د.هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان: عێراق بە قەیرانێكی بونیادیدا تێدەپەڕێت و كێشەكان تەنیا نیشانەی ئەو برینە قووڵەن
لە پەنێڵی «پێكهێنانی حكومەتی عێراق» لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیك، د.هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەم جۆرە تیشكی خستە سەر پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی عێراق:
عێراق لە ئێستادا بە قەیرانێكی بونیادی و سیستەماتیكدا تێدەپەڕێت، كە هەموو ئەو كێشانەی ئێستا هەن، تەنیا نیشانەی ئەو برینە قووڵەن. چارەسەركردنی ئەم دۆخەش پێویستی بە پڕۆسەیەكی نیشتمانیی گشتگیر هەیە بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان. لە چەقی ئەم قەیرانانەدا، پرسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ وەك گرنگترین دۆسیە دەردەكەوێت. بنەمای ئەم پەیوەندییە لەسەر سێ كۆڵەكەی سەرەكی ڕاوەستاوە: دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ وەك پەیماننامەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێككەوتنە سیاسییەكان و بەرنامەی حكومەت، بەڵام كێشە جەوهەرییەكە لەوەدایە كە نزیكەی ٥٥ ماددەی دەستووری كە پەیوەستن بە فیدڕاڵیزمەوە، یا جێبەجێ نەكراون، یانیش یاسایان بۆ دەرنەكراوە، تەنانەت لە حكومەتەكەی بەڕێز سوودانیشدا، لە كۆی ٨٧ خاڵی ڕێككەوتنی سیاسی و بەرنامەی حكومەت، تەنیا ٥٪یان جێبەجێ كراون، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ پاشەكشە لە پابەندبوونەكان.
تێڕوانینی سەركردایەتیی هەرێم، بە تایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی، هەمیشە جەختكردنەوە بووە لە گەڕانەوە بۆ ڕۆحی دەستوور. ئێمە لەوە زیاترمان ناوێت كە لە دەستووردا چەسپێندراوە، وەك ئەنجومەنی فیدڕاڵی و یاسای نەوت و گاز و ڕێكخستنی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بەغدا هەستی پێ دەكرێت، هەوڵێكی چڕە بۆ گەڕانەوە بەرەو ناوەندگەراییەكی توند لەسەر حیسابی سیستمی فیدڕاڵی. بۆشاییەكی گەورە لە نێوان تێڕوانینی ئێمە (كە دەستوورییە) و تێڕوانینی بەغدا (كە یاسایەكی ناوەندگەرای سەردەمی پێشووە) هەیە. كێشەكە كەسایەتیی سەرۆك وەزیرانەكان نییە، بەڵكو ئەو «ژینگە سیاسییە» پەككەوتووەیە كە تێیدا كار دەكەن.
سەبارەت بە ئالنگارییە ناوخۆییەكانیش، بەغدا لەبری ئەوەی هۆكاری ڕاكێشەر بێت، زیاتر وەك هۆكارێكی پاڵنەر (Pushing factor) ڕەفتار دەكات، تاوەكو هەرێم بێتە دەرەوەی هاوكێشەكە، هاوكات شەڕی یاسایی و بەسیاسیكردنی سیستمی دادوەری لە ڕێگەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییەوە دەكەن، كە خۆی لەسەر بنەمای ماددەی ٩٢ی دەستوور دانەمەزراوە و، قەوارەی هەرێمی كردووەتە ئامانج. لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو نەرمییەك و ئارامییەكی نواندووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵام لایەنی بەرانبەر كاتیان دەكوشت، ئێستا ئیتر دۆخەكە قابیلی قبووڵ نییە و پارتی ئامادەیە لەگەڵ لایەنەكان پەرلەمان كارا بكاتەوە، یان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ببرێت، تا گەل بڕیار بدات. لە كۆتاییدا دەبێت سەركەوتن بە ژمارەی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان بپێورێت، نەك خودی بەڵێنەكان. ئێمە ئامادەین ئەزموونە سەركەوتووەكانی حكومەتی بەڕێز مەسرور بارزانی لە بواری دیجیتاڵكردن، سیستمی بانكی و كارەبا، لەگەڵ بەغدا بەش بكەین، تا جۆرێك لە پشتبەستنی هاوبەشی ئەرێنی دروست ببێت.

هێمن هەورامی