پڕۆفیسۆر گریگۆری جاكسۆن مامۆستای كورسیی بازرگانی لە كینگز بزنێس سكوڵ بۆ گوڵان: پێویستە هاوكات لەگەڵ دامەزراوەكانی حوكمڕانی و بەڕێوەبردندا بازاڕەكان گەشە بكەن
لە سەردەمێكدا كە سیستمی سەرمایەداری لە بەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویی و قەیرانی جۆراوجۆردایە ــ لە پرسی نایەكسانیی كۆمەڵایەتییەوە تا دەگاتە گۆڕانی كەشوهەوا ــ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئەم سیستمە و پەیوەندیی نێوان بازاڕ و دەوڵەت، بووەتە پێویستییەكی ستراتیژی. بۆ تاوتوێكردنی ئەم مژارانە، دیمانەیەكمان لەگەڵ پرۆفیسۆر گریگۆری جاكسۆن ئەنجامداوە، كە یەكێك لە دیارترین بیرمەند و پسپۆڕانی بواری بازرگانیی بەراوردكاری و سۆسیۆلۆژیای ئابوورییە لە جیهاندا.
پڕۆفیسۆر جاكسۆن، مامۆستای كورسیی بازرگانیی بەراوردكارییە لە «كینگز بزنێس سكوڵ» (Kings Business School) توێژینەوەكانی تیشك دەخەنە سەر ناوەرۆكی حوكمڕانیی كۆمپانیاكان، بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی (CSR)، پەیوەندییەكانی كار و كۆمەڵگەی مەدەنی. جاكسۆن بەوە دەناسرێتەوە كە تەنیا لە گۆشە نیگایەكی ئابووریی پەتییەوە سەیری بازاڕ ناكات، بەڵكو بە دیدێكی سۆسیۆلۆژییانە و بەراوردكارییانە، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەكات، كە چۆن دامەزراوەكان ڕەفتاری بازرگانی دادەڕێژن و، كاریگەرییان لەسەر پرسی نایەكسانی و گواستنەوەی ژینگەیی چییە.
* بەشێكی زۆری كارەكانت تەرخانە بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتیی ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی سەرمایەداری لە ئاستی «كۆمپانیاكان، بازاڕ و دەوڵەتان»دا. لە ڕوانگەیەكی بەراوردكارییەوە، ئەمڕۆ چ شتێك فۆرمە هاوچەرخەكانی سەرمایەداری لە یەكتر جیادەكاتەوە؟ ئایا ئێوە لێك نزیكبوونەوە بەرەو یەك مۆدێلی جیهانی دەبینن، یان قوڵبوونەوە و لێك دووركەوتنەوەی زیاتر لە نێوان هەرێمەكاندا؟
- سەرەڕای فشارەكانی جیهانگەرایی، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەكی سەرمایەداریی هاوچەرخ سیستمێكی فرەچەشنە، نەك یەكگرتوو، هەرچەندە تۆڕەكانی بەرهەمهێنان و دارایی و بازرگانی بە شێوەیەكی بەرچاو سنوورەكانیان بەزاندووە و بوونەتە جیهانی، بەڵام ئەو بنەما دامەزراوەییانەی كە ژیانی ئابووری ڕێك دەخەن، هێشتا جیاوازییەكی زۆریان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە هەیە. توخمەكانی وەك سیستمە یاساییەكان، پەیوەندییەكانی كار، ڕێكخستنە داراییەكان و تواناكانی دەوڵەت، ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان لە دیاریكردنی شێوازی ڕێكخستن، وەبەرهێنان و كێبڕكێی كۆمپانیاكاندا هەیە.
لە كارە بەراوردكارییەكانمدا، جەختم لەوە كردووەتەوە، كە سەرمایەداری هێشتا لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لەناو نەزمە دامەزراوەییە نیشتمانییەكاندا چەسپاوە، تەنانەت كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكانیش ستراتیژییەكانیان لەگەڵ چوارچێوە ڕێكخراوەییە ناوخۆییەكان و ژینگە سیاسییەكاندا دەگونجێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جیاوازیی بەردەوام لە نێوان «ئابووریی بازاڕی لیبڕاڵ» كە چەقی بایەخیان لەسەر بەهای پشكەكان و نەرمیی هێزی كارە، لەگەڵ «سیستمە هەماهەنگەكان» كە ئەولەوییەت دەدەنە هاوكاریی درێژخایەن و پێگەیاندنی شارەزایی، هەروەها «ئەو مۆدێلانەی كە لەژێر كاریگەریی دەوڵەتدان» و تێیدا دەسەڵاتە گشتییەكان بە چالاكییەوە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری دەكەن.
هەر بۆیە لەبری ئەوەی بەرەو یەك مۆدێلی سەرمایەداریی جیهانی بڕۆین، ئێمە شاهیدی ڕێڕەوی جیاوازین كە تێیدا دامەزراوە نیشتمانییەكان خۆیان ڕۆڵی نێوەندگیری بۆ جیهانگەرایی دەگێڕن. ئەم جیاوازییە دامەزراوەییانە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لەوەی كە بۆچی گەشەی ئابووری دەرەنجامی لێك جیاواز لە بواری نایەكسانی، پاراستنی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسیدا لە هەرێمە جیاوازەكاندا بەرهەم دەهێنێت.
* حوكمڕانیی كۆمپانیاكان و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی كۆمپانیاكان (CSR)، زۆر جار وەك چارەسەرێك بۆ نایەكسانی و وێرانبوونی ژینگە دەخرێنە ڕوو. بەپێی توێژینەوەكانی ئێوە، تا چەند ئەم چوارچێوانەی حوكمڕانی توانیویانە گۆڕانكاریی جەوهەری و ڕاستەقینە بەرهەم بهێنن و لە كوێدا مەترسیی ئەوە هەیە، كە ڕۆڵەكەیان تەنیا لە ئامرازێكی سیمبۆلی، یان ئامرازێك بۆ باشكردنی ناوبانگدا كورت ببێتەوە؟
- چاكسازییەكانی حوكمڕانیی كۆمپانیاكان و دەستپێشخەرییەكانی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی (CSR)، ڕۆڵیان هەبووە لە باشتركردنی شەفافییەت و شێوازی ڕاپۆرتدان و، لە هەندێك حاڵەتیشدا باشتركردنی پێوەرەكانی شوێنی كار. بەڵام، تا ئەو كاتەی ئەم هەنگاوانە بە پلەی یەكەم پشت بە پابەندبوونی خۆویستانە ببەستن، نەك جێبەجێكردنی دامەزراوەیی و یاسایی، توانایان بۆ دروستكردنی گۆڕانكاریی ڕیشەیی بە سنوورداری دەمێنێتەوە.
بەشێكی زۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی هاوچەرخ، لە چوارچێوەی لۆژیكی «بەڕێوەبردنی ناوبانگ»دا كار دەكەن. كۆمپانیاكان زیاتر و زیاتر پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی گوتاری ژینگەدۆستی، كۆدە ئەخلاقییەكان و پێوەرەكانی ژینگە، كۆمەڵایەتی و حوكمڕانی (ESG) بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی خۆیان بە وەبەرهێنەران و بەكاربەران نیشان بدەن، بەڵام زۆرجار ئەم میكانیزمانە هاوتەریبن لەگەڵ مانەوەی دۆخی ناجێگیری كرێكاران و زیانگەیاندن بە ژینگە. بەبێ بوونی چوارچێوەیەكی یاسایی بەهێز و سزای كاریگەر، چاكسازییەكانی حوكمڕانی ناتوانن گۆڕانكاری لەو پاڵنەرە سەرەكییانەدا بكەن كە ئامانجیان تەنیا قازانجە.
توێژینەوەكانی من ئاماژە بەوە دەكەن كە گۆڕانكاریی ڕاستەقینە كاتێك ڕوودەدات كە بەرپرسیارێتیی كۆمپانیاكان لە چوارچێوەی پابەندبوونی یاسایی، پێكهاتەكانی دانوستانی بە كۆمەڵ (سەندیكاكان) و لێپرسینەوەی گشتیدا جێگیر بكرێت. لەو شوێنانەی كە دامەزراوەكان لاوازن، مەترسیی ئەوە هەیە كە ئامرازەكانی حوكمڕانی لەجیاتی ڕاستكردنەوەی نایەكسانییەكان، شەرعییەتیان پێ بدەن. واتە تەنیا ڕووكەشێكی چاكسازی نیشان بدەن، بەبێ ئەوەی دەستكاریی پەیوەندییە بنەڕەتییەكانی دەسەڵات بكەن.
* ئێوە جەخت لەسەر ڕۆڵی دامەزراوەكان دەكەنەوە لە دیاریكردنی شێوازی ڕەفتاری بازرگانیدا. ئایا جیاوازییەكان لە بواری توانای دەوڵەت، پەیوەندییەكانی كار و كۆمەڵگەی مەدەنیدا، چۆن ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە بۆچی كۆمپانیا فرەنەتەوەییە هاوشێوەكان، لە ژینگە نیشتمانییە جیاوازەكاندا ڕەفتاری زۆر جیاواز دەنوێنن؟
- ڕەفتاری كۆمپانیاكان لە بنەڕەتدا لەلایەن ژینگە دامەزراوەییەكانەوە فۆرم وەردەگرێت. كۆمپانیاكان وەڵامی ئەو پاڵنەر، كۆتوبەند و چاوەڕوانییانە دەدەنەوە كە لەلایەن سیستمە ڕێكخەرەكان (تەنزیمییەكان)، ڕێكخراوەكانی كرێكاران و كاراكتەرە كۆمەڵایەتییەكانەوە دێنە ئاراوە.
لەو شوێنانەی كە دەوڵەت توانای جێبەجێكردنی بەهێزی هەیە، ڕێساكانی تایبەت بە ستانداردەكانی كار، باج و پاراستنی ژینگە دەبنە كۆتوبەندی ئابووریی ڕاستەقینە. لەو شوێنانەی كە هێزی كار ڕێك خراوە و دانوستانی بە كۆمەڵ بە دامەزراوەیی كراوە، كۆمپانیاكان ناچارن لەسەر مووچە و مەرجەكانی كار دانوستان بكەن، نەك بە تاكلایەنە بیسەپێنن. هەروەها لەو شوێنانەی كە كۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێریی میدیاكان كاران، مەترسییەكانی سەر ناوبانگ دەبنە مەترسیی جەوهەری. بەپێچەوانەوە، لە ژینگە دامەزراوەییە لاوازەكاندا، زۆرجار ئەم كۆتوبەندانە بوونیان نییە. لەم دۆخانەدا، ڕەنگە كۆمپانیاكان پشت بە كاری نافەرمی ببەستن، خۆیان لە ڕێساكان بدزنەوە، یان ئەولەوییەت بدەنە كەمكردنەوەی تێچوو لە مەودای كورتدا. كەواتە، هەمان كۆمپانیای فرەنەتەوەیی دەتوانێت لە وڵاتێكدا بە ستانداردە كۆمەڵایەتییە بەرزەكان كار بكات، بەڵام لە وڵاتێكی دیكەدا بە كەمترین ئاستی پاراستن. ئەم جیاوازییە ئەوە دەخاتە ڕوو كە ڕەفتاری كۆمپانیا تەنیا پەیوەست نییە بە ئەخلاقیاتی بەڕێوەبردنەوە، بەڵكو بەرهەمی حوكمڕانیی دامەزراوەییە.
* وەرچەرخانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بووەتە ئالنگارییەكی سەرەكی بۆ سەرمایەداریی هاوچەرخ. بە بۆچوونی ئێوە، ئایا سیستمەكانی ئێستای حوكمڕانیی كۆمپانیاكان و چوارچێوە ڕێكخەرەكان (تەنزیمییەكان) توانای ئەوەیان هەیە كۆمپانیاكان بەرەو دەرەنجامێكی بەردەوامی ڕاستەقینە ئاراستە بكەن، یان گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی و مانادار بۆ پرسی كەشوهەوا پێویستی بە گۆڕانكارییەكی قووڵتر هەیە لە خودی دامەزراوەكانی سەرمایەداریدا؟
- چوارچێوەكانی ئێستای حوكمڕانی دەتوانن هەنگاو بە هەنگاو پشتیوانی لە باشبوونی ژینگەیی بكەن، بەتایبەتی لە ڕێگەی مەرجەكانی ڕاپۆرتەكانی گۆڕینی كەشوهەوا، میكانیزمەكانی دیاریكردنی ئاستی كاربۆن و هاندانی كۆمپانیاكان بۆ وەبەرهێنانی دۆستی ژینگە، بەڵام گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا نوێنەرایەتیی ئالنگارییەكی سیستمی دەكات، كە لە دەرەوەی توانای ئەو گۆڕانكارییانەدایە كە تەنیا لەسەر بنەمای بازاڕن.
پێكهاتەی سەرمایەداریی هاوچەرخ هێشتا لەسەر بنەمای داهاتە داراییە كورتخایەنەكان داڕێژراوە، لە كاتێكدا وەرچەرخانی كەشوهەوا پێویستی بە پلاندانانی درێژخایەن، وەبەرهێنانی هەماهەنگ و قبووڵكردنی ئەو تێچووانە هەیە كە ڕەنگە قازانجی دەستبەجێیان نەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژییەكی بونیادی لە نێوان پاڵنەرە باوەكانی كۆمپانیاكان و بەردەوامیی ژینگەدا.
مامەڵەكردنی كاریگەر لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوادا، بە ئەگەری زۆرەوە پێویستی بە هەماهەنگیی بەهێزتری دەوڵەتان، وەبەرهێنانی گشتی لە گۆڕینی وزە و سیستمی ڕێكخەریی وا هەیە كە ئەولەوییەتەكانی كۆمپانیاكان دابڕێژێتەوە. لەم ڕووەوە، قەیرانی كەشوهەوا تەنیا كێشەیەكی حوكمڕانی نییە، بەڵكو ئالنگارییەكی دامەزراوەییە بۆ خودی شێوازی ڕێكخستنی سەرمایەداری.
* توێژینەوەكانی ئێوە وەك پردێكە لە نێوان كۆمەڵناسی و خوێندنی كارگێڕی و ئابووریی سیاسیدا، ئایا ڕوانگەی كۆمەڵناسی چی لەبارەی دەسەڵاتی بازرگانی و نایەكسانییەوە دەخاتە ڕوو، كە زۆرجار لە لێكدانەوە ئابووری، یان كارگێڕییەكاندا فەرامۆش دەكرێن؟
- ڕوانگەی كۆمەڵناسی تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە بازاڕەكان لەناو ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییانەدا چەسپاون كە لەلایەن پەیوەندییەكانی دەسەڵات، نۆرمەكان و پلەبەندییە دامەزراوەییەكانەوە فۆرمیان وەرگرتووە، ئەم ڕوانگەیە ئاشكرای دەكات كە چۆن نوخبەی كۆمپانیاكان كاریگەری لەسەر یاسا و ڕێساكان دادەنێن، چۆن تۆڕی كۆمپانیاكان ستراتیژییەكانیان هەماهەنگ دەكەن و چۆن پراكتیزە ڕێكخراوەییەكان بە تێپەڕبوونی كات نایەكسانی بەرهەم دەهێننەوە.
مۆدێلە ئابوورییەكان زۆرجار وەك كارەكتەری بێلایەن تەماشای كۆمپانیاكان دەكەن، كە تەنیا بە دوای كاراییدا دەگەڕێن و وەڵامی ئاماژەكانی نرخ دەدەنەوە، بەڵام كۆمەڵناسی دەریدەخات كە دەرەنجامە ئابوورییەكان لەژێر كاریگەریی شەرعییەت، دەستگەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و ئیمتیازاتە دامەزراوەییەكانیشدا فۆرم دەگرن. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی كە بۆچی نایەكسانی دەتوانێت بەردەوام بێت، یان تەنانەت لە كاتی گەشەی ئابوورییشدا توندتر ببێتەوە، هەروەها بۆچی ئەو چاكسازییانەی كە تەنیا جەخت لەسەر «پاڵنەرەكان» دەكەنەوە، زۆر جار شكست دەهێنن لە چارەسەركردنی ناهاوسەنگییە بونیادییە قووڵەكان. كەواتە، تێگەیشتن لە دەسەڵاتی بازرگانی، پێویستی بەوەیە كە تەنیا شیكردنەوە بۆ كێبڕكێی بازاڕ نەكرێت، بەڵكو شیكردنەوە بۆ ئەو ژینگە دامەزراوەییانەش بكرێت كە ڕێگە بە هەندێك كارەكتەر دەدەن، یاساكانی یارییەكە دابڕێژن.
* زۆرێك لە ئابوورییەكانی دەوڵەتانی باشووری جیهان، شاهیدی فراوانبوونێكی خێرای بازاڕن، بەبێ ئەوەی خاوەنی بنەمایەكی دامەزراوەیی بەهێز بن، بە پشتبەستن بە توێژینەوە بەراوردكارییەكانت، كاتێك گەشەی سەرمایەداری پێش گەشەی ئەو دامەزراوانە دەكەوێت كە ئەركیان ڕێكخستنیەتی، چ جۆرە مەترسییەك سەرهەڵدەدات، بەتایبەتیش لە ڕووی مافەكانی كرێكاران و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتییەوە؟
- كاتێك فراوانبوونی بازاڕ پێش گەشەی دامەزراوەكان دەكەوێت، سەرمایەداری لە جیاتی گەشەی گشتگیر، مەیلی بەرەو دروستكردنی ناجێگیری دەبێت. لاوازیی جێبەجێكردنی یاسا و ڕێساكان ڕێگە بە كۆمپانیاكان دەدات، پشت بە كاری نافەرمی ببەستن، كرێكان كەم بكەنەوە و بارگرانیی تێچووە ژینگەییەكان لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە، زۆرجار دەستكەوتە ئابوورییەكان لە دەستی نوخبەی سیاسی و بازرگانیدا چڕ دەبنەوە، ئەمەش كەلێنی نایەكسانی فراوانتر دەكات.
ئەم جۆرە شێوازانە شیرازەی كۆمەڵایەتی لاواز دەكەن، چونكە توێژێكی بەرفراوانی دانیشتووان دروست دەكەن كە سەرەڕای گەشەی گشتیی وڵات، هەست بە نائارامیی ئابووری دەكەن. بە تێپەڕبوونی كات، ئەم دۆخە متمانە بە بازاڕ و دامەزراوە سیاسییەكان دەڕووشێنێت و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی، پۆپۆلیزم، یان حوكمڕانیی تاكڕەوانە. ئەزموونە بەراوردكارییەكان بەردەوام ئەوەیان سەلماندووە كە دامەزراوە بەهێزەكان بەربەست نین لە بەردەم گەشەسەندندا، بەڵكو كۆڵەكەی سەرەكی و پێویستن بۆ سەرمایەدارییەكی بەردەوام.
* لە ناوچەكانی وەك هەرێمی كوردستان، كە دامەزراوە بازاڕییەكان، توانا و قابلییەتی دەوڵەت و كۆمەڵگەی مەدەنی هێشتا لە قۆناغی گەشەپێداندان، چ دەرس و وانەیەك دەتوانرێت لە زانستی ئابووری-سیاسیی بەراوردكارییەوە وەربگیرێت بۆ دروستكردنی شێوەیەكی سەرمایەداری، كە پشتیوانی لە گەشەی فرەلایەن بكات، حاكمییەتی كۆمپانیاكان بە شەفافییەت دابین بكات و سەقامگیریی كۆمەڵایەتیی درێژخایەن مسۆگەر بكات؟
- وانەی سەرەكی لە سەرمایەداریی بەراوردكاریدا ئەوەیە كە بازاڕەكان نابێت بە تەنیا بنیاد بنرێن، بەڵكو پێویستە هاوكات لەگەڵ دامەزراوەكانی حوكمڕانی و بەڕێوەبردندا گەشە بكەن. گەشەی كارا پێویستی بە سیستمێكی یاسایی شەفاف، جێبەجێكردنی باوەڕپێكراوی ڕێكخستنەكان، پاراستنی مافەكانی كار، و میكانیزمەكانی لێپرسینەوەی كۆمپانیاكان بەرانبەر كۆمەڵگە هەیە.
لە شوێنی ئەوەی تەنیا لیبڕاڵیزەكردنی خێرای بازاڕ پێش بخرێت، دەبێت سیاسەتمەدارەكان سەرنجیان بخەنە سەر دانانی چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی كە چالاكیی ئابووری بەپێی پاداشتدان بە سەرمایەگوزاریی درێژخایەن، پەرەپێدانی كارامەیی و بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان ڕێك بخات. ئەزموونەكانی دەوڵەتە هاوڕێكخراو و گەشەپێدەرەكان نیشان دەدەن كە توانا و قابلییەتی دامەزراوەیی دەوڵەت دەتوانێت دینامیزمی ئابووری لەگەڵ گونجاندنی كۆمەڵایەتی یەك بخات.
بۆ ناوچەیەكی وەك كوردستان، سەرمایەداریی بەردەوام زیاتر بەستراوەتەوە بە دروستكردنی دامەزراوەگەلێك كە چالاكیی ئابووری بەرەو گەشەی گشتی و سەقامگیریی سیاسی ئاراستە بكەن، نەك تەنیا ڕاكێشانی سەرمایە بە هەر نرخێك بێت.
