ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە پاڵپشتی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەو ئاین و ئاینزاكانی كردۆتەوە
سەرۆك مسعود بارزانی داكۆكیكارو پاڵپشتێكی تەواو و سەرسەختی مافی نەتەوەو پێكهاتەكان بوو لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقی فیدڕالدا
ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم لە دامەزراندنی وەزارەتێكی تازە لە كابینەكەدا سەڵماندی پاڵپشت و كەسایەتێكەی كارێزماییە بۆ پاڵپشتی پێكەوەژیان لە كوردستاندا
ئەو ئیدارەی ئێستا لە كەركوك هەیە بەپێی پێویست نییە، بەڵكو پێویستە ئیدارەیەكی هاوبەش لە نێوان پێكهاتەكان هەبێت
لە هەرێمی كوردستان لە كۆن و تازەدا پێكەوەژیانی نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان بۆتە بنەماو باوڕو ڕێچكەیەكی سەركەوتوو لەسەر جێبەجێكردن و باوڕبوون بە ڕێبازی بارزانی و ئەو پێكەوەژیانەش لە دوای دروستبوونی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بە پاڵپشتی و داكۆكیكردن لەسەری لە لایان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەنگاوو قۆناغی زۆر گەورەو پێگەیشتوویی ناوە كە گەیشتۆتە ئاستێك لە ناوچەكەو هەموو دنیا دەبینرێت و ئاماژە بەو پێكەوەژیانە سەركەوتووەیی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆ چەند پرسیارو وردەكاری وەكو گوڵان دیمانەیەكمان لەگەڵ ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی كوردستان ئەنجامدا.
· چۆن سەیری هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەیت لەوەی كاردەكات بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا سەرکەوێت ؟
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی گرنگە، لە هەر وڵاتێك لە ناوچەکەدا گرفت هەبێت و کێشەی هەبێت، کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەكات. ئەمە واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لێرەدا ڕۆڵی جەنابی بەڕێز مسعود بارزانی ڕۆڵێکی زۆر زۆر گرنگە، جێگای شانازییە کە ڕۆڵێکی ئیجابی هەبووە لە هەموو کاتدا. لە لایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە پاڵپشتی پێکەوەژیان و ئاشتی کردووە، کە من وا دەبینم جەنابیان سیمبولی پێکەوەژیان و ئاشتییە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەكەدا. ئێستاش کە پرۆسەیەك لە توركیا هەیە بەناوی ئاشتی کە پرۆسەکە نەك تەنیا توركیا بەڵكو ناوچەیەكی بەبێ تیرۆر و ئاشتی بنیاد دەنێت، ئەو پڕۆسەیە لە توركیا گەیشتۆتە قۆناغێکی باش کە کاریگەری ڕاستەوخۆی زۆر و باشی دەبێت لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا. دەبێت ئەوەش بزانین كە تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو کاتێك بەتایبەتی ماوەی چەند ساڵێكە زیاتر لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیانی نەتەوەكانە و لە هەموو کاتێك زیاتریش ئێستا پاڵپشتی هەموو پێکهاتەکانی دەدات لە توركیا و لە ناوچەکەدا بەبێ جیاوازی. هەروەها پەیوەندییەکی زۆر زۆر باش لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە هەیە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و کولتووری و بازرگانییەوە. چونكە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی تورکیا گرنگە، هاوكات وڵاتی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. هەر بۆیە ڕۆڵی هەردوولا لە پڕۆسەی ئاشتی و ناوچەیەكی بێ تیرۆر زۆر باشە، بێگومان پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا وەكو دوو دراوسێ دوو دۆست لەگەڵ یەك تا ئەوپەڕی لە ئاستێكی باشدایە، ئەمەش زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا بۆیە پێویستە پەیوەندییەکان زیاتر بەرەوپێش ببرێن. هەر چەندە ئاماژەمان پێدا ڕۆڵی هەولێر ئێستا لە هەموو کات زیاترە كە وایكردوە پرۆسەکە هەنگاوی باش و ئێجابی بهاوێت تاوەكو لە كۆتایدا توركیا و ناوچەكە بەبنە ئارامگەی ئاشتی و هێمنی و بێ تیرۆر.
· هەروەها بە پێویستی دەزانم بپرسین، ئایا ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی لە یەکلاکردنەوەو كۆتاییهێنان بە شەڕەی نێوان هەسەدەو حكومەتی تازەی سووریا چۆن دەبینیت؟
- من هەموو كات و جارێك دەڵێم کە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بوونی چانسێکە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش. چونكە کەسایەتییەکی کاریزمای سیاسی کاریگەرە لەسەر ناوچەکە و لە هەمان کاتیشدا مرۆڤێکی زۆر متەوازعە، هاوكات كەسایەتی و مرۆڤێکی هەمیشە پاڵپشتە بۆ ئاشتی و چاكەكاری و پێكەوەژیان لە نێوان ئاین و ئاینزاو نەتەوە جۆراوجۆرەكان، هەر بۆیە پێویستە ڕۆلی جەنابیان یەكلاكەرەوەو گرنگ و بەرز بنرخێنین لە چارەسەرکردنی كێشەو گرفتی نێوان هەسەدە و سووریادا.
· ئایا بارودۆخی كەركوك چۆن دەبینیت بەتایبەتی لەلایەنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان و توركمان لەو شارەدا گلەیان لە بارودۆخەكە هەیە؟
- بارودۆخی كەركوك لە ڕووی پێكەوەژیان وەك پێویست نییە، چونكە کەرکوك شارێکی گرنگە لەڕووی پێكەوەژیان كە تیدا كوردو توركمان و عەرەب و كریستیان بە درێژای مێژوو بەێكەوەژیاون بۆیە دەبێت شارێکی برایەتی و پێکەوەژیانی نەتەوەکان بێت. بۆیە دەبێت ئیدارەیەکی هاوبەش لە کەرکوك هەبێت، تاوەكو ڕەچاوی هەموو مافەكانی نێوان نەتەوەکان بكرێت. بەڵام بەداخەوە ئێستادا لە کەرکوکدا نەتەوەی تورکمان نادادپەروەری بەرامبەر دەکرێت. پێویستە لە کەرکوك سیاسەتێکی دادپەروەرانە هەبێت، تاوەكو هەماهەنگی و پێکەوەژیانێکی باش لە نێوان نەتەوەكاندا هەبێت. لە لایەكی دیكەوە كەركوك شارێكە بۆ نەتەوەیی توركمان زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەکان(کورد و توركمان و عەرەب و کلدان سریان ئاشوور)لە ئیدارەو بەڕێوەبردن و ماف و ئەركەكانیان بەشداری كارابن و پارێزگاریان لێ بكرێت، چونكە بەم هۆیەوە پێکەوەژیانێکی بەهێزیان لە نێوانیان دروست دەبێت. گەرچی ئێستا پێکەوەژیان لە نێوان نەتەوەکان لە کەرکوك لە ئاستێكی باش و قبوڵكراونییە، هەر ئەمەشەوە وادەكات لە کەرکوك بلین كە پێویستە كەركوك ئیدارەیەکی هاوبەشە و توندوتۆلی هەبێت.
· ئایا ڕۆلی جەنابی سەرۆك بارزانی لە داواكردن و جێگیركردنی مافی نەتەوەیی توركمان لە دەستووری هەمیشەیی عیراقی فیدراڵ چۆن دەبینیت وەكو خۆتان دەزانن كە نوێنەری نەتەوەی توركمان لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عیراق ئامادەبوو؟
- لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، ڕۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دیارو كاریگەرو زۆر زۆر ئیجابی بوو بەتایبەتی لە چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان و بەتایبەتریش لە چەسپاندنی مافی نەتەوەی تورکماندا لە دەستووری عێراقدا كە ئەوەی ئێمە و هەموو شاندو ئەندامانی نووسینەوەی دەستووری عیراقدا دەزانین زۆر زۆر گەورە بوو بۆ ئێمەی نەتەوەی توركمان هەر بۆیە دەبێت شاهێدی بدەین لەكاتێكدا جەنابی سەرۆك لە نووسینەوەی دەستوورەكەدا ئامادە نەبووایە ئەوە ئێمەی نەتەوەی توركمان بە ماف و بەرژەوەندیەكەكانمان نەدەگەیشتن بەتایبەتی ئەمە لەكاتێكدا دەردەكەوێت كە دەستوورەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.
· ئایا لە نووسینەوەی دەستووری كوردستان چۆن سەیری پاڵپشتی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن بۆ دانان و چەسپاندنی مافی نەتەوەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نەتەوەیی توركمان؟
- ئێمە لە دەستووری هەرێمی کوردستان زیاتر دەمانەوێت مافەکانی تورکمان و مافەکانی پێکهاتەکان زیاتر بچەسپێت. چونکە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی باش هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیەكی گەورە لە قەزیەی نەتەوەکان دەکات و پاڵپشتی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوەکان و هەموو و پێکهاتەکان دەکات، ئەو پێكەوەژیانەش لە ئێستادا لە ئاستێکی باشدایە كە ئەمەش لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی کە زۆر پێداگرەو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لەو پێكەوەژیانە ڕاستەقینەییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەر ئەمەشە وایكردوە بەردەوام من دەڵێم كە جەنابی سەرۆك بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانی نەتەوەکان و ئاشتییە لە هەرێمی کوردستاندا. بۆیە ڕۆڵی بەڕێزیان بەرز دەنرخێنین و تەئكیدین لەكاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا لە پەرلەمانی کوردستان مافی پێکهاتەکانیش لەم دەستوورەدا جێگیر دەبێت.
· ئایا تا چەند پشتگیری ئێوە کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمدا؟
- پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە بەگشتی لە دوای دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان پشتگیرییەکی زۆر گەورە لە ئێمە کراوە بەتایبەتی خۆی لە خۆیدا بە ئیستیحداثکردنی ئەو دۆسیەیە(دامەزراندنی وەزارەتێك)کە تایبەتە بە کاروباری پێکهاتەکان لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان كە ئەمە پاڵپشتییەكی گەورە و نیەتی پاك و پلانێكی بەرزو لەبیرنەكراوی كاریزمایی جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بوو كە ئەمە وایكرد قۆناغێكی دیكە لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاكان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و بەرجەستەبێت . هەروەها جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە هەموو کات زیاتر بەڕێزیان پاڵپشتی ئێمەی کردووە، ئەو پاڵپشتیەش فاکتەرێکی گرنگ بووە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی پێکەوەژیانی نەتەوەکان و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان. هەمیشە لەگەڵ مافەکانی نەتەوەکان بووە لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیەش پێویستە لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بەهەموو پێهكاتەكان بەتایبەتی بە نەتەوەی تورکمان بدرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و گفتوگۆ بووینە بۆ دابینکردنی مافەکانمان. لە لایەكی دیكەوە لە داهاتوودا بەتایبەتی لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمدا تورکمان وەكو نەتەوەی ڕەسەن لە هەرێمی كوردستان لە پۆستە سیادییەکان بەشدار بین و یەك لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمدا بەمافی خۆمان دەزانین و لە پۆستە خزمەتگوزارییەکاندایش بەشدار بكرین، کە ئەمەش گرنگە بۆ نەتەوەی تورکمان و بۆ پێکهاتەکانی تریش و بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر زۆر گرنگە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و پاڵپشتیكردنی پێکەوەژیانی نەتەوەو ئایین و ئاینزاكاندا. لە هەمان کاتیشدا بۆ ئێمە گرنگترینیان ئێستادا ئیستیقراری سیاسی و ئەمنییە كە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لە هەمان کاتیشدا گرنگترینیان ئەوەیە کە کابینەی(10)بەپێی دەنگ و قورسایی هەر یەك لە حزب و لایەنەكان پێكبهێنرێت.
