کەس بە کەس نییە! ئەگەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاوا بڕۆن، ساڵێکی تر کەس بە کەسەوە نامێنێت.
کاتێک لە فەلسەفە و مێژووی پەیوەندییە مرۆییەکان ڕادەمێنین، دەبینین کۆمەڵگە سەرکەتووەکان لەسەر بنەمای (لۆژیک و پێوەر) بونیاد نراون. لۆژیک پێمان دەڵێت: کاتێک کۆمەڵێک مرۆڤ لە دەوری یەک کۆدەبنەوە، دەبێت عەقڵ و حیکمەت ببنە سەنگەری داوەری. پێوەر بۆ قبوڵکردنی ڕای بەرامبەر، تەنیا یەک شتە: کێ خاوەنی لۆژیکێکی قووڵتر، مەوقیفێکی جوامێرانەتر، تێگەیشتنێکی فراوانتر و ڕۆشنبیرییەکی (ثەقافەتێکی) دەوڵەمەندترە؟ ئەگەر پێوەر ئەمە بێت، مرۆڤی تێگەیشتوو بە شانازییەوە کڕنۆش بۆ ڕاستی دەبات و گوێبیستی عەقڵ دەبێت.
بەڵام ئەوەی ئێستا لە جومگەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا دەگوزەرێت، کودەتایەکی نالۆژیکییە بەسەر ئەم بنەمایەدا؛ پاشەکشەیەکی ترسناکی بەھاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەییە. گەیشتووینەتە قۆناغێک کە کەس لە کەس ڕازی نییە، ھەمووان لە سەنگەری تۆمەتبارکردنی یەکتردان و نەفامی باڵی کێشاوە بەسەر دیالۆگەکاندا.
کارەساتی نەفامی و پاڵەوانبازیی ساختە
گورزە کوشندەکە لێرەوە دەست پێدەکات: مرۆڤی ئەم سەردەمە تووشی جۆرێک لە کوێریی دەروونی بووە؛ لە لوتکەی نەفامیدایە، کەچی خۆی بە لێزانترین و تێگەیشتووترین بوونەوەر دەزانێت! لە ھەر دانیشتن، گفتوگۆ یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا، ئەوەی دەنگی دلێرتر و سنگی دەرپەڕاندووە، نەفامێکە کە وا دەزانێت فەلسەفەی ژیانی لە بنەچەوە خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
ئەم خۆپەسندییە کوێرە وایکردووە کە:
عەقڵ پەراوێز بخرێت: لەجیاتی ئەوەی مل کەچی لۆژیکی ئەو کەسە بین کە خوێندەوارتر، بەمەعریفەتر و خاوەن هەڵوێستترە، بە چەکی ئینکاری و دەنگەدەنگ وەڵامی دەدەینەوە.
ونبوونی چەمکی چاوپۆشی، مانا جوانەکانی وەک (بیانوو دۆزینەوە بۆ براکەت) لای ئێمە پێچەوانە بووەتەوە؛ ئێستا ئێمە تەنیا بیانوو دەدۆزینەوە بۆ شکاندنی لۆژیکی یەکتر و تێکدانی پەیوەندییەکان.
ڕاوکردنی ھەڵەکان لەناو زۆنگاوی بیانوودا
پەیوەندییەکانی شێوەی ئێستامان زیاتر لە کەمین دانان دەچێت نەک ھاوڕێیەتی و خزمایەتی. کاتێک نەفامی دەبێتە پێوەر و لۆژیک کۆچ دەکات، مرۆڤەکان لەسەر بچووکترین دەستەواژە، سەرنج یان ھەڵسوکەوت، گەورەترین داوەریی دەدەن. ھەمووان لەسەر ھەنجەت و بیانوو وەستاون؛ بەدوای کات و شوێنێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەیانی پێ تۆمەتبار بکەن و تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە خۆیان ڕاستن.
ئەم گەڕانە بەردەوامە بەدوای بیانوودا، نیشانەی تێكچوونی ژێرخانی متمانەیە. کاتێک متمانەی کۆمەڵایەتی دەمرێت، بیانوو دەبێتە چەکی دەستی مرۆڤی خۆپەسند بۆ پاساودانی ساردبوونەوە و گۆشەگیریی خۆی.
بەرەو کوێ؟
ئەگەر ڕەوشی پەیوەندییەکانمان بەم ئاڕاستە ملهوڕانەیە، بە دوورکەوتنەوە لە لۆژیک و بەم لۆژیکی «من ھەمیشە ڕاستم و ئەوانی تر نەفامن»ـە بەردەوام بێت، ئایندمان تاریک دەبێت. چەمکی خێزان، ھاوڕێیەتی و ھاوسێیەتی بە تەواوی مانا ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن.
ڕاستی پێویستی بە تێڕامانێکی قووڵ هەیە؛ ئەگەر دۆخی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەم جۆرەی ئێستا بڕوات، ساڵێکی تر لەم کاتەدا تەنیا کۆمەڵێک مرۆڤی گۆشەگیر و لێکدابڕاومان بۆ دەمێنێتەوە کە لەناو دیوارە ساردەکانی تەنیایی خۆیاندا، هێشتا سەرقاڵی گوناحبارکردنی ئەوانی ترن. پاراستنی مرۆڤبوونمان لەوەوە دەست پێدەکات کە کڕنۆش بۆ لۆژیک و مەعریفەی کەسانی شایستە ببەین و دان بە کەمکوڕییەکانی خۆماندا بنێین، پێش ئەوەی ببینە دادوەر بەسەر ژیانی خەڵکییەوە.

بەشدار باشووری