سەنا بەحاج بۆ گوڵان:كورتەفیلم هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پێشخستنی ئەكتەر

سەنا بەحاج بۆ گوڵان:كورتەفیلم هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پێشخستنی ئەكتەر

ئەكتەری بەتوانای مەغریبی سەنا بەحاج، یەكێكە لەو دەموچاوە گەشانەی هونەری وڵاتەكەی كە بەهۆی لێهاتوویی و بەهرەمەندییەوە توانیویەتی لە تەمەنێكی گەنجیدا پێگەیەكی گرنگ لە دراما و تەلەفزیۆندا بەدەست بهێنێت. لە ژمارەیەك كاری هونەریدا لەگەڵ دەرهێنەر و ئەكتەری ناوداری مەغریبی كاری كردووە، سەرەتا بە خوێندنی سەمای ئەكادیمی دەستی پێكردووە، پاشان چوار ساڵ لە پەیمانگەی باڵای هونەری شانۆیی و ڕۆشنبیری خوێندوویەتی. ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە ڕێگەی خۆش كردووە بۆ بەشداریكردنی لە چەندین زنجیرە دراما، كورتە فیلم، و فیلمی درێژدا. لە دیمانەیەكی تایبەتدا، سەنا بەحاج وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە و تێڕوانینەكانی لەسەر سینەمای مەغریبی و سنوورەكانی هونەری خۆی دەخاتە ڕوو.

پەیوەندیی نێوان سینەماكاران و جەماوەر لە مەغریب

سەنا بەحاج پێی وایە لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرە مەغریبییەكاندا هەیە، ئەمەش وای كردووە سینەمای مەغریبی بتوانێت پەیامەكانی بە شێوەیەكی ڕاستگۆیانە بگەیەنێت. «سینەمای مەغریبی ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگە و ئازارەكانیەتی»، ئەمەش بەهۆی پێشكەشكردنی بابەتگەلێكەوە كە نزیكن لە جەماوەرەوە. سەنا بە داخەوە باس لە هەندێك ململانێ و پڕوپاگەندەی نێوان هونەرمەندان دەكات كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو دەبنەوە و، پێی وایە ئەمە پێچەوانەی بنەما ئەخلاقییەكانی هونەرە.

سەنا بەحاج بۆ گوڵان:كورتەفیلم هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پێشخستنی ئەكتەر

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كچە ئەكتەرانی مەغریبی پشت بە ورووژاندن دەبەستن بۆ دەركەوتن؟، سەنا بەحاج بە تووندی نكۆڵی لێ دەكات و دەڵێ: «ئەمە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، سینەمای مەغریبی سنووری نەبەزاندووە و پشت بە جورئەت و ورووژاندن نابەستێت.» بەڵام ددان بەوەدا دەنێت كە «چەند فیلمێكی كەم» هەندێك دیمەنی ورووژێنەریان بەكار هێناوە، بەڵام ئەمەش «لە چوارچێوەیەكی جیا و لە دەرەوەی سیناریۆی فیلمەكەن.» ئەو پێی وایە سینەمای مەغریبی هێشتا پارێزگارە بەراورد بە فیلمە عەرەبییەكان.

سەبارەت بە هێڵی سووری خۆی لە نواندندا، سەنا بەحاج دووپاتی دەكاتەوە كە «هەر ئەكتەرێكی ئافرەت هێڵی سووری هەیە، كە ناتوانێت بیانبەزێنێت.» بەڵام دژی ئەو ڕۆڵانە نییە كە جۆرێك لە جورئەتیان تێدایە، بە مەرجێك «تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشان و ورووژاندن نەبن.» ئەو هەمیشە سیناریۆكان بە وردی دەخوێنێتەوە پێش بڕیاردان و چەندین ڕۆڵی بەهۆی ئەم بابەتەوە ڕەت كردووەتەوە.

سەنا بەحاج پێیوانییە سینەمای مەغریبی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا هەبێت. «زۆربەی كارە هونەرییە عەرەبییەكان هاوشێوەن، یان جۆرە نزیكبوونەوەیەك لە نێوانیاندا هەیە». ئەو پێی وایە كە هونەری عەرەبی بە گشتی هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی جیهانی و جیاوازییە سەرەكییەكە تەنیا لە شێوەزارەكاندایە. لەبارەی كاریگەریی سینەمای میسرییەوە، ئەو دەڵێت: «هەندێك لە فیلمە میسرییەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو عەرەبەكان كاریگەرییان بەسەرەوە بێت، چونكە وڵاتانی دیكەش خاوەن كلتوور و هونەری تایبەتی خۆیانن».

سەبارەت بە كورتەفیلم، سەنا بەحاج پێیوایە هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پێشخستنی ئەكتەر، چونكە مەشقێكی گەورە و بەسوودە بۆ ئەنجامدانی فیلمی درێژ. ئەو پشت بە ئەزموونی خۆی دەبەستێت و جەخت لە ڕۆڵی كورتەفیلمی باش دەكاتەوە لە بەرهەمهێنانی فیلمی درێژدا.

لەبارەی فیلمە كوردییەكانەوە، سەنا بەحاج دان بەوەدا دەنێت كە زانیارییەكی زۆری نییە، بەڵام پێیوایە «سیناریۆی فیلمە كوردییەكان لە فیلمە مەغریبییەكانەوە نزیكن، كە ڕەنگدانەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگەی كوردین.» ئەم فیلمانە هانیان داوە كە زیاتر لەبارەی مێژووی كوردەوە بخوێنێتەوە.

سەنا بەحاج سەرسامیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە كەمبوونەوەی بینەری سینەما لە جیهاندا. ئەو پێیوایە «بێسەروبەریی هۆڵەكانی سینەما، گرنگینەدانی حكومەت و كەرتی تایبەت بە سینەما، و پێشكەش نەكردنی ئەو فیلمانەی كە لە ئاستی خواستی جەماوەرن، هەموویان هۆكارن». ئەو جەخت دەكاتەوە كە پێویستە چاكسازی بكرێت، چونكە «ئێستا جەماوەر زۆر لەو فیلمانە زیرەكترە كە پێشكەش دەكرێن.» هیواخوازە سینەمای مەغریبی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی.

Top