ئایا مرۆڤ سه‌رپشككراوه یان ئاراسته‌كراو؟خوێندنه‌وه‌یه‌كى فه‌لسه‌فى
بۆ ماوه‌ى هزاران ساڵى رابردوو فه‌لسه‌فه، و زیاتر له سه‌د ساڵى دوایى ده‌روونناسى هه‌وڵ ده‌ده‌ن وڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره گرنگه‌ى مرۆڤ بدۆزنه‌وه كه ئه‌وى سه‌رقاڵ كردووه و هه‌ر كه‌سه و به‌گوێره‌ى بیرۆبۆچوونه‌كانى خۆى، ده‌یه‌وێ بارگرانى له‌سه‌ر شانى مرۆڤ سووك بكات و تێیبگه‌ینێ كه ئایا ئه‌و سه‌رپشككراو ( مخیر) ه یاخود ئاراسته‌كراو (مسیر)؟
لاپه‌ڕه‌كانى زێڕ‌ینى فه‌لسه‌فه و سایكۆلۆژیا پڕن له‌و بیروبۆچوونانه، كه ئێمه لێره‌دا ته‌نها ئاماژه به یه‌كێكیان ده‌ده‌ین، ئه‌گه‌رچى بڕوامان وایه وڵامێكى كۆنكرێتى و گشتى بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌سته‌مه و ناكرێت وه‌ك هاوكێشه و یاسایه‌كى بیركارى یان فیزیك پشتى پێى ببه‌سترێت، چونكه له لایه‌ك ئه‌م پرسیاره پرسێكى قورس و فره‌ڕه‌هه‌ند و ئاڵۆزه، و له لایه‌كیتره‌وه ئه‌و بیروبۆچوونانه هی مرۆڤێكن، كه وه‌ك هه‌ر مرۆڤى دیكه ده‌كرێ له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانى ئێمه‌دا یه‌كنه‌گرن و ناكۆك بن. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌توانن ده‌رچه‌یه‌ك بن بۆ تێگه‌یشتن له‌م پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌ى مرۆڤ.
یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سۆفانه‌ى له‌م بابه‌ته‌دا را و بۆچوونى هه‌یه فه‌یله‌سۆفى هۆڵه‌ندى، بارۆخ سپینۆزا (1632-1677) یه. كه بڕواى به زۆرگه‌رایى (جه‌برگه‌رایى یان determinism) هه‌یه. ئه‌م فه‌یله‌سۆفه كاته‌كانى رابردوو و ئێستا و ئایینده به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و له‌و بڕوایه‌دایه كه هه‌موو رووداوه‌كانى جیهان له كاتدا گرێدراون به فاكته‌ره‌كانى پێش خۆى تا ده‌گاته ئه‌و كاته‌ى كه یه‌كه‌م رووداو له جیهاندا رووى داوه. به‌واتایه‌كیتر هه‌ر رووداوێك خۆى به‌رهه‌مى فاكته‌ر و رووداوى پێش خۆیه‌تى تا ده‌گاته ئه‌و چركه ساته‌ى ئه‌م جیهانه ده‌ستیپێكردووه و دانراوه، چونكه هه‌ر یه‌كه له‌م رووداوانه له كات و ساتى خۆیان روویانداوه، و له هه‌مان كاتدا وه‌كچۆن به‌رهه‌مى رووداى پێش خۆیانن هه‌رواش فاكته‌رى روودانى رووداوێكى دواى خۆشیان ده‌بن. بۆ نموونه كاتێك كه كه‌سێك به‌رده‌بێته‌وه و ده‌ستى ده‌شكێ، هۆیه‌كه‌ى ئه‌وه بووه كه به‌په‌له رۆیشتووه، و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى كه بۆچى به‌په‌له رۆیشتووه فلان شته، و ... هتد.
ئه‌وه‌ى كه هه‌ندێ جار ده‌ڵێین گۆایه هه‌ندێ له رووداوه‌كان شانس و به‌ختن، له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێمه یان ناتوانین ئه‌گه‌ره‌كانى بدۆزینه‌وه و ده‌ستنیشانى بكه‌ین یان هه‌ر به یه‌كجارى لێى تێناگه‌ین. چونكه ناسینه‌وه‌یان بۆ مێشكه بچووك و سنوورداره‌كه‌ى ئێمه ئه‌سته‌م و قورسه.
كاتێك كه رووداوێك رووده‌دات به‌هۆى ئه‌وه‌یه كه فاكته‌ره‌كانى پێشووترى روویانداوه و ئیتر له ده‌سه‌ڵاتى كه‌سدا نیه رێگه له روودانى بگرێ. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌سته‌مه كه‌س بتوانێ له ئێستادا رێگرى له روودانى ئه‌و رووداوه بگرێ. سپینۆزا پێى وایه هه‌ندێ جار پێمانوایه كه ده‌كرا رووداوێك به جۆرێكیتر رووى بدابایه، و ئه‌مه خۆى له خۆیدا به‌رهه‌مى لاوازیى و ناتوانایى ئێمه‌یه له‌وه‌ى كه له یاساكانى ئه‌گه‌رایه‌تى (علیه‌ت) تێبگه‌ین.
ئه‌و پێى وایه كه له سروشتدا هیچ هه‌ڵبژاردنێكى ئازادانه له ئارادانیه. به‌واتایه‌كیتر ئه‌گه‌ر له شوێنێك لافاو رووده‌دات ئێمه بۆمان نیه بڵێین نه‌ده‌بوایه ئه‌و رووداوه رووى بدابایه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه هه‌ندێ كه‌س پێیانوایه مرۆڤ له یاساكانى سروشت به‌ده‌ره و ئه‌م یاسایانه به‌سه‌ر مرۆڤدا جێبه‌جێ نابن، به‌ڵام سپینۆزا ئه‌م تیۆرییه به‌تووندى ره‌ت ده‌كات و پێى وایه كه مرۆڤیش به‌شێكه له سروشت و هه‌موو یاساكانى سروشت به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ ده‌بن و ده‌چه‌سپن. هه‌روه‌ها سپینۆزا پێیوایه ئه‌و رووداوه‌ى كه له كاتى ئێستا دا رووده‌داتـ هه‌موو فاكته‌ره‌كانى تا یه‌كه‌م فاكته‌رى روودانى یه‌كه‌م رووداوى ئه‌م جیهانه هه‌موو رێكخراوه، بۆیه ئێستا ئه‌م رووداوه‌ش رووده‌دات بۆ نموونه ئه‌و چركه ساته‌ى كه من ئێستا خه‌ریكى نووسینى ئه‌م گۆتاره‌م تا یه‌كه‌م رووداوى ئه‌م جیهانه كه به رووداى بیگ به‌نگ ناسراوه، و پێش مه‌لیارها ساڵ هه‌مووى رێكخراوه و پێكه‌وه به‌ستراوه. ئا لێره‌دایه كه هه‌ندێ جار سپینۆزا پێیوایه مرۆڤ ئازاد و سه‌رپشككراو نیه، و واى بۆ ده‌چێ ئه‌وانه‌ى وا ده‌زانن مرۆڤ سه‌رپشككراو و ئازاده، ئه‌وه ته‌نها هه‌ستێكه نه‌ك هیچ شتى دیكه. ئه‌وه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه هه‌ندێ له فه‌یله‌سۆفه‌كان ناویان لێناوه ( وه‌همى ویستى ئازاد). كه وه‌ك سپینۆزا پێیوایه ده‌شكرێ به‌شێك له هه‌سته‌كانمان هه‌ڵه بن و ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێمه‌ى مرۆڤ ناتوانین له هه‌موو یاساكانى سروشت تێبگه‌ین.
هه‌ر سێ ئایینه‌كانى ئیبراهیمى ( واته جووله‌كه، مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام) بڕوایان به‌وه هه‌یه كه مرۆڤ سه‌رپشككراوه، و به‌وه‌ش دژى بۆچوون و تیۆرییه‌كه‌ى سپینۆزا ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌و ئایینانه پێیانوایه ئه‌گه‌ر وه‌ك سپینۆزا بڕواى وایه كه مرۆڤ ئاراسته‌كراوه، ئا له‌و كاته‌دا دۆزه‌خ و به‌هشت و ... هتد، بێ واتا ده‌بوون.
نابێ لێ{ه‌دا ئه‌وه‌شمان له یاد بچێ كه جیاوازى هه‌یه له نێوان جه‌برگه‌رایى و قه‌ده‌رگه‌رایى (fatalism). له قه‌ده‌رگه‌رایى دا مرۆڤ هه‌ر ره‌فتارێك ئه‌نجام ده‌دات، چ بیه‌وێ و چى نه‌یه‌وێ، ئه‌و رووداوه رووده‌دات، چونكه چاره‌نووس پێش ئه‌وه دیاریكراوه و وه‌ك ده‌گۆترێت: نووسراوه و ده‌بێ هه‌ر رووبدات. به‌ڵام له جه‌برگه‌راییدا وا نیه، به‌ڵكۆ هه‌ر ره‌فتارێكى مرۆڤ كاریگه‌رى به‌سه‌ر ره‌فتار و كار و كرده‌وه‌كانى ئایینده‌ى دا كاریگه‌ره. چونكه هه‌ر ره‌فتارێكى ئێمه به‌رهه‌مى هه‌ندێ فاكته‌ره كه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى ده‌بێ له‌سه‌ر رووداوه‌كانى داهاتوودا. له‌جه‌برگه‌راییدا هیچ شتێك چاره‌نووسى دیار و ده‌ستنیشانكراو نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ى قه‌ده‌رییه‌كان بۆى ده‌چن، به‌ڵكۆ كۆمه‌ڵێك له فاكته‌ر و ئه‌گه‌ر و رووداون كه به شێوه‌یه‌كى ئاڵۆز به‌یه‌كه‌وه به‌ستراون.
مرۆڤێك كه جه‌برگه‌رایه، به‌پێچه‌وانه‌ى قه‌ده‌رگه‌رایه‌ك، ده‌زانێ كه بچووكترین ره‌فتار و كرده‌وه‌شى، كاریگه‌رى ده‌بێ له‌سه‌ر داهاتووى. و ئه‌مه خۆى ده‌بێته پاڵنه‌رێك (motive)، و ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌بێته هۆكارى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و خۆى وه‌ك فاكته‌رێكى كاریگه‌ر ببینێ. ئه‌م جۆره كه‌سه له جیاتى سه‌ركۆنه‌كردنى خۆى، بیر له ئه‌گه‌ر و فاكته‌ره‌كان ده‌كاته‌وه. بۆ نموونه كاتێك كه‌سێك خراپه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كات له‌جیاتى هه‌ڕه‌شه‌لێكردنى له ئه‌گه‌ر و فاكته‌ره‌كانى ئه‌و ره‌فتارانه‌ى ئه‌و كه‌سه ده‌كۆڵێته‌وه.
ئه‌وانه‌ى بڕوایان به تیۆرییه‌كه‌ى سپینۆزا هه‌یه بۆ كه‌سێكى تێگه‌یشتوو ده‌گۆڕدرێن و ده‌زانن كه بچووكترین ره‌فتاره‌كه‌شى به‌ستراوه‌ته‌وه به هه‌موو ئه‌م جیهانه و كاریگه‌رى به‌سه‌ر هه‌موو جیهانه‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت ده‌زانێ كه فڕینى باڵنده‌یه‌ك له كوردستان په‌یوه‌ندى به روودانى تسونامیه‌ك هه‌یه كه له ئیندۆنیزیا كاره‌ساتى لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ى سپینۆزا له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ئه‌و پێى وایه خوا و سروشت یه‌ك شتن، به‌واتایه‌كیتر سروشت خوایه و خوا هه‌مان سروشته. ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ى كه ئه‌نیشتاینیش له یه‌كێك له قسه‌كانى خۆیدا ئاماژه‌ى پێده‌دات و ده‌ڵێ: " من بڕوام به‌و خۆایه هه‌یه كه سپینۆزا بڕواى پێیه‌تى".
سپینۆزا پێیوایه كه جیهان ئامانجداره، به‌واتایه‌كیتر وه‌كچۆن هه‌ر كارێك كه مرۆڤ ده‌یكات ئامانجێكى هه‌یه، هه‌رواش ئه‌م جیهان و سروشته‌ش ئامانجێكى به‌دواوه‌یه. هه‌ر یه‌كه له ئێمانۆئێل كانت و ئارتۆر شۆپێنهاوێریش پشتگیرى له‌و بۆچوونه‌ى سپینۆزا ده‌كه‌ن و له‌وبڕوایه‌دان كه ئه‌م جیهانه به پێى لێكدانه‌وه‌كانى مرۆڤه. ته‌نانه‌ت شۆپێنهاوێر قسه‌یه‌كى هه‌یه كه ده‌ڵێ:" جیهان بریتییه له لێكدانه‌وه‌كانى من".
ئــه‌نــجــام
مرۆڤ هه‌میشه له‌باره‌ى خۆى پرسیارى له خۆى كردووه و هه‌میشه ویستوویه‌تى سه‌ر له ژیانى خۆى و شته شاراوه‌كانى ده‌ربكات، و یه‌كێك له‌و پرسه هه‌ره ئاڵۆزانه‌شى بابه‌تى سه‌رپشككراوبوون یاخود ئاراسته‌كراوبوونى خۆى بووه.
له‌م گۆتاره‌دا فه‌یله‌سۆفێكى مه‌زن له ماوه‌ى كۆرتى ژیانى پڕ له به‌رهه‌مى خۆى دا، ئه‌و ته‌وه‌ره لێكده‌داته‌وه، و هه‌وڵ ده‌دات له روانگه‌ى خۆیه‌وه په‌رده له‌سه‌ر ژیانى مرۆڤ لاببات، و له كاتێكدا كه بڕواى به جه‌برگه‌رایى هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بڕوا و متمانه‌ى به مرۆڤ و تواناییه‌كانى هه‌یه، و پێیوایه كه مرۆڤ له هه‌موو ئه‌و ره‌فتار و كردار و هه‌ڵوێستانه‌ى پێى هه‌ڵده‌ستێ و هه‌یه‌تى، به‌رپرسیارى یه‌كه‌م و دوایینه. و ئه‌مه خۆى له خۆیدا روانگه‌یه‌كى مرۆڤدۆستانه‌یه كه ئه‌و فه‌یله‌سۆفه به‌رامبه‌ر مرۆڤ و ژیانه‌كه‌ى هه‌یه‌تى. كاتێك كه مرۆڤ ده‌زانێ كه ئه‌و به‌رپرسه له هه‌ر ره‌فتارێكى خۆى بێگۆمان ئه‌وه سه‌رچاوه‌ى ئه‌و بڕوایه‌یه كه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێك نیه كه چاره‌نووسى هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه دیاریكراوه و دارێژراوه، به‌ڵكۆ تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه تا راده‌یه‌ك ئه‌و چاره‌نووسه بگۆڕىچ و هه‌ر خۆیشى له‌م كاره‌ى خۆى به‌رپرسیار و وڵامده‌ره.
و ئه‌مه روانگه‌یه‌كى ئه‌رێنى و گه‌شبینانه‌یه بۆ مرۆڤ كه سپینۆزا هه‌یه‌تى، و ئه‌وه له كاتێكدایه له‌و سه‌رده‌مه‌ى كه ئه‌و تیایدا ده‌ژییا به‌هۆى ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌پێنه‌رى كه‌نیسه، ئه‌ورۆپا بۆ تاكه‌كانى وه‌ك دۆزه‌خێكى لێهاتبوو و ره‌شبینى باڵى به‌سه‌ر مرۆڤى ئه‌و كیشوه‌ره‌دا كێشابوو، و ده‌نگى سپینۆزا ئاوازێكى خۆشى ده‌ژه‌نى و هیواى ده‌به‌خشییه ئه‌و تاكه ماندوو و بێزاره. هه‌ر بۆیه‌ش به فه‌یله‌سۆفى به‌خته‌وه‌رى ده‌ناسرێت، كه له نووسینه‌كانیدا گرنگى به بابه‌ته‌كانى به‌خته‌وه‌رى و ئازادى ده‌دات.
سه‌رچاوه:
1. Сластенин В. А. , Чижакова Г. И. ( 2003 ). Введение в педагогическую аксиологию:учеб.пособ. для студ. Высш. Пед.учеб. зведении.-м.:из-ктй центр «академия»,-192с.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*