ڕەمزی سیسۆ لە زاخۆ: پاراستنی بێلایەنی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، بەردی بناغەی مانەوەی سەقامگیرییە. هەرێم نابێت ژینگەی خۆی بكاتە بەشێك لەم كێشمەكێشانە

ڕەمزی سیسۆ  لە زاخۆ:  پاراستنی بێلایەنی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، بەردی بناغەی مانەوەی سەقامگیرییە. هەرێم نابێت ژینگەی خۆی بكاتە بەشێك لەم كێشمەكێشانە

 

  هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە بەردەم قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنیدایە. وەك بەشێكی سەرەكی لە دەوڵەتی عێراق، هەرێم ڕووبەڕووی زنجیرەیەك هێرشی بەردەوام بووەتەوە كە كاریگەریی قووڵیان لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروست كردووە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، بێدەنگی یان لاوازیی هەڵوێستی حكومەتی فیدڕاڵییە لە بەرانبەر ئەو گرووپە چەكدارانەی كە بە ئاشكرا سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق دەبەزێنن. لێرەدا ئەركی بەغدایە كە وەك بەرپرسیارێكی دەستووری، سنوورێكی كۆتایی بۆ ئەم دەستدرێژیانە دابنێت، چونكە بەردەوامیی ئەم فەوزایە نەك هەر زیان بە هەرێم، بەڵكو زیان بە شكۆی دەوڵەتی عێراقیش دەگەیەنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە، ئەم فشار و هێرشانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر كەرتی وزە و بەتایبەت بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی هەرێم هەبووە. لە كاتێكدا كە ئابووریی عێراق پێویستی بە هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە، ئێستا هەوڵێكی چڕ دەبینرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر لە نێوان هەولێر و بەغدا. ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە نەوتی هەرێم بە شێوەیەكی یاسایی و بێبەربەست ڕەوانەی بازاڕە جیهانییەكان بكرێتەوە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی لێكتێگەیشتنی سیاسیی هاوچەرخەوە بەدی دێت كە گەرەنتیی پاراستنی ژێرخانی ئابووری بكات.

سەبارەت بە ململانێی تاقەتپڕوكێنی نێوان ئێران و ئەمریكا، حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی سیاسەتێكی هاوسەنگ و ژیرانە پەیڕەو بكات. پاراستنی بێلایەنی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، بەردی بناغەی مانەوەی سەقامگیرییە. هەرێم نابێت ژینگەی خۆی بكاتە بەشێك لەم كێشمەكێشانە، بەڵكو پێویستە بە دیدگایەكی ستراتیژییەوە سەیری داهاتوو بكات. سەركەوتنی هەرێم لەوەدایە كە تا ئێستا ڕێگەی نەداوە ببێتە لایەنێك لە جەنگە هەرێمییەكان. پاراستنی ئەم دەستكەوتانە پێویستی بە یەكڕیزیی ناوخۆیی و بەردەوامیی دیپلۆماسییەكی چالاك هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك بەدوور بگرێت و وەك ناوچەیەكی گەشەسەندوو لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەكاندا بمێنێتەوە. ئەمە تاكە ڕێگەیە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیان.


 

Top