پارتی، هەر پێشڕەوی دەمێنێتەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی پێشکەوتنخوازی سەردەمیانە، هەردەم لە بەرەی گەلی كوردستان وەستاوەتەوە، لەبەر ئەوەی تاکە ئامانجی کوردایەتی و شکۆی گەلی کوردستانە، لەم پێناوەشدا خەباتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد كردووە و قوربانییەكی بێ ژمارەی بۆ داوە. پارتی هەر لە رۆژی دامەزراندنییەوە تاکوو ئەمڕۆ لەسەر شاڕێگای ڕاستەقینەی کوردایەتی بووە، بۆیەشە بەردەوام لەلایەن دوژمنانی کوردستان و دۆزی ڕەوای كورد، دەکرێتە ئامانج و كۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم هەنگاوەكانی، بە خەیاڵی خۆیان تاوەكوو لە ئامانجە ستراتیژییەکانی دووری بخەنەوە.
زۆر دەمێكە دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکی دەیانەوێ پارتی بە بابەتی لاوەکییەوە سەرقاڵی بکەن و وزەكانی لە بەرپەرچدانەوە و خەریكبوون بەوانە پێ بەفیڕۆ بدەن، تاوەكوو نەپرژێتە سەر وەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی كە خۆیان لە بەدیهاتنی تەواوی مافەكانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەو هەوڵ و تەشقەڵانەی دەورەبەر و كلكەكانیان لەناوخۆی كوردستان زیانی زۆریان لە چارەنووسی ئەم گەلە داوە و بەئامانج گەیشتنی وەدوا خستووە، بەڵام دەمێكە ئەوە بۆ یار و نەیار سەلماوە کە پارتی زۆر لەو خەونە نەزۆکانەی ئەوان گەورەترە و هەرگیز پاشەكشەی لەسەر پرنسیپەكانی خۆی لە ئازادی و سەربەخۆیی و دیموكراسی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەی نەكردووە، هەرچەندە ناپاکییەكی زۆری بەرامبەر کراوە، سەدان ڕێکكەوتنی ژێربەژێر و پیلانی گڵاوی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی لە دژدا دانراوە و جێبەجێ كراوە، بەڵام ئەوەی بە بەهێزی ماوەتەوە و زیاتر رەگ و ریشە لە قووڵایی خاك و نەتەوەی كورددا داڕشتووە پارتییە و دووژمنە بودەڵەكانی و كلك و پاشكۆكانیشیان هەر لە پاشەكشەدان و جگە لە رووی رەش و بێزراو، رۆژ دوای رۆژیش تۆماری خیانەتكاری و پیلانگێڕییەكانیان پڕتر دەبێ و سەرەنجام كە پڕ بوو خۆیان لەناویدا دەخنكێن.
پارتی لە هەر دۆخ و بۆ هەر هەڵوێستێك بە گوڕ و تینێکی تازەترەوە هاتووەتەوە مەیدان و درێژەی بە خەباتی نەپساوەی خۆی داوە، بەجۆرێک، توندتر و ڕژدتر لە پێشان ڕووبەڕووی نەیارانی وەستاوەتەوە، ئێمە دەزانین كە پارتی وەك نوێنەری كورد لە تەواوی كوردستان نەیار و دوژمنی زۆر زۆرن و لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ شكستهێنان بە هەوڵ و تێكۆشان و دەسكەوتەكانی پارتی، بەڵام دواجار هەر پارتی بووە بە حیكمەتی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتییە ژیر و واقیعبینەكەی، توانیویەتی بەرپەرچی پیلانگێڕی و فشار و ناپاكییەكان بداتەوە و هەنگاوی توندتر بەرەپێشەوە بنێ، ئەوەتا لەسایەی تێكۆشان و كاری دیبلۆماسی و دەوڵەتداری و كارگێڕی و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خاوەنی راستەقینەی دۆزی كورد و خاوەنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە هێزی گەلی كورد و پێكهاتە رەسەنەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كێشەی كوردستانی بردووەتە ئاستی باڵا و لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا وەك دەوڵەتێكی ڕانەگەیەنراو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. لە ناوچەكە و عێراق و كوردستانیشدا، ئەوەی ئەوەل و ئاخر گوێی لێ دەگیرێ و حسابی بۆ دەكرێ، هەر جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ئەسرین عاسی شوانی