نێرگز عەزیز بۆ گوڵان:هونەرمەندان كاریگەرییان لەسەر هەست و پەیوەندی و چۆنیەتی بیركردنەوەی تاكەكان هەیە
نێرگز عەزیز، خانمە هونەرمەندێكی میوزیكژەنی خەڵكی سلێمانییە و دانیشتووی ئەورووپایە، پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانیی تەواو كردووە، لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەكانی میوزیك لە كەلتوورە جیاوازەكاندا دەكات. دەربارەی كاریگەریی هونەر لەسەر هەستی نەتەوایەتی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
*ڕۆڵی هونەرمەندان لە زیندووڕاگرتنی فەرهەنگی كوردیدا چییە؟
-هونەرمەند ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی لە زیندووڕاگرتنی زمان و پاراستنی كەلتوور و مێژووەكەماندا هەیە، بۆنموونە لە ڕێگەی گۆرانی و چیرۆك و شانۆ و فیلم و دراماوە وشە و دەستەواژە كۆنەكان دەپارێزرێن.
*موزیك و بەرهەمە فۆلكلۆرییە كوردییەكان كە لە كتێبدا نین، ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی كوردین، ئایا تا چەند هونەر هەستی نەتەوایەتی لای گەنجان بەهێز دەكات؟
-بە دڵنیایی گۆرانی و موزیك و شانۆ دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دروستكردنی هەستی كۆمەڵایەتی و شانازیی نەتەوەییدا. لە ڕێگەی پێشكەشكردنی گێڕانەوەی كەلتووری و مێژوویی و ئەزموونە هاوبەشەكانەوە بە شێوەیەك كە لە ڕووی سۆزدارییەوە كاریگەری لەسەر تاكی كورد دادەنێت و هەستی سەربەخۆیی بەهێزتر دەبێت، شانۆكار بە هەمان شێوە ئاوێنەی كۆمەڵگەیە، یارمەتیدەرە بۆ پاراستن و گواستنەوەی كەلتور لە نێوان نەوەكاندا وە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر كۆمەڵگە، بۆنموونە لە ڕێگەی نواندنەوە دەتوانن وا لە بینەر بكەن كە لە ڕێگەی دەربڕینە هوونەرییەكەوە بیر لە واقیع بكاتەوە وەك بابەتی كۆمەڵایەتی، یەكسانی جێندەری، نا دادپەروەری، لێبووردەیی وهتد.
*هونەرمەندان چۆن كاریگەرییان لەسەر متمانەبەخۆبوونی گەنجان هەیە؟
-بە بڕوای من هونەرمەندان وەك كاتالیستێكی كەلتووری و دەروونی لە كۆمەڵگەدا كار دەكەن و كاریگەرییان لەسەر هەست و پەیوەندی و چۆنیەتی بیركردنەوەی تاكەكان هەیە، بۆ نموونە گۆرانییەك كە پەیامی بەهێزی ئازادی و داكۆكیی پێ بێت، دەتوانێت پەیوەندیی سۆزداری لە نێوان گوێگراندا دروست بكات و شكۆ و هێزی بەكۆمەڵیان بەهێز بكات.
*چۆن ئافرەتی هونەرمەند دەبێتە نموونەی سەركەوتن بۆ نەوەی نوێ، بەتایبەتی لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوایەتیدا؟
-زۆر كاریگەر بووم بەم پرسیارە، چونكە كورد خاوەنی نموونەی زیندووی ئافرەتی هوونەرمەندە كە وەك دەزگایەكی مێینە خەبات دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە مرۆڤایەتی، هەر وەك هەمیشە دەبینین لە كاتی شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا ژنی كورد هەم بەرخۆدانیان دەكرد و هەمیش نوێنەرایەتیی مانەوەی كەلتووری و بوونگەراییشیان دەكرد، ڕوونتر بڵێم ژنی كورد كاتێك ئامێری موزیك بۆ نموونە ساز دەژەنێت و لە هەمان كاتدا بەرگری لە كۆمەڵگەكەی دەكات، یەكگرتنێكی ڕەمزیی بەهێز لە نێوان كەلتوور و بەرخۆداندا سەرهەڵدەدات، لێرەدا هوونەر بەرز كردنەوەی ورەیە، نیشاندەری ناسنامەیە و هەر وەها داكۆكییە لە مافەكانی مرۆڤ كاتێك گۆرانی و موزیك بۆ ئازادی و كەرامەت و پاراستنی سڤیل لێ دەدرێت.
*ڕۆڵی میدیا لە گەیاندنی پەیامی نەتەوەییی هونەرمەنداندا چییە؟
-بێگومان میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەرفەتێكی زۆر ئەرێنین بۆ هونەرمەندانی كورد و زمان و هوونەر و كلتور بە خێرایی دەگەیەنن بە جیهان، هەستی شانازی و یەكگرتوویی لە نێوان گەنجاندا بەهێز دەكەن و ناسنامەی كوردیان بە شێوەیەكی سەردەمییانە پشان داوە.
*هونەر چۆن یەكڕیزیی و بەهێزكردنی ئینتیمای نەتەوەیی لە نێوان گەنجاندا دروست دەكات ؟
-هونەر خۆی ستراتیژی دروستكردنی ناسنامە و پاراستنی بوون و دروستكردنی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و ئاگایی نەتەوەییە. هەر نەتەوەیەك هونەری خۆی لە دەست بدات، بەشێكی ناسنامەی خۆیشی لە دەست دەدات، چونكە یەكگرتوویی تەنیا لە سیاسەتدا دروست نابێت، بەڵكو لە هونەر و زماندا دروست دەبێت. هونەر فێری كردم بەرپرسیار بم بەرامبەر نەتەوەكەم، هونەر ئەگەر شێوەیەكی هۆشیار بەكار بهێنرێت، دەتوانێت گەنجان لە بیركردنەوەی سنووردارەوە بگوازێتەوە بۆ بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و دەبێتە هێزی یەكبوونی نەتەوەیی.
*ژانرەكانی دیكەی هونەر، بەتایبەتی نواندن، چۆن ئەم ئەركە بەجێ دەگەیەنن؟
-پێویستە چیرۆكەكان ڕاستەقینەبن و لە ژیانی ئەمڕۆی كوردستانەوە وەرگیرابن و، تەنیا بریتی نەبن لە گێڕانەوەی مێژوو، سیاسەت، ڕۆمانسیەت، زۆر گرنگە كارەكتەرەكان قووڵتر و ڕەهەنددار بن، بۆنموونە ڕۆڵێ ژنان و گەنجان وەك هێزی چالاك نمایش بكرێن، زمان و كەلتوری كوردی دەوڵەمەندتر بەكاربهێنرێت بە بەكار هێنانی تەكنیكی نوێ و كوالێتییەكی بەرزی سینەمایی، بەم جۆرە سینەماو درامای كوردی دەبنە ئامرازێكی بەهێز و كاریگەر لە سەر ئاستی جیهان.
*ئافرەت لەم نێوەندەدا چ ڕۆڵێكی هەیە لە وشیاركردنەوەی گەنجان و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتیدا؟
-لە ئەزموونی خۆمەوە پێم وایە دەتوانین كاریگەریی گەورە لەسەر بینەر و بیسەر بەجێ بهێڵین، بۆنموونە وتارێكی سیاسی لەسەر خەباتی كورد لە ڕێگەی هونەرەوە پێشكەش بكەین، بە جۆرێك كار لەسەر هەست و سۆزی بیسەر و بینەر بكات، واتە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی لەڕێی كەلتورەوە دەتوانین ئاگاداری نێوەدەوڵەتیی زیاتر بەدەست بهێنین.
هەبوونی خانمانی سەركەوتوو لە بواری هونەردا كاریگەرییەكی ستراتیژی و درێژخایەنی هەیە لەسەر بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی نەتەوایەتیی گەنجان، چونكە خانمانی هوونەرمەند وەك نموونەی گۆڕان و هێزی نوێ دەردەكەون. لە ئاستی فكریدا، سنوورە كۆنەكان دەشكێنن و پێكەوەژیان بەهێز دەكەن، بۆ نموونە من كاتێك كوالێتی و زانین و ناسنامەیەكی ڕوون كۆ دەكەمەوە لە هوونەرەكەمدا، نوێنەرایەتی كەلتوورەكەم دەكەم و دەبمە باڵیۆزی گەلەكەم لە جیهاندا.
*كۆبوونەوە و گردبوونەوە جەماوەرییەكان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان چەندە گرنگن بۆ بەهێزكردنی هەستی كوردایەتی؟
-جگە لەوەی پرۆسەیەكە بۆ دروستكردنی سەرمایەی كەلتووری، كاتێك تاك بەشێوەی بەكۆمەڵ لە چالاكیی فێستیڤال و كلتووریدا كۆ دەبێتەوە هەستی یەكگرتن و بەرپرسیارێتیی كۆمەلایەتی بەهێز دەكات.
