تەنیا چیاكان دۆستمانن . . . خوێندنەوەیەكی دیاردەناسی بۆ مانای «چیا» لە هرز و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی
لەم ڕۆژە مێژووییەدا كە یادی 123یەمین ساڵیادی لەدایكبوونی مستەفا بارزانی دەكەینەوە، تەنیا باس لە یادكردنەوەی كەسایەتییەك ناكەین، بەڵكو باسی گەڕانەوە بۆ ئەو هزر و هۆشیارییە ڕەسەنە دەكەین، كە توانیی مانایەكی جیاواز بۆ «چیا» بەرهەم بهێنێتەوە. ڕاستە بارزانی لە چیا بوو، بەڵام مانای «چیا» لەناو هزر و هۆشیاریی ئەودا لە تاشەبەردێكی سەخت و جوگرافیایەكی دیاریكراو، وەرچەرخا بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەیەكی زیندووی نەتەوەیەك. بارزانی تەنیا كاریزما و ڕابەرێكی سیاسی نەبوو، بەڵكو بە مانادانەوەی بە «چیا» بووە داهێنەری شێوازیكی نوێی «بوون»ی نەتەوەیی و نیشتمانیمان كە تیایدا «چیا» دەبێتە تاكە دۆستی گەلێكی زوڵملێكراو كە چەندین نەتەوە و ئایینی جیاوازی پێكەوە كۆكردووەتەوە. بۆ تێگەیشن لە هزری ئەم ڕابەرە، پێویستە لە ڕوانگەیەكی قووڵەوە بگەڕێینەوە بۆ خودی ئەو توخمانەی لەناو هزر و هۆشیاریی ئەودا مانایەكی دیكەی جیاواز وەردەگرن، جیاواز بەو مانایەی چیتر «چیا» تەنیا تاشەبەرد و لووتكەی بەرز نین، بەڵكو دەبنە پانتاییەكی مەعریفی كە تیایدا سەرلەنوێ پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون دەكرێتەوە و، هەموو جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینەكان لەژێر سێبەری ئیرادەی چیادا دەبنە یەك ئیرادەی یەكگرتوو لە چوارچێوەی ناسنامەی كوردستانیبووندا، هەر بۆیە كاتێك لەناو ئەو پانتاییەی كە چیا بۆ بیركردنەوەی نوێ دروستی كردبوو، تەنیا مامەڵە لەگەڵ تاشەبەرد نەدەكرا، بەڵكو هەموومان پێكەوە هەوڵمان دەدا لە گەوهەری مانای ئازادی و سەربەخۆیی تێبگەین.
چیا وەك قەڵغانێك
نەیهێشت هوشیاریی نەتەوەیی ببێتە پاشكۆی ویستی دوژمن
هزر و هۆشیاریی مستەفا بارزانی هەمیشە لەناو بیری نەتەوەییدا ئاراستەكراو بوو بۆ ناوەڕۆكی مانا، لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەی نەتەوەیەك بوونی هەبێت بە ناوی «كورد» نیشتمانێك هەبێت بە ناوی «كوردستان»، چیاكانی كردە ناوەندی دروستكردنی بڕیار بۆ ئەوەی تاكەكانی ئەم نیشتمانە لە سنوورە تەسكەكانی ژێردەستەیی دەربچن و بەرەو سەروەریی ڕەهای نیشتمانی هەنگاو هەڵبگرن. ئەم هزرە هەموو ئەو دیكیۆمێنتە ساختانەی كە داگیركەران دەیانویست بەسەر مێژووی كورد و كوردستاندا بیسەپێنن، بە میتۆدی «ئەدمۆند هۆسیرل» وەلای نان و خستییە ناو دوو كەوانەوە، ئەو واقیعە سەپێنراوەی كە دەیگوت: «كورد ناتوانێت شۆڕش بكات»، یان جوگرافیایەك بە ناوی «كوردستان» بوونی نییە، هەموویانی هەڵپەسارد و لە چیاكاندا تەنیا كاری لەسەر جەوهەری بوونی كورد و كوردستانییەكان كرد و هەوڵی دەدا، چیا بكاتە لابۆرێك بۆ دۆزینەوەی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەمەشدا «چیا» مانەیەكی دیكەی وەرگرتبوو و ببووە لووتكەی ئەو ئاسۆیەی كە لێوەی سەیری ئایندەی نەتەوە و نیشتمانێكمان دەكرد. ئەم مانا جیاوازەی «چیا» بووە هۆكاری ئەوەی لە بیركردنەوەی هەر كوردستانییەكدا «چیا» مانای تەنیا دۆستی هەمیشەیی و دانەبڕاو لە جەستەی نیشتمان وەربگرێتەوە.
«چیا» لە مانای سەنگەرەوە بۆ بەرگری، بووە قەڵغانێك بۆ تێكشكاندنی ڕق و كینەی داگیركەران و ڕێگرتن لەوەی هۆشیاریی نەتەوەییمان ببێتە پاشكۆی ویستی داگیركەران، بۆ ئەمەش چیا بووە ئەو شوێنەی كە ڕاستیی بوونی نیشتمانی تێدا ئاشكرا دەكرا و پەردەی لە ڕووی زوڵم و كینەی داگیركەران هەڵدەماڵی و كۆی نەتەوەی لە دەوری یەك ئیرادە كۆدەكردەوە، كە ئەویش مانادان بوو بە «چیا». ڕاستە مستەفا بارزانی بە جەستە لەناو چیاكانی كوردستان ڕێبەرایەتی دەكرد، بەڵام «چیا» وەك مانایەك و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئازادی لەناو بیركردنەوە و هۆشیاریی ئەودا لەدایك بوو.
بارزانی بە كردەوە سەلماندی «چیا» هەناوی نیشتمانێكە كە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان تیایدا یەكسان و ئازادن و ئەمە دەبێتە میراتێك بۆ نەوەكانی ئایندە كە هەتا مانای «چیا» لە هرز و هوشیاریماندا زیندوو بێت، ئیرادەی ئازادی و سەربەخۆیی وەك دارێك زیاتر ڕەگەكانی لەناو خاكدا دادەكوترێت.
چیا
نیشتمانێكی ئازاد بۆ پەروەردەی نیشتمانی
بارزانی و پێشمەرگە و هاووڵاتیانی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش، تەنیا لەناو چیاكان نەدەژیان، بەڵكو لەگەڵ ڕۆحی چیا ببوونە یەك و تاشەبەرد و ئەشكەوت لەناو ئەو ژینگە مەعریفییەی شۆڕش دروستی كردبوو، بەردەوام لەناو هۆشیاریی نەتەوەدا مانای دیكەی بە»چیا» دەبەخشی، ئەو مانایانەی كە دەبنە بناغەیەك بۆ پێدانی مانا بە كەرامەتی «هاووڵاتیبوون»، هەر بۆیە شۆڕش كە لەناو چیاكاندا وەك ئامرازێك مانای «چیا»ی لە ناو هرز و هۆشیاریی بارزانیدا بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان تەرجەمە دەكرد، هەنگاوی یەكەمی ئەوە بوو، كە ئەو زوڵم و ستەمەی داگیركەران دادگایی بكات، كە ڕێگر بوون لەوەی كورد و نەتەوە جیاوازەكانی دیكە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، بۆ ئەمەش بڕیاری دا، چیا و ئەشكەوتەكان بكاتە قوتابخانە و تیایدا كچان و كوڕانی هەر نەتەوەیەك ئازادانە بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئەمەش مانای ئەوەیە «چیا» لە سەنگەری بەرگری و قەڵغانێك بۆ تێكشكاندی ڕق و كینەی داگیركەران، مانایەكی دیكەی وەرگرت، كە ئەویش ناوەندێكی ئازاد بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەی زانستی و قەڵاچۆكردنی نەخوێندەواری بوو، بەمەش شۆڕش بە ڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی، خەونە گەورەكەی ئەحمەدی خانی هێنایە دی كە پێش زیاتر لە دوو سەدە گوتبووی: «دا خەلق نەبێژتن كو ئەكراد ..بێ مەعرفەتن بێ ئەسل و بنیاد». خانی، لەم بەیتە بەرزەدا ئیرادەی نەتەوەیی دەبەستێتەوە بە «كەرامەتی فیكری». ئەو ڕایوایە: نەتەوەیەك كە بە زمانی بێگانە بنووسێت، ئیرادەی خۆی فرۆشتووە. بۆیە هەر نەتەوەیەك دەبێت لە خانی پەند وەربگرێت، كە «زمان سەنگەری یەكەمی ئیرادەیە»، كە جەخت لەوە دەكاتەوە، كاتێك كورد، یان نەتەوەكانی دیكەی كوردستان بە زمانی خۆیان دەنووسن و زانست بەرهەم دەهێنن، ئەوا كورد و نەتەوەكانی دیكە هەوڵ دەدەن، وەك گەلێكی خاوەن شارستەنیەت بوونی خۆیان بسەلمێنن.
«چیا» وەك مانای نیشتمانێكی ئازاد لە هرز و بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، بووە ئەو واقیعەی دەبوو بە مانای «ئازاد» نیشتمانەكە بەرجەستە بكاتەوە، لەم چوار چێوەیەدا شۆڕش هەنگاوی هەڵگرت بۆ ئەوەی دەبێت لەناو چیاكاندا كاروباری ڕۆژانەی خەڵك و پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و هاووڵاتیان لە چوارچێوەی سەروەریی یاسا ڕێك بخرێتەوە، بۆ ئەمەش دادگای دەوڵەتی سەربەخۆ وەك «دەسەڵاتێكی سەربەخۆی دادوەری» و جیاواز لە دادگای شۆڕش لە ناوچە ئازادكراوەكانی چیاكان دامەزراند، كە بە یاسای مەدەنی كاروباری ڕۆژانەی خەڵكی بەڕێوەدەبرد، نەك بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، ئەمەش بە مەبەستی ئەوە بوو، بۆ یەكەمین جار و هاوشان لەگەڵ خەباتی چەكداری، لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش یاسا سەروەر بێت و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی پیادە بكرێت.
«چیا» وەك نیشتمانێكی ئازادی سەرلەنوێ بونیادنراوە، لە هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی، پێویستی بە ڕیفۆرمێكی كۆمەڵایەتی هەبوو، بەتایبەتی لە چوارچێوەی خێزان و ڕێز و یەكسانیی مافی نێوان ئافرەتان و پیاواندا، بۆیە شۆڕش لە بەر ڕۆشنایی هرز و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی هەنگاوی بۆ ئەم ڕیفۆرمە كۆمەڵایەتیە میژووییە هەڵگرت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم ڕیفۆرمانە دەبوو بە یاسا بكرێن و لەبەر ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی كوردستان و ناوچە ئازادكراوەكان موسڵمان بوون و نابێت یاسا هاودژی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام دروست بكات، بۆ ئەم هەنگاوە هەماهەنگی لە نێوان دادگا و زانا و پیاوانی ئایینی ئیسلامی دروست كرا. ئەم هەنگاوە جیا لەوەی بووە بناغەیەك بۆ دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، لە هەمان كاتیشدا بووە هۆكاری ئەوەی كۆمەڵێك ڕیفۆرمی زۆر مێژوویی ئەنجام بدرێن، بەتایبەتی سەبارەت بە مافەكانی ئافرەت وەك قەدەغەكردنی «ژن بە ژن، گەورە بە بچووك، مارەكردنی كچ لەسەر لانكە، وەرگرتنی شیربایی و...هتد». هەریەك لەمانە تا ڕادەیەكی زۆر ببوونە دابونەریتی باو لە كۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی كوردستان، بەڵام فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانی توانیی ئەم شۆڕشە كۆمەڵایەتییە گەورەیە سەربخات و لەم نیشتمانە ئازاددا ڕێز و هاوسەنگی بۆ مافەكانی ئافرەت و پیاوان ڕێك بخاتەوە. ئەم هەنگاوە مرۆڤدۆستییە كە تا ئێستاش لەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، نەك هەر هەنگاوی بۆ هەڵنەگیراوە، بەڵكو لە دەوڵەتێكی وەك عێراق كە پێی دەڵێن «عێراقی نوێ» لە ساڵی 2024 یاسای باری كەسێتیان لەسەر بنەمای فقهی ئیمام سادق جەعفەر هەموار كردەوە، كە بە یاسا ڕێگە خۆش كراوە بۆ ئەوەی كچ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا هاوسەرگیری بكات، ئەمە لە كاتێكدا لە كوردستان، یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان فەتوایان داوە، نابێت ڕێگە بدرێت لە خوار تەمەنی 18 ساڵی كچ هاوسەرگیری بكات.
چیا
وەك پانتاییەك بۆ لێكتێگەیشن و زمانی دیپلۆماتیەت
خوالێخۆشبوو د.شەفیق قەزاز، كە لە سەرەتای سەدەی شەستەكانی ڕابردوو قوتابی بووە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن، لە دیدارێكی ڕۆژنامەیی بۆی گێڕاینەوە، كە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، جەنابی مستەفا بارزانی داوای لێكردووە، سەردانێكی كوردستان بكات. لەو سەردانەیدا بۆ كوردستان، مستەفا بارزانی داوای لێكردووە: «وەك قوتابییەكی كورد لە زانكۆكانی ئەمریكا هەوڵ بدات كە دۆزی گەلەكەتان بە ناوەندەكانی ڕۆژنامەگەریی ئەو وڵاتە بناسێنێت و هانی ڕۆژنامەنووسەكانیان بدەن، بۆ ئەوەی سەردانی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش بكەن و لە داوا ڕەواكانی خەڵكی كورستان بگەن و بیگوازنەوە بۆ ڕای گشتیی جیهانی». بێگومان ئەمە بەشێك بووە لەو هەوڵە فراوانەی بارزانی كە دەیویست دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بگەیەنێتە ڕای گشتیی جیهانی، بۆ ئەمەش هەر لەو سەردەمەدا دەیان ڕۆژنامەنووسی جیهانی بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی «ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو»، سەردانی كوردستانیان كردووە، كە بەشێكیان بە كامێرای سینەمایی شەڕەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای داگیركەری عێراقیان تۆمار كردووە، بەشێكیان بە كامێرای فۆتۆگراف دیمەنەكانی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكانیان تۆمار كردووە، بەشێكیشیان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەییان بۆ ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان ئامادە كردووە. ئەم ئاستە بەرزەی هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی مەگەر تەنیا «فینیۆمینولۆجیای ئاگامەندی» ئەدمۆند هۆسیرل بتوانێت پێناسەی بكات، كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە «تەنیا ئاگامەندیی مرۆڤە دەتوانێت، مانا بە شتەكان بدات، وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت، هەر بۆیە بەردەوام ئاگامەندی ئاڕاستە كراوە بۆ ناوەوەی شتەكان و ئەو ئاگامەندییە مانایەكی تازەی بۆ دروست دەكات، هەر بۆیە جیهان پێناسەی مرۆڤ ناكات، بەڵكو جیهان دێتە ناو ئاگامەندیمان و ئێمە مانای بۆ دیاری دەكەین». لەم چوارچێوەیەدا هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بەوە ڕازی نابێت كە جیهان، یان دەوڵەتانی داگیركەر چی لەسەر كورد و كوردستان دەڵێن، یان دەیانەوێت چ زوڵمێك بەسەر مێژووی ئێمەدا بەسەپێنن، بەڵكو ئەو مەبەستی مانا تازەكەی «چیا» وەك گەوهەری ڕەسەنی مانای «كوردبوون و كوردستانیبوون» لەناو فەرهەنگی ڕای گشتیی جیهان بسەپێنێت، ئەو ڕێگەی نەدەدا ئەو مێژووەی بەسەردا تێپەڕێت، كە جیهان و دەوڵەتانی داگیركەر دەیانویست بەسەر كوردو كوردستاندا بیسەپێنن، بەڵكو ئەو خۆی بنیادنەری مێژوویەكی تازە بوو لە هوشیاریی ئەوی دیكەی بەرانبەردا، ئەم تێگەیشتنەی پانتایی بیركردنەوەی ناو چیا كە ئێستا لەناو چەندین كتێبی ڕۆژنامەوانی و ئەلبوومی وێنەكان و فیلمە سینەماییەكانی دەبینین و، لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی جیهانەوە كراونەتە ئەرشیڤێك بۆ مانای «چیا» لە هرز و بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، دروستكردنی ئەو مێژوویەی كە مستەفا بارزانی لە هۆشیاریی ئەوی دیكەدا تۆماری كردووە.
