ئەندازیار ڕابەر حوسین حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ گوڵان: پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر لە دوو مانگی داهاتوو دەگاتە هەموو گەڕەك و ستییە نیشتەجیبوونەكان و شوێنە بازرگاییەكان شاری هەولێر

ئەندازیار ڕابەر حوسین حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ گوڵان: پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر لە دوو مانگی داهاتوو دەگاتە هەموو گەڕەك و ستییە نیشتەجیبوونەكان و شوێنە بازرگاییەكان شاری هەولێر

 

پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر پاكێجی یەكەمی 100%و پاكێجی دووەم كە بەستنەوەی بۆڕیەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا بە تۆڕە ناوخۆیەكان(85بۆ90%)ی تەواو بووە

 

شاری هەولێر ئێستا لە ڕووی دانیشتووان و خانوو و باڵەخانەوە بەبەراورد بە (10بۆ 15)ساڵی ڕابردوو زۆر بەرفرەوان و گەشەیكردووە كە ئەمەش وایكرد كە لە چەندین بواری خزمەتگوزاری بەتایبەتی لە لایەنی ئاویخواردنەوە هاوڵاتیان گلەیی و گازاندەیان لە كەمی ئەو خزمەتگوزارییە هەبێت ، هەر بۆیە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاریدا كە دەستبەجێ پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاویخواردنەوە بەناوی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر دەستپێبكات هەر لەگەڵ بڕیارەكە لە ڕێگای وەبەرهێنەری ناوخۆی بەناوی هێمن گروپ پڕۆژەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و لەو ماوەی بۆشی دانرابوو زۆر كەمتر توانرا ئەو پڕۆژە ستراتیژییە كە بۆ ماوەی 30ساڵی داهاتوو شاری هەولێر لە كێشەی كەمئاوی رزگار دەكات تەواوی بكات ، بۆ هەندێ پرسیارو وردەكاری لەسەر پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر و چەند بواری دیكەی خزمەتگوزاری ئاو لە دیمانەیەكی گوڵاندا ئەندازیار ڕابەر حوسین حەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرمان دواند كە پوختەیی وەڵامەكانی لێرەدا دەخەینەڕوو. 

·       ئایا پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوي هەولێر لە چ قۆناغێكە و كەی هەموو گەڕەك و دانیشتووی هەولێر سوود لەو پڕۆژەیە وەردەگرن؟

-        پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر لە دوو پاکێج پێکهاتووە ، پاکێجێکیان دروستکردنی ئاووەرگر و وێستگەکانی پاڵاوتن و هاوكات عەمبار و ترومپاكانن کە ئاو بۆ شاری هەولێر دەنێرن لەگەڵ تۆڕە سەرەکییەکان، ئەوە پاكێجە بە تەواوی سەد لە سەد تەواو بووە. بەڵام پاكێجی دووەم پڕۆژەیەکی دیكەیە كە دانانی هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر دەبەستێتەوە بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکان، ئەوەشیان نزیکەی ٨٥٪ بۆ ٩٠٪ی تەواو بووە. ڕۆژانە بە ناو کۆڵانەکانی شاری هەولێر هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکان دەبەستینەوە. بێگومان چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو تەواوی شاری هەولێر ئەو شوێنانەی کەوا لە پلانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بووە سوودمەند بن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر . واتە هەموو ئەو شوێن و گەڕەك و ستیییە نیشتەجێبوونەكان و پڕۆژە بازرگانییەکانیش هەموویان لەو پڕۆژە ستراتیژییە سوودمەند دەبن.

·        چەندین گەڕەکی نوێ لە هەولێر هەیە یان گەڕەك و شوێن هەیە ئێستا تێیاندا دەست بە ئیش و دروستكردنی خانوو دەکەن، ئایا ئەوانە پڕۆژەی ئاوتان بۆ بردینە؟ بۆ نموونە باغڵۆمنارە و كەرتی هەشتی حەسارۆك؟

-         ئەو شوێنانە سەرچاوەی ئاویان بۆ دابینکراوە، لە هەموو شەقامە سەرەکییەکانیان تۆڕی ئاویان بۆ دانراوە و بەردەوام ٢٤ کاتژمێر ئاوی تێدایە، بەڵام بۆ مەسەلەی دانانی تۆڕی ناوخۆییەکە لە پلانماندا هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦ و ٢٠٢٧ بۆیان دابنێین. هاوكات ئێستاش دانانی تۆڕی ناوخۆی وەكو پڕۆژە هەیە لەوانە لە بەشێکی باغڵۆمنارە ئەو تۆڕانە تەواوكراون، بەشێکمان لە هەشتی حەسارۆكیش لە تۆڕە ناوخۆییەکان دەستپێكراوە.

·        ئایا هۆكار چییە کاتێك باران دەبارێت هەمان ڕۆژ یان ڕۆژی پاشتر  دەبینی ئاو لە چەند گەڕەکێك دەبڕێت، هۆکارەكەی چییە ، چونكە خەڵكانێكی زۆر لە گەڕەكەكان بۆ ماوەی ڕۆژێك تا دوو ڕۆژ بێئاو دەبن ؟

-         ئەمەیان زیاتر بۆ لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەكە دەگەڕێتەوە كە لە شاری هەولێریش سەرچاوەكە ئاوی زێی گەورەیە كە لە کاتی بارانبارین و لافاو ئاوەكە لێڵ دەبێت ، بێگومان ئەوە دیاردەیەکی دەتوانم بڵێم دووبارەبووەوەیە لە هەموو وڵاتان. چونكە ئەو وێستگانەی پاڵاوتن تا10 هەزار NTU دەتوانن ئاو پاكبکەنەوە. لەكاتێكدا لە دوای 10 هەزار NTU نەتوانرا ئاوەكە پاك بكرێتەوە، ناچارین بە قۆناغێکێك هەڵدەستین بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئاو وەك ستانداردێکی جیهانی. ئەگەر زانیمان لێڵییەکە زیاتر دەبێت ئەوە بێگومان بۆ ماوەیەکی کاتی ناردنی ئاو بۆ ناو بۆڕی و تۆڕەكان ڕادەگیرێت تاوەکو لێڵییەکە نامێنێت و ئاوەكە دێتەوە ئاستی ستاندارد. ئەمەش لە پڕۆژەكانی ئیفراز یەک و دوو و سێ و فریاگوزاری خێراو هەموویان ڕوودەدات.

 

Top