لـــە یـــادی لەدایكبوونی بارزانیدا.. قارەمان و كاریزمایەك لە قەدەری نەتەوەدا
(*)
مستەفا بارزانی، ناوێكە قۆناغێكی چارەنووسساز لەخۆ دەگرێت، ئەو قۆناغەی مێژووی بۆ ئێمە بەرەو باشتر گۆڕی، بەرەو باشتر بۆ هەر كەسێك كە مافەكانی بە وەرگرتن و بەخشین دەویست، هەروەك چۆن مێژووی بەسەر ستەمكاراندا گۆڕی بۆ ئەوانەی كە شایستەی بوون، بەوەی بە كردار و گوتار نیشانی دا، كە ماف و جێگیربوون لەسەری، پرسێكە سازشی لەسەر ناكرێت و گۆڕانی بەسەردا نایەت.
چواردەی ئازار، لای ئێمە (مەبەستم شوێنكەوتووانی ڕێبازی بارزانییە)، ڕۆژێكە پەیوەستە بە یادی پیاوێك كە هۆشیاریی لەنێو كورددا لە هەموو شوێنێكدا دووبارە پێكەوە نایەوە. لە سەرەتای هۆشیاربوونیەوە، تواناكانیشی زوو دەركەوتن، خەریكی خەبات بوو. مستەفا بارزانی میراتگری ماڵباتێكی ناودار بوو لە زانست و خەباتدا، ماڵباتێك نەوەكانی خۆی كردە قوربانی بۆ پێكهێنانی نەتەوەیەك لەناو وێرانە و كۆت و بەنددا، وێرانەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی، وێرانەیەكی دەسەڵاتەكان و بەرژەوەندییە گەورەكان.
مستەفا بارزانی، ئەو گەنجە بوو كە بە تەنیا و بە چەند پیاوێكەوە ڕووبەڕووی هێزە نیزامییەكانی حكومەتەكانی پێشووی عێراق بووەوە، ئەو حكومەتانەی دەیانویست بە زۆر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خاك و گەلەكەماندا بسەپێنن. ئەو (بارزان)ی كردە ناوەندێكی بەرەنگاربوونەوە، ئەوانەی ڕەت كردەوە كە دەیانویست حوكم بكەن و نەیاندەزانی گەل چی دەوێت.
مستەفا بارزانی ئەو پیاوە بوو، كە كاریگەریی (بارزان)ی گواستەوە بۆ هاندان لە پێناو خەباتێكی سەخت، تەنانەت كاتێكیش لە زیندان و دوورخراوە و جووڵەی سنووردار بوو، داواكارییەكانی ڕوون بوون و پاساوەكانی فراوان، نەیارێك بوو بە قسەی پڕوپاگەندە دادی نەدەهات و، هەڕەشە و تۆقاندنیش كاریان لە ئیرادەی نەدەكرد.
مستەفا بارزانی، ئەو پیاوە بوو كە كاریگەرییەكی هاندەری دروست كرد بۆ بەرەوپێشچوونی ئەزموونەكانی حوكمڕانیی نەتەوە لەنێو نەتەوەكەدا.
بارزانی لە كاتی دەستپێكردنی خەباتیەوە، كاریگەریی بنیادنەرانەی لە هەموو ئەزموونێكی شۆڕش، یان حوكمڕانیی ئەم نەتەوەیەدا هەبووە. ئەو ڕۆژژمێرێكە لە دەستكەوتەكان كە بە تەنیا خۆی وەستاوە، ئەم ڕۆژژمێرەش بیر و بازووی بارزانی و قوربانییەكانی و، قوربانییەكانی ئەوانەی ڕێبازی ئەویان هەڵبژاردبوو، دروستی كردووە.
بارزانی، هاوچەرخی حكومەت و سیاسەتگەلێك بوو كە توانای لەرزاندنی هەر كەس، یان قەوارەیەكی نەیاریان هەبوو، بەڵام هەموویان نەیانتوانی ئامانجیان بەدی بهێنن لە بێدەنگكردنی، یان ڕێگریكردنی، یان كۆتایی پێهێنان، نە بە «ئیغرا» و نە بە ترساندن و نە بە ناوزڕاندن و نە بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی بنكە جەماوەرییەكەی، یان پارچە پارچەكردنی بناغە حزبییەكەی، نە بە هەوڵی كوشتنی، یان كوشتنی نزیكەكانی.
بارزانی پیاوێك بوو كە لەگەڵ هەموو سیفەتەكانی سەركردایەتیدا، زوهدێكی ڕەسەن و پاكییەكی ڕاستەقینەی كۆكردبووەوە. پێكهاتەی بیروباوەڕی بارزانی، پێكهاتەیەكی متمانەپێكراوی پاك بوو، فراوانیی ئاسۆكانی باڵای بەسەر تەنگیی ئاسۆكانی ئەوانەدا گرتبوو، كە دوژمنایەتییان دەكرد، یان بوونە هۆی نائومێدی بۆ بزووتنەوەكەی.
درێژەی مێژووی ژیانی بارزانی، ئەستەمە بۆ كەسێكی دیكە دووبارە ببێتەوە، چونكە هەموو كاتەكانی، كاتی خەبات و ڕۆشنبیركردن بوو بۆ دادپەروەرییەك كە ڕێگاكانی كورت دەكردەوە و زیانەكانی كەم دەكردەوە.
ئەو بۆ نەتەوەكەی ژیا، دوای ئەوەی گیانی بەخشی و فیكر و هزری بڵاوبوونەوە و ڕێگەی ڕوونی درێژبووەوە، داواكارییەكانی بارزانی لە حەق و دادپەروەرییەوە دەستی پێدەكرد، لە پێناو ئەوەی ئەو داواكارییانە بەدی بهێنێت.
بەڵێ. ئەم پیاوەیە كە لە چواردەی ئازاردا یادی لەدایكبوونی دەكەینەوە.
(*)
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

فازڵ میرانی*