کەرکووک لە ژێر هەڕەشەی ماددەی هۆشبەر؛ گەنجان و داهاتووی شار لە مەترسیدان
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە کەرکووک بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە و نیگەرانییەکان لە داهاتووی نەوەی نوێ چڕتر بوونە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، شاری کەرکووک ڕووبەڕووی یەکێک لە قورسترین کێشە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکاندا دەبێت؛ ئەویش بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە. دوای ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و گۆڕانکارییەکانی ناو شار، بە شێوەیەکی بەرچاو بازاڕی ماددەی هۆشبەر گەشەی کردووە و ژمارەی بەکارهێنەران، بەتایبەتی لە ناو گەنجان، رووی لە زیادبوون کردووە. ئەم دیاردەیە ئێستا تەنها کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکوو بووەتە هەڕەشەیەک بۆ ژیانی هاووڵاتییان، ئارامیی کۆمەڵگا و داهاتووی نەوەکانی داهاتووی کەرکووک.
بەپێی زانیاری و لێدوانی چەند چاودێر و پارێزەرێک، ماددە هۆشبەرەکان لە ئێستادا بە شێوەیەکی فراوان لە ناو گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی کەرکووک بڵاوبوونەتەوە. هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە چەندین تاوانبار و تۆمەتباری کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، بەڵام ئەو هەوڵانە تا ئێستا نەیانتوانیوە سنوورێکی ڕاستەقینە بۆ ئەم دیاردەیە دابنێن.
پارێزەرێکی کەرکووکی لە گفتوگۆیەکی تایبەتیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی شار ئالوودەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوون، و ئەمەش “مەترسییەکی تەواوی” دروست کردووە لەسەر ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگا. بەگوێرەی ئەو، زۆرێک لە خێزانەکان ئێستا لە ترسی ئەوەدان کە منداڵ و گەنجەکانیان بکەونە داوی تاقیکردنەوەی ئەو ماددانەی کە بە ئاسانی لە هەندێک شوێنی شار دەستدەکەون.
چاودێران دەڵێن هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر تەنها ئەمنی نییە، بەڵکوو بێکاری، دۆخی ئابووری، نەبوونی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەمبوونی چالاکییە وەرزشی و کولتوورییەکانیش ڕۆڵیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک گەنج لەژێر کاریگەریی هاوڕێیان یان فشارە دەروونییەکاندا دەکەونە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بێ ئەوەی بزانن دواتر چ چارەنووسێک چاوەڕێیان دەکات.
پسپۆڕانی کۆمەڵناسی ئاگاداری دەدەن له بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، چونکە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆکاری زیادبوونی تاوان، توندوتیژیی ناوخێزانی و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها، تووشبوونی گەنجان بە ماددەی هۆشبەر دەتوانێت کاریگەرییەکی خراپ لەسەر خوێندن، دەروونیان و تەندروستییان دابنێت.
لەبەرامبەر ئەم مەترسییەدا، چاودێران پلانی فراوانی حکوومی و کۆمەڵایەتی بەپێویست دەزانن؛ پلانێک کە تەنها لە دەستگیرکردندا نەوەستێت، بەڵکوو هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان، زیادکردنی چاودێریی قوتابخانەکان، دروستکردنی ناوەندی چارەسەری و پشتگیریی دەروونی بۆ ئالودەبووانیش بگرێتەوە.
کەرکووک، ئەو شارەی ساڵانێکە بە ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت، ئێستا لەبەردەم جۆرێکی دیکەی مەترسیدایە؛ مەترسییەک کە بە چەک نییە، بەڵکوو بە ماددەی هۆشبەر داهاتووی گەنجان دەکوژێت. ئەگەر هەوڵێکی هاوبەش لەلایەن حکوومەت، هێزە ئەمنییەکان، خێزان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەدرێت، ئەم دیاردەیە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی شار لە ساڵانی داهاتوودا.

ئارام شێرکۆ