تێكستكردن بە مۆبایل و هەوكردنی جومگەی پەنجەكان
ئایا تێكستكردن بە سماتفۆن دەبێتە ئەگەری هەوكردنی جومگەی پەنجەكان؟ لەكاتی لێدان و سووڕاندنی سەری پەنجەكان لەسەر شاشەی مۆبایلدا بەتایبەتی بۆ ماوەیەكی زۆر و گرتنی مۆبایل بە هاوسەنگییەكی لەنگ، كە لەوانەیە فشاری زۆر بكەوێتە سەر پەنجەی بچووكی دەستەكەیتر، هەروەها فشار دەكەوێتە سەر نزیكەی هەموو جومگەكانی پەنجەكان. هەر دەستێك 27 جومگە، 27 ئێسك، 34 ماسوولكە لەگەڵ 100 بەستەر و ژێ Tendons لەخۆدەگرێت. دووبارەبوونەوەی جووڵەی پەنجەكان بە ئاراستەی جیاواز، فشار دەخاتە سەر جومگەی پەنجەكان، ماسوولكەكان، بەستەرەكان، لەگەڵ ژێیەكان، ئەمەش هۆكارە بۆ هەستكردن بە ئازار و ناڕەحەتی، بەتایبەتی كە لەكاتی تێكستكردن بۆ ماوەیەكی زۆر بێ ئەوەی ناوە ناوە پشوو بدرێتە دەستەكان، هەروەها بە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەكە و بە تێپەڕبوونی كات لەوانەیە كە ژێ و جومگەی پەنجەكان تووشی هەوكردنی درێژخایەن ببن بە شێوەی ئازار، ئاوسان، لەگەڵ سنوورداربوونی جووڵەی جومگەكان، بەتایبەتی لە پەنجەی گەورەدا.
