تەزرە بۆتانی: وەزیری پەروەردە بۆ تێكەڵكردنەوەی منداڵی ئۆتیزم بە ژینگەی قوتابخانە كاری زۆری كردووە
تەرزە بۆتانی سەرۆكی ڕێكخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوكاری، هاوكات دایكی منداڵێكی ئۆتیزمە و لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشكدەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە دۆخ و ژینگەی تووشبووانی ئۆتیزم.(ڕێكخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوكاری) كە لە ساڵی 2021 وەكو گرووپێكی خۆبەخش دەستبەكاربووە و دواتر بڕیاریانداوە ببین بە ڕێكخراو، كە لە كۆمەڵێك دایك و باوكی خاوەن منداڵی ئۆتیزم پێكهاتوون و بە هاوكاری كۆمەڵێك ڕاهێنەر و ڕاوێژكار خۆبەخشانە بۆ خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم كار دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* ئایا داتا و ئامارێكی باوەڕپێكراو لە هەرێمی كوردستاندا دەربارەی ژمارەی تووشبووان بە ئۆتیزم بوونی هەیە؟
- هەرچەندە تا ئێستا ئامارێكی دروستمان لەبەر دەست نییە، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەكانی كۆمەڵە و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ئێستادا سەرووی 3500 تووشبووی ئۆتیزم لە كوردستان دا هەن. دیارە ئەم ژمارەیەش لەبەر دوو هۆكار تۆماركراون.
هۆكاری یەكەم/ دایك یان باوكی منداڵەكە سەردانی وەزارەتەكانیان كردووە و ناوی منداڵەكەیان تۆماركردووە بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی درێژخایەن.
هۆكاری دووەم/ بەشێك لەو خێزانانە لەژێر فشاری قەیرانی دارایی هاتوون ناویان لە كۆمەڵەی ئۆتیزم تۆماركردووە، ئەوەش بە مەبەستی سوودمەندبوون لە هاوكاری كۆمەڵە و ڕێكخراوەكان، كە ساڵانە نەوت و سەبەتەی خۆراك دەبەخشن.
* لە ئێستادا بارودۆخی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە چ ئاستێكدایە و بە چ ئاراستەیەك تێدەپەڕێت؟
- دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لەوپەڕی خراپیدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت، چونكە ئاستەنگەكان یەكجار زۆرن لە هەموویان ناخۆشتر كەمی سەنتەری حكومییە و زۆرینەی سەنتەرەكان ناحكومین، ئەمەش وا دەكات بەشێكی زۆری ئەو منداڵانە بەهۆی گرانی نرخی سەنتەرەكان لە ماڵەوە بمێننەوە و لە ڕاهێنان بێبەش دەبن.
ئەو كەیسانەی ڕۆژانە بۆ ئێمە دێن كارەساتبارن، چیڕۆكی هەندێك لە دایكان و باوكانی ئۆتیزم بە جیابوونەوە كۆتایی هاتووە ئەمەش كارەساتەكە گەورەتر دەكات، ڕاستە ئۆتیزم تا ئێستا چارەسەری نییە بەڵام سەلمێندراوە كە بە ڕاهێنان باشتر دەبێت و بە هەوڵدان لەگەڵی دەتواندرێ بگەڕێندرێتەوە ناو كۆمەڵگە، پێموایە كاتی ئەوە هاتووە كە حكومەت وەك چۆن قوتابخانەی بۆ منداڵانی ئاسایی دابینكردووە، ئاواش سەنتەر بۆ منداڵەكانمان بكاتەوە.
جێگەی داخە لە ئێستادا نموونەی زۆر خێزانمان لا هەن كە بەهۆی منداڵە ئۆتیزمەكەیان لە یەكتر جیابوونەتەوە، هەندێك كەیسیش لە لێواری ترازانن،، ئەگەر حكومەت فریای ئەو خێزانانە نەكەوێت كارەسات بەڕێوەیە، هەرچەندە ئێمە لە ڕێگەی خێرخوازان بەردەوام هاوكاری ماددی دەگەیەنین بەو خێزانانە، هەندێك لەو ئۆتیزمانەشمان لە سەنتەرە ئەهلییەكان داناوە بە پارەی خوا پێداو و خێرخوازان، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە بەنجێكی كورتخایەنن.
* لە هەرێمی كوردستاندا پرۆسەی دەستنیشانكردنی ئۆتیزم چۆن بەڕێوەدەچێت؟
- دەستنیشانكردن زۆر گرفتی بۆمان دروستكردووە بەهۆی كەمی پسپۆڕ، تا ئێستاش جیاوازی ناكرێت لەنێوان ئۆتیزم و فرەجووڵە(ADHD) و بەركەوتەی شاشە، یاخود ئەو كەسانەی بەهۆی ڕووداوە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان شۆك دەبن و تووشی گرفتی زمان یان خەمۆكی دەبن .
دەبێ هەموو لایەك بە باشی ئەوە بزانن هەموو ئەو قسانەی دگوترێت لە نێوان پەیوەندی شاشە و مۆبایل و ئۆتیزم تەنیا ڕاوبۆچوونی هەڵەی خەڵك و لۆمەیەكی دوور لە دادپەروەرییە بۆ سەر خێزانەكان، تا ئێستا زانست ئەوەی پشتڕاست نەكردۆتەوە كە شاشەی تیڤی و مۆبایل و ئایپاد هۆكاری دروست بوونی ئۆتیزمە.
لە ئێستادا تەنیا دوو هۆكار وەكو گریمانە لە زانست باس دەكرێت بۆ تووشبوون بە حاڵەتی ئۆتیزم، ئەوانیش هۆكاری (بۆماوەیی) و (پیسبوونی ژینگە)ن، بەم دواییە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا دەنگۆی ئەوەش بڵاوبۆوە كە ڤاكسینەكان بەشێكن لە هۆكاری تووشبوون بە ئۆتیزم. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین زانا و مامۆستا لەسەر كارەكانیان دوورخراونەتەوە و بڕوانامەیان لێ سەندراوەتەوە، پارساڵ سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد تڕەمپ لە لێدوانێكی گوتی: (پێمان وایە هۆكاری ئۆتیزممان دۆزیوەتەوە كە ئەویش بەكارهێنانی حەبی پاراسیتیمۆلە لەلایەن دایكەكە لە ماوەی دووگیانیدا)، ئەم قسانەی تڕەمپ لەدوای پێداگیری زۆری وەزیری تەندروستی بوو كە لە زۆر شوێن هۆكاری تووشبوون بە ئۆتیزمی بۆ ڤاكسینەكان دەگەڕاندەوە.
* وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردە لە خزمەتكردن و پشتیوانیكردنی تووشبووانی ئۆتیزم هەنگاوەكانیان بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات؟
- ڕاشكاو بم هەر سێ وەزارەتەكان زۆر بە جددی كار بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەكەن و بەردەوام بڕیاری نوێ بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئەو توێژە دەردەكەن، هەروەها بە مەبەستی ئاسانكاری زیاتر بۆ خێزانەكان یاسای مۆڵەت وەرگرتن دەستكاری دەكەن، هاوكات هەندێك لەو منداڵە ئۆتیزمانەی كە ڕێژەكەیان كەمە، ڕەوانەی قوتابخانەیان دەكەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانن لە هەندێك بڕیاردا بەپێی پێویست دەستكراوە بن، بە نموونە لە 2013 بەسەرەوە مووچەی بەشێك لە خاوەنپێداویستی تایبەت ڕاگیراوە، كە ئۆتیزمیش بەشێكە لەو خاوەنپێداویستییانە.
جێگەی دەستخۆشییە وەزیری پەروەردە بۆ تێكەڵكردنەوەی منداڵی ئۆتیزم بە ژینگەی قوتابخانە كاری زۆری كردووە، بە تایبەت ئەوانەی ڕێژەی ئۆتیزمەكەیان كەمە، دیارە سیستەمەكەش بەگوێرەی مەزاج و ویژدانی مامۆستاكان لە قوتابخانەیەك بۆ قوتابخانەیەكی دیكە بە جیاواز كاری پێ دەكرێت، ئەوەشمان لە بیر نەچێت زۆرجار مامۆستا خۆی ژمارەی قوتابی لە پۆل زۆرە و بەهۆی نەهاتنی مووچە ئامادەباشی تێدا نییە مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم بكات، چونكە وانەگوتنەوە بە منداڵی ئۆتیزم كارێكی ئاسان نییە و دەبێت ژینگەیەكی زۆر تایبەتی بۆ بڕەخسێندرێت.
ئێمە وەك (ڕێكخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوكاری)، لە ڕۆژی هۆشیاری ئۆتیزم ئاهەنگی تایبەت بۆ خێزانەكان ساز دەكەین، بە خۆشحاڵییەوە توانیومانە ببین بە دەنگی ئەو خێزانانە، هەروەها لە ڕۆژی جیهانی منداڵان و بۆنەكانی دیكەی پەیوەست بە منداڵان چاڵاكی مەیدانی ئەنجام دەدەین و لە پێناو زیادكردنی هۆشیاری كۆڕ و سیمیناری تایبەت بۆ خێزانەكان ڕێكدەخەین، هەروەها پڕۆژەیەكمان هەیە بەناوی (ماڵی پەڕەسێلكە) مەبەستمان لێی كردنەوەی ماڵێكی بیست و چوار سەعاتییە بۆ ئۆتیزمە تووندەكان یاخود بێ سەرپەرشتەكان كە تا ئێستا لە كوردستاندا ئەو ماڵە تەنیا لە شاری دهۆك بوونی هەیە، ئەویش ناحكومییە و مانگانە بە بیست وەرەقەیە، پڕۆژەكەمان لە وەقایعی كوردستان بڵاوبۆتەوە و لەگەڵ وەزارەتی كار لەسەر هێڵین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، هەرچەندە كارێكی ئاسان نییە بەڵام لە داهاتوودا هەوڵی زیاتری بۆ دەدەین.
