خانمە هونەرمەند سیریل فەتاح بۆ گوڵان:هونەر شمشێری دووسەرەیە، بۆ زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و كوشتنی ئەم هەستەش بەكار دێت
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ «سیریل فەتاح» خەڵكی شاری سلێمانییە و نیشتەجێی سویدە، ماوەیەكی زۆرە دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە و جگە لە زمانی كوردی، بە زمانی عەرەبیش گۆرانیی گوتووە، دەربارەی كاریگەریی هونەر لەسەر هەستی نەتەوایەتی لای تاكی كورد، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
*لە بارودۆخی ئێستادا، ڕۆڵی هونەرمەندانی كورد لە پاراستن و پێشخستنی زمان و كەلتووری كوردیدا چییە؟
-هونەرمەند دەتوانێت زیاتر لە هەر كەسێك دەنگی گەل بێت، كاتێك ئێمە بە زمانی كوردی گۆرانی دەڵێین، ئەوە تەنیا هونەر نییە، بەڵكو پاراستنی ناسنامە و كەلتوورەكەمانە، لە هەر گۆرانییەكدا بەشێك لە مێژوو و هەستی گەلەكەمان دەژێتەوە، و ئەوە بۆ من بەشێكی زۆر پیرۆزی هونەرە.
نەك ئەمڕۆ بەدرێژایی مێژوو هونەر ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە پاراستنی زمان و ناسنامەی كورددا، بەشێكی زۆر گەورەی مێژووی ئێمە لە ڕێگەی هونەرەوە تۆمار كراوە و لە هەوڵەكانی لە ناوبردن پارێزراوە، لە ئەمڕۆشدا كە بەجیهانیبوون لە هەندێ حاڵەتدا هەڕەشە لە زمانی گەلان دەكات، هونەر دەتوانی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت لە زیندوو و پیرۆز هێشتنەوەی زماندا، دەبێت هونەرمەندان هەست بەم ڕۆڵە گرنگە بكەن كە لە ئەستۆیاندایە.
*هونەر بە گشتی چ كاریگەرییەكی لەسەر بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی هەیە؟
-بێگومان گرنگیدان بە زمان و ڕۆڵی هونەر لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمان، خۆی لە خۆیدا پاراستن و گەشەپێدانی هەست و باوەڕە بە نەتەوە، هونەر كاركردنە لەسەر هەست، هەڵقوڵاوە لە هەستەوە، بۆیە ئاسان دەتوانێت كاریگەری دروست بكات، هونەر دەتوانێت وەك شمشێری دووسەرە بێت، وریای نەبیت چۆن دەكرێ بۆ زیندوو كردنەوەی هەستی نەتەوەیی بەكار بێت، ئاواش دەكرێ بۆ كوشتنی هەستی نەتەوەیی بەكار بێت.
زۆرجار یەك گۆرانی دەتوانێت هیوا، بیرەوەری و هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیندوو بكاتەوە، گۆرانی دەتوانێت ئەو هەستانە دەرببڕێت و بیگەیەنێت، كە ناتوانرێ لە قسەدا ئاسان بگات، دەتوانێ ڕۆح تێكەڵ بە وتنەوە بكات.
لەڕابردوودا كاتێك هەوڵەكانی تواندنەوەی كورد لە ناو نەتەوەكانیتردا كارا بوون، هونەرمەندانی كورد لە ڕێی هونەرەكەیانەوە شۆڕشیان دەكرد بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ویستە و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی كورد، بەشێكی زۆر لە گەنجان لە ژێركاریگەریی هونەری شۆڕشگێڕیی كورددا چەكی شۆڕشیان كردە شان، كەواتە ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی هونەر دەتوانێت كاریگەر بێت لە بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەییدا.
*لەم نێوەندەدا ئافرەتانی هونەرمەند چ ڕۆڵێك دەبینن؟
-ئافرەتانی هونەرمەند لە ڕابردوو لە ئێستاشدا بوونەتە دەنگی هێز و ئازادی. من دڵخۆشم كە ئافرەتانی زۆر بە هیوای گەورەوە هاتوونەتە ناو هونەر و بە متمانەوە خۆیان دەردەخەن، گۆرانیان بۆ نیشتیمان و نەتەوە و پێشمەرگە وتووە و ئێستاش بەردەوامن، بوونی ئافرەت لە هونەردا تەنیا سەركەوتنی تاك نییە، بەڵكو هیوایە بۆ زۆر كچی دیكە.
*ڕۆڵی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چییە؟
-سۆشیال میدیا زۆر شتی گۆڕیوە بۆ هونەرمەندان، ئێستا دەتوانین بە ئاسانی گۆرانی و پەیامەكانمان بگەیەنین بە خەڵكی جیهان و ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر دروست بكەین، ئەمە دەرفەتێكی زۆر جوانە بۆ ناساندنی هونەری كوردی، بەڵام زیانی ئەوەشی هەیە كە ئەگەر هونەرمەند زۆر وریا نەبێ، هونەرەكەی لە ئامانجی باڵاوە دەگۆڕێت بۆ هەوڵی بینەری زۆر.
*فێستیڤاڵ و چالاكییە هونەرییەكان تا چەند كاریگەرن؟
-فێستیڤاڵە هونەرییەكان تەنیا شوێنی گۆرانی و دڵخۆشی نین، بەڵكو شوێنن بۆ یەكگرتوویی و نزیكبوونەوەی خەڵك. كاتێك هونەرمەندان و جەماوەر پێكەوە كۆ دەبنەوە، هەستێكی جوانی هاوبەشی دروست دەبێت، هەروەها ئەم چالاكییانە یارمەتیدەرن بۆ ئاڵوگۆڕی هەست و توانا و تێڕوانینی هونەری، لەوڕێیەوە دەكرێت هونەری كوردی زیاتر بناسرێت.
*هونەری نوێ و دیجیتاڵ چۆن دەتوانێت ناسنامەی كوردی پێشكەش بكات؟
-ئێستا جیهان زۆر گۆڕاوە و هونەری دیجیتاڵیش بووەتە بەشێكی گرنگ لە ژیانمان، دەتوانین بە ستایلێكی مۆدێرن، بەڵام بە ڕوحی كوردی كاری لەسەر بكەین، گرنگ ئەوەیە ڕەسەنایەتیی خۆمان بپارێزین، هەرچەندە بە شێوازێكی نوێیش كار بكەین.
*چۆن هونەر دەبێتە پردێك بۆ نەوەكانی داهاتوو؟
-زۆرجار خەڵك گۆرانی زیاتر لە قسە لەبیریاندا هەڵدەگرن، بۆیە هونەر دەتوانێت مێژوو، زمان و هەستە جوانەكانی گەلێك بگوازێتەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو، هەر گۆرانییەك دەتوانێت بیرەوەرییەكی جوان لە دڵی خەڵكدا جێ بهێڵێت.
*هاوكاریی هونەرمەندانی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە چۆن دەبێت؟
-هونەر سنوور ناناسێت، كاتێك هونەرمەندان لەگەڵ یەكتر كار دەكەن، لە ڕێی هونەرەوە زیاتر لە هەر بوارێك نەتەوەكان دەتوانن یەك بناسن، هونەر دەتوانێت وێنەیەكی جوانتر لە كورد و كەلتوورەكەمان بە جیهان پیشان بدات.
*هونەرمەندی كورد چۆن دەتوانێت وێنەیەكی جوان لە كەلتووری كوردی بگەیەنێت؟
-بەهونەری ئامانجدار، بە هەبوونی ئەو باوەڕە لای هونەرمەند كە دەتوانێت پێشەنگایەتی بكات، بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی. كاتێ هونەرمەند لە دڵەوە بخوێنێت و كار بكات، خەڵكیش هەست بە ڕاستی و جوانیی ئەو هونەرە دەكەن، من هەمیشە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا خۆشەویستی، مرۆڤایەتی و جوانیی كەلتووری كوردی پیشان بدەم.
