یانەی كفری گرفتی دارایی هەیە
یانەی كفری گرفتی دارایی هەیە
تیپی تۆپی پێی یانەی كفری لە ئیداری سەربەخۆیی گەرمیان ساڵانە لەگەڵ دەستپێكی یارییەكانی وەرزشی نوێی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان وەكو نوێنەری گەرمیان بەشدار دەبێت لە یارییەكانی خولەكە. ئەم وەرزەش یانەی كفری بەهەمان سیناریۆی وەرزی ڕابردوو بەشداری یارییەكانی خولەكەی كردوە ئێستا تەنیا سێ گەر ماوە بۆ كۆتایی هاتن بەم وەرزە، یانەكە لە ڕیزبەندی یانەكانی كوردستان لە خانەی حەفتەمی ڕیزبەندەكەیە بە كۆكردنەوەی 18خاڵ، ساڵانە تیپەكە گرفتی دارایی دێتە بەردەم بۆ تەواو كردنی یارییەكانی و دابین كردنی مووچەی یاریزانان لەم بارەشەوە مامۆستا دلشاد محەمەد ڕاهێنەری یانەی كفری بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئەم وەرزە تیپەكەمان ئاستی وەكو پێویستە و یاریزانەكانمان لە ئاستی پێویستدان لە یارییەكانی خولەكە، هەر چەندە خولەكە تەنیا یارییەكانی بە یەك قۆناغ بەرێوەدەچێت، بۆیە یانەكان دەبێت بە وریاییەوە یارییەكان ئەنجام بدەم، ئامانجی ئێمە ئەم وەرزە تەنیا مانەوەیە لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، لە بارەی گرفتەكانی یانەكەش گوتی" ئێمە وەكو یانەی كفری هەموو سالێك گرفتی داراییمان هەیە و، وەكو پێویست كەس هاوكاری دارایمان ناكات، مووچەی مانگانەی تیپەكەمان دەگاتە هەشت ملیۆن دینار كە زۆرجار دوا دەكەوێت، داواكارین هاوكاری یانەكەمان بكرێ بۆ ئەوەی بتوانین لە ساڵانی داهاتوو ئاست و ئەنجامی تیپەكە بەرز بكەینەوە.
