ژماره‌ى دانیشتوانى كه‌من به‌ڵام به كار و چالاكى و شهونهخونى و رهنجدهرى و ماندووبوونى خۆیان له‌و په‌ڕى پێشكه‌وتندان، له كاتێكدا كه وڵاتانى وه‌ك به‌نگلادێش و پاكستان و ... هتد، ژماره‌ى دانیشتوانى له‌و په‌ڕى سه‌دان ملیۆن كه‌سه به‌ڵام به‌ده‌ست نه‌دارى و نه‌هامه‌تى و هژارییهوه ده‌ناڵێنن و ته‌نانه‌ت ناچارن تاكى خۆیان وه‌ك كوێله بنێرنه وڵاتانى دیكه بۆ كاركردن له خراپترین دۆخدا، و وه‌ك پاكستان كه له شه‌ڕى 40 رۆژه‌ى ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران 8000 كه‌سى وڵاته‌كه‌ى خۆى وه‌ك سه‌رباز بنێرێته سعۆدیه تا به‌رگرى له‌و وڵاته بكه‌ن له به‌رامبه‌ر دوژمنانى ئه‌و وڵاته و ئه‌وه به‌رهه‌مى هه‌ژارى و زیادبوونى رێژه‌ى دانیشتوانه له‌و وڵاتانه، كه ناچارن بۆ دابینكردنى بژێوى خۆیان رێگه‌ى مردنیش هه‌ڵبژێرن. ده‌بێ مرۆڤایه‌تى و كورد ملكه‌چى خواستى گه‌نم نه‌بێ و له جیاتى ئه‌و دانه‌وێڵه خۆپه‌رسته په‌نا بۆ رێگه‌ى دیكه ببات و سوود له جۆرى دیكه‌ى دانه‌وێڵه وه‌ربگرێ كه چاندن و به‌رهه‌مهێنانى تێچووى كه‌متره و كه‌متر زیان به ژینگه و سروشت ده‌گه‌یه‌نێ، به‌پێچه‌وانه‌وه سروشت تۆڵه‌ى خۆى له مرۆڤ ده‌كاته‌وه و دوور نیه وه‌ك زۆر گیانه‌وه‌رى دیكه، كه به درێژایى ملیۆنان ساڵى رابردوو له‌نێوچوون، مرۆڤیش قوربانیى نه‌زانیى خۆى ببێت و له‌نێو ببرێت.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*