لە ژەمی بەربانگدا ئەم خۆراكانە كەم بكەرەوە
واباشترە كە لە ژەمی بەربانگدا بڕی وەرگرتنی كالۆری سنووردار بكرێت لە ڕێگەی خواردنی بڕی بچووك لە خۆراكی تەندروست بەمەبەستی ڕێگرتن لە هەستكردنی زۆری ڕۆژووەوان بە هیلاكی و برسیبوون و كەمبوونەوەی تەركیز، بۆنموونە دووركەوتنەوە لە:
• شلەمەنییە شیرینركاوەكان Sweet beverages، هەروەها دواخستنی خواردنی شیرینی بۆ 2-3 كاتژمێر پاش بەربانگكردنەوە بەمەرجێك بە بڕی كەم بێت چونكە بڕی زیاد هۆكارە بۆ دواكەوتنی هەرسبوونی خۆراك و كۆبوونەوەی گاز لە ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا هاوكات لەگەڵ هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن كە ئارەزووی خواردن بۆ شیرینی زیاد دەكات.
• بڕی زیادی خۆراكی پرۆتینی چونكە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش و زیاد هەستكردن بە تێنووبوون.
• خۆراكی سوێر یان شۆر، بۆنموونە خیار شۆر، ترشیات، زەیتوون، سۆوسەج و گۆشتی پرۆسێسكراو، پە نیری شۆركراو.
• قاوە و چای چونكە ماددە كافائین لەخۆدەگرن كە هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی شلەی لەش و هەستكردن بە تێنووبوون، هەروەها لە هەندێك كەسدا دەبنە ئەگەری سەرئێشە و بۆرژان لە ساتەكانی ڕۆژدا.
