ڤیتامین C چاوت لە ئاوی سپی دەپارێزێت
توێژینەوەكان ڕوونیان كردووەتەوە كە وەرگرتنی بڕی تەواوی ڤیتامین C لە خۆراكی ڕۆژانەدا هەنگاوێكی سادە و كاریگەرە بۆ خۆپاراستن یان دواخستنی تووشبوون بە ئاوی سپیی هاوێنەی چاو Cataract. ڤیتامین C كە بە ترشی ئەسكۆربیك Ascorbic acid ناسراوە، چالاكیی دژەئۆكسانی هەیە، واتە فشاری ئۆكسان لە ناو هاوێنەی چاودا كەم دەكاتەوە، لەوكاتەی كە كرداری ئۆكسانی درێژخایەن وا لە پرۆتینەكانی ناو هاوێنەی چاو دەكات كە بەیەكەوە بلكێن و هاوێنە لێڵ بكەن، ئەمەش میكانیزمی دروستبوونی ئاوی سپیی هاوێنەی چاوە. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین C: میوە مزرەكانی وەكو پرتەقال، لالەنگی، لیمۆ، گرەیپ فروت، كیوی، بیبەری شیرین، شیلك، برۆكۆلی، كاڵەك، هەروەها تەماتە. پسپۆران ئاماژەیان بەمەش كردووە كە جگە لە ڤیتامین C، ڤیتامینەكانی E، B3، B6 ڕۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی هاوێنەی چاو لە تووشبوون بە ئاوی سپی.
