بەهۆی بەرزبوونەوەی هیواکان بۆ دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوت تاڕادەیەک جێگیرە
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسان، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیادا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش لە ژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی هیواکان بۆدەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە.
هەر لەو پێوەندییەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێدەچێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکان دەستپێبکات.
بەڵام بەرپرسانی تاران ڕایانگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بە ڕێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نوێ.
لە بازاڕی وزەدا نرخی نەوتی خاوی برێنت نزیکەی لەسەدا ٠.٣ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە کەمێک زیاتر لە ٩٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ دوای لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە بانگەوازی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، نرخەکان ڕەوتێکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.
لە هەمان کاتدا بازاڕەکانی بۆرسەی ئاسیاش کاردانەوەی ئەرێنییان بەرامبەر بەم پێشهاتانە هەبوو.
گوڵان: سەردار خەلیل
