پاش ژەمی بەربانگ هەرگیز مەخەوە
هەندێك كەس پاش ژەمی بەربانگ ڕاستەوخۆ ڕادەكشێن و پاش ماوەیەكی كەم دەچنە خەوەوە. خەوتن پاش ژەمی خواردن بەتایبەتی ئەگەر ژەمەكە گەورە و چەوری بێت و كاربۆهیدراتی زۆر لەخۆبگرێت، ئەوا چەند گرفتێكی تەندروستیی لێ دەكەوێتەوە هەتا ئەگەر بۆ یەك جاریش بێت، بەڵام ئەگەر بەردەاوم بێت ئەوا گرفتی تەندروستیی گەورەتر پەیدا دەكات. بەگشتی خەوتن پاش ژەمی بەربانگ دەبێتە ئەگەری: هەستكردن بە بێهێزی و هیلاكیی جەستەیی پاش لەخەوهەڵسان، كە لەوانەیە وا لە كەسەكە بكات كە ڕاكشێت و دووبارە بچێتە خەوەوە، بەدهەرسی، دڵەكزێ و زیادبوونی ئەگەری گەڕانەوەی دەردراوەكانی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD كە لەوانەیە تا قوڕگ هەڵكشێن، هەروەها هەستكردن بە پەستی و ناڕەحەتیی دەروونی. دووبارەبوونەوە و بەردەوامبووون لەسەر خەوتن پاش خواردنی ژەمی بەربانگ لەوانەیە ببێتە هۆی گرفتی گەورەتری وەك: زیادبوونی كێش لە ئەنجامی كزبوونی كرداری میتابۆلیزم، تێكچوونی خەو، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری 2، زیادبوونی ئەگەری جەڵتەی مێشك، هەروەها زیادبوونی ئەگەری وەستانی كاتی هەناسە لەكاتی خەودا Sleep apnea.
