سێ کوچکەی هەرەس
یۆرانیۆم:
خەونێک کە بووە کابووسی نەتەوەیەک، پیتاندنی یۆرانیۆم کە دەبوو ببێتە سەرچاوەی وزە و پێشکەوتنی زانستی، بەهۆی غرور و خۆ بەزلزانین ی سیاسییەوە بووەتە هۆکاری گەڕانەوەی وڵات بۆ چاخی بەردین. ئەو یۆرانیۆمەی کە ئێستا وەک هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەبینرێت، لە کۆتاییدا یان دەبێتە هۆی کاولکاریی ناوخۆیی، یان ڕادەست دەکرێت، یان بە هێزی تەکنەلۆژیا دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئەمە گەورەترین دۆڕانی ستراتیژییە کە وڵاتێک هەموو ژێرخانی خۆی بکاتە قوربانیی ماددەیەک کە لە کۆتاییدا ناتوانێت بیپارێزێت.
لەدەست دانی سەروەریی ئاسمان ودەریاو خاک و تێکشکانی شکۆی سەربازی و بەزاندنی قوڵایی خاک، نیشانەی ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا سنوورە کلاسیکییەکانی سڕیوەتەوە. کاتێک ئاسمانی وڵات بێ نەخشە و بێ ترەفیک بۆ فڕۆکەی دوژمن دەکرێتەوە و بەرپرسە باڵاکان ناچار دەبن لە حەفتا مەتری ژێر زەویدا بژین، ئیتر باس کردن لە سەروەریی نیشتمانی تەنها دروشمێکی بێمانایە. ئەمە ئەو دەرچەیەیە کە هیچ هیوایەکی تێدا نییە، چونکە سوپایەک نەتوانێت سەری خۆی بپارێزێت، چۆن دەتوانێت جەستەی وڵات بپارێزێت.
میلیشیاکان:
چەکێکی ژەنگاوی لە جەنگێکی مۆدێرندا ئەمە سێهەم هەڵەی کوشندەیە (یۆرانیۆم، میلیشیا، و بۆردومانی دراوسێکان) ئێرانیان لە ناوچەکەدا گۆشەگیر کردووە. میلیشیاکان کە ڕۆژێک وەک قەڵغان دەبینران، ئێستا بوونەتە بارگرانی لە هەموو کون و قوژبنێک هەڵدێن. کاتێک ناوەندی دەسەڵات خۆی لە ژێر لێدانی تەکنەلۆژیادایە و هیچی پێ ناکرێت، میلیشیاکانی دەرەوە چۆن دەتوانن هاوسەنگی بگۆڕن؟
بەتایبەت ئەو بۆردومانە کوێرانەیەی دژ بە هەرێمی کوردستان و چوار دەور دەکرێت، تەنها دڕندەیی و دوژمنی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و هیچ دەستکەوتێکی سەربازیی تێدا نییە. ئێران لە ئێستادا لە بەردەم جیهانێکی نامۆدا وەستاوە. جیهانێک کە تێیدا هەموو دەرفەتەکانی ئاشتی و هەستانەوەی تێدا کوژاندووەتەوە. داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەستانەوە لە دوای ئەم شکستە گەورەیە، کارێکی ئەستەمە، چونکە کەلە ڕەقی هەموو پردە ڕووخاوەکانی تێکشکاندووە. دەرهەق دەرهاوسێ نیگەرانی قوڵی لێ کەوتوەتەوە لەو کردارە بێبەهایانە دژ بە ناوچەکە پیادەی دەکەن. میلیشیاکانیش وەک کاڵایەک لە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و پوکانەوەدان ..

سهلام مهحمود