بۆنكردنی گوڵ سترێس سووك دەكات!
بۆنكردنی گوڵ تەنیا بۆ ماوەی 30 چركە، ڕۆڵی هەیە بۆ سووككردنی سترێس، كاریگەریی بۆنی گوڵ لە ماوەی چواریەكی چركەیەكدا دەكاتە چەند شوێنێكی مێشك، كە پەیوەستن بە مەزاج و بیرهاتنەوە. پاش بۆنكردنی گوڵ، سیگناڵ بە ڕێگەی هەستەدەمارەكان لە ناوپۆشی لووتەوە بە خێرایی بۆ مێشك دەگوازرێنەوە، و دەبنە ئەگەری هەستكردن بە ئارامی. بۆنی خۆشی گوڵ چارەسەر نییە بۆ پەستی و شەكەتیی دەروونی، بەڵام هێوركەرەوەیەكی كاتییە و گرژیی دەمارەكان خاودەكاتەوە، هەناسەوەرگرتن لەسەرخۆ دەبێتەوە و هەر دوو شانەكان خاودەبنەوە، هەروەها لە ڕێگەی چالاككردنەوەی سیستمی دەماریی پاراسیمپەتاویدا ژمارەی لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، پەستانی خوێن دادەبەزێت، لەگەڵ باشتربوونی مەزاج. بۆنكردنی گوڵ هاندەرە بۆ دەردانی گوێزەرەوە دەمارییەكانی وەكو دۆپامین، سیرۆتۆنین، هەروەها ئیندۆرفینەكان Endorphins كە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ سووككردنی گرژیی دەروونی و دابەزاندنی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ، كە بە هۆرمۆنی سەرەكیی ستریس ناسراوە. ئەمەش ڕوون كراوەتەوە كە بۆنی «لاڤێندر، یاسەمین، گوڵی سوور یان گوڵەباخ» باشترین كاریگەرییان هەیە بۆ سووككردنی سترێس و پەستی.
