بە زەیتی نەعنا پەستانی خوێن دابەزێنە
لە توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی لانكاشر Lancashire ی بەریتانیا هاتووە كە زەیتی نەعناع Peppermint oil یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی پەستانی بەرزی خوێن. زەیتی نەعنا چەند ئاوێتەیەك لەخۆدەگرێت كە چالاكیی بایۆلۆژییان هەیە وەكو مێنتول و فلاڤۆنۆیدەكان، كە سیفەتی دژەئۆكسان و دژەهەوكردنی هەیە و ڕۆڵیان لە ڕێكخستنی پەستانی خوێندا هەیە لە ڕێگەی خاوكردنەوەی تەشیلە ماسوولكەكان و فراوانكردنەوەی بۆڕییەكانی خوێن. ڕێژە بەرزەكەی مێنتۆل Menthol لە زەیتی نەعنادا، ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ خاوكردنەوەی دیواری بۆڕییەكانی خوێن، لەگەڵ ڕێكخستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە خواردنی زەیتی نەعنا ڕۆژانە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ، ژمارەی سەرەوەی كەرتی پەستانی خوێن Systolic blood pressure تا 8.5 ملم جیوە نزم دەكاتەوە، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا. پێوانەی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا، نیشاندەرێكی گرنگە بۆ تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان كە پێویستە لە نێوان 60-100 ترپەدا بێت لە یەك خولەكدا.
