دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی چۆن سەربازە جل ڕەشەكانی ئەحمەد شەرەعی لە پشت دەروازەکانی کۆبانی وەستاند؟ هاوکێشە کوردییەکان و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
(*)
سەرچاوە: (دیپلۆماسی ئێرانی):
لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری کارەساتێکی مرۆیی و جیۆپۆلیتیکی گەورەدا بوو. گۆڕەپانی سووریا دوای ڕووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد ڕووی لە ئارامییەکی ڕێژەیی کردبوو، لەناکاو بووەوە بە چەقی نوێی گرژییەکان. حكومەتی نوێی دیمەشق بە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد شەرەع کە هێشتا مانگەکانی سەرەتای چەسپاندنی دەسەڵاتی تێنەپەڕاندبوو ڕێبازێکی سەربازییانە بە پەنابردن بۆ مانیفێستی ئیسلامگەرایی توندڕەو گرتەبەر و بەرەو ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری سووریا کەوتە ڕێ. ئامانجەكەی ، کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی سووریا و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە پێکهاتەیەکی خۆبەڕێوەبەری بوو، بەڵام ئەوەی لە مەیدانەکەدا ڕوویدا، بۆنی جەنگێکی سەرتاسەری لەگەڵ کورد لێ دەهات.
پێکدادانەکان لە دەوروبەری حەلەب دەستیان پێکرد. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە ساڵانێک بوو هێمای بەرگریی کورد بوون لە بەرانبەر گرووپە توندڕەوەکان، کەوتنە ژێر ئاگری قورسی هێزە حکوومییەکان. هاوکات، کاروانە سەربازییەکان بەرەو پارێزگای حەسەکە و پاشان بەرەو کۆبانی، ئەو شارە ئەفسانەییەی کوردان، بەڕێ کەوتن. کوردانی سووریا کە لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان ڕێکخستبوو، بە هەموو توانایەکەوە ڕووبەڕووی بوونەوە، بەڵام زوو تێگەیشتن کە لەم شەڕەدا، نەک هەر لە ڕووی پڕچەککردن و باڵادەستی سەربازییەوە هاوسەنگییان لەگەڵ نەیارەکەیان نییە، بەڵکو زۆرێک لە هاوپەیمانە عەرەبەکانیشیان یان بێدەنگ بوون یان چوونەتە ڕیزی دیمەشقەوە.
لەم نێوەندەدا، ڕۆحی بەرگریی کورد بەهۆی بڕینی كەزی شەڕڤانێك لەلایەن چەكدارێكی توندڕۆی سەر بە ئەحمەد شەرەع لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا وەك گەورەترین سووكایەتی هاتە ژمار. کادیرێکی سەربازیی دیمەشق کە لە ڕیزەکانی هێزە ڕادیکاڵەکانی تەحریرولشامەوە پەیوەندیی بە سوپای نیشتمانیی شەرەعەوە کردبوو، دوای کوژرانی کچە شەڕڤانێکی کورد، كەزییەكانی ببڕێ و سووکایەتی بە ژنان و کچانی کورد بكات. ئەم کارە لە ناوەندی شەڕ و خوێندا، هەستی نەتەوایەتیی کوردی ورووژاند و بووە هۆی دروستبوونی چالاکیی مەدەنی و خۆپێشاندانی سەرشەقام لە عێراقەوە تا سووریا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەورووپا. کەمپەینی پشتیوانی بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارە کوردەکانی سووریا دەستی پێکرد؛ لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، بگرە تا تەلەفزیۆنەکانی ڕووداو، کوردستان ٢٤ و ئاڤا میدیا لە هەولێر، و کوردسات و کەناڵ ٨ لە سلێمانی..
شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک شایەتی خۆپێشاندانی بەرفراوان بوون. گەلی کورد لە عێراق کە خۆیان ساڵانێکە لەگەڵ چەمکی خەبات بۆ مافەکانیان ئاشنان، نەدەکرا لە ئاست سەرکوتکردنی کوردانی سووریا بێدەنگ بن. کەشێکی پڕاوپڕ لە تووڕەیی و هاوپشتی و هاوسۆزی دروست بوو. بەڵام ئەم جۆش و خرۆشە جەماوەرییە، لایەنێکی نادیاریشی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە گۆڕەپانی جەنگ لە بەرژەوەندیی کورداندا نەبوو و ئەگەر ڕابەرایەتیی سیاسی دەستبەکار نەبوایە، قەیرانەکە دەیتوانی بە خێرایی پەرە بسێنێت ببێتە شەڕ و ئاژاوە لە نێوخودی هەرێمیشدا.
لە بارودۆخێکی وا قەیراناویدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسپێشخەرییەکەی گرتە دەست. ئەو کە ساڵانێک ئەزموونی سیاسەتوانیی لە عێراقدا وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین چەقەکانی هاوکێشە و ململانێی ناوچەکەدا هەبوو، باش دەیزانی کە دروشم و هەست و سۆز و چالاکییە هێماییەکان بەتەنیا ناتوانن ڕێگری لە پێشڕەویی هێزە چەکدارەکان بەرەو کۆبانی بکەن. دەیزانی لەم یارییە مەرگهێنەرەدا، تەنیا چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی و سەربازی بکات. بارزانی هەرێمی کوردستانی لە تەماشاکەرێکی پڕ لە نیگەرانییەوە گۆڕی بۆ ئەکتەرێکی چالاک و نێوەندگیر..
هەنگاوی یەکەمی ئەو، دروستکردنی هێڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بوو لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕکەر. ئەو نەک هەر پەیوەندیی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کرد کە لە مێژەوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵیدا هەبوو، بەڵکو ڕێگەی پەیوەندیکردنی لەگەڵ ئەحمەد شەرەع لە دیمەشقیش کردەوە. ئەم کارە لە یەكەم تێڕوانیندا سادە دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە بارودۆخێکدا کە هەردوو لایەن یەکتریان بە بەکرێگیراو و وابەستەی هێزە بیانییەکان تۆمەتبار دەکرد، هەبوونی کەسایەتییەکی میانڕەو و نێوەندگیر کە بتوانێت بێ پێشوەختە لەگەڵ هەردوو لا بدوێت، سەرمایەیەکی ستراتیژی بوو.
نێچیرڤان بارزانی لەم پەیوەندییانەدا، دەستی خستە سەر خاڵێکی سەرەکی: داهاتووی سووریا. ئەو بیری ئەحمەد شەرەعی هێنایەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی دیمۆگرافی و مێژوویی ئەم وڵاتە و هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوە یان سەرکوتکردنیان، نەک هەر نابێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام، بەڵکو سووریا بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی تاقەتپڕوکێنی دیکە دەبات کە تەنیا سوودەکەی بۆ دوژمنە هاوبەشەکان واتە پاشماوەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، جەختی لەسەر ڕێبەرانی کوردی سووریاش کردەوە کە قۆناغی دوای ئەسەد، قۆناغی چەسپاندنە و کورد بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی، پێویستی بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی واقیعی و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق هەیە، نەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاوێژە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاكان، بارزانی گۆڕەپانە گشتییەکەی پشتگوێ نەخست. لە ١٦ی کانوونی دووەمدا، هەولێر میوانداریی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی کرد. مەسعود بارزانی، ڕابەری کاریزمایی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کرد. ئەم دیدارە کە وێنەکانی لە هەموو میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکرایەوە، پەیامێکی ڕوونی بۆ هەمووان پێبوو: ڕێبەرانی کوردی عێراق سەرەڕای هەموو جیاوازییە مێژووییەکان، لە پشتیوانیی کوردانی سووریا یەکدەنگن و لە پشتیان وەستاون. ئەم نمایشە بۆ یەکێتی، کێشی سیاسیی کوردی لە دانوستان لەگەڵ ئەحمەد شەرەع و هاوپەیمانەکانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.
بەڵام ڕۆڵە سەرەکییەكە نێچیرڤان بارزانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا گێڕای. ئەو باش دەیزانی چارەسەری قەیرانی سووریا بەبێ ئامادەیی و هاوکاریی ئەکتەرە جیهانی و ناوچەییەکان مەحاڵە. ئەو بە بەکارهێنانی متمانەی دیپلۆماسیی هەرێم، لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا، فەڕەنسا، یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها بەرپرسانی تورکیا و ئیمارات کەوتە ڕاوێژ و پرس و ڕاكردن. ڕێبازەکەی زۆر ژیرانە بوو؛ لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوە، جەختی لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە. بیر تورکیای هێنایەوە کە بەردەوامیی پێکدادانەکان لە باکووری سووریا، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە سنووركانی باشووری ئەو وڵاتە و بەهێزبوونی هێزە میلیشیاکان. هۆشداریشی دایە ئەمریکییەکان کە ئاگری شەڕ لە سووریا، تەنیا لە سوودی ڕکابەرەکانی ئەمریکا و پاشماوەکانی بەشار ئەسەد دەبێت و هەوڵەکانی ئەوان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە لەبار دەبات.
بەرهەمی ئەم کۆبوونەوە و ڕاوێژانە، لە مەیدانی جەنگیشدا ڕەنگی دایەوە. پێکدادانە قورسەکان کە تا نزیکی کۆبانی چووبوون، خاو بوونەوە. هەواڵ گەیشت کە هەردوو لایەن لەسەر ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە ڕێککەوتوون. ئەم ئاگربەستە، هەناسەیەکی ئاسوودەیی بوو بۆ هەزاران هاووڵاتیی سڤیل کە لە ژێرزەمین، قوتابخانە، مزگەوت و یاریگاکاندا پەنایان گرتبوو. پاشان ئەم ئاگربەستە درێژکرایەوە و لە کۆتاییدا بوو بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیرتر لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هێزەکانی سووریای دیموکرات قبوڵیان کرد کە لە دامەزراوە حکوومییەکانی سووریادا تێکەڵ بکرێن و دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوت و گازییەکان ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بکەن. لە بەرانبەردا، حكومەتی دیمەشق پابەند بوو کە مافە کولتووری و کارگێڕییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری داهاتوودا بناسێنێت و لە هەر جۆرە کارێکی تۆڵەسەندنەوە دژی ئەوان دوور بکەوێتەوە.
یەکێک لە ئەنجامە دەستبەجێ و چارەنووسسازەکانی ئەم ڕێککەوتنە، پرسی زیندانیانی داعش بوو. هەزاران ئەندامی ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە لە زیندانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورداندا بوون، لە سایەی پەرەسەندنی شەڕەکەدا بووبوون بە بۆمبی چێندراو. بە دروستبوونی سەقامگیریی ڕێژەیی و هەماهەنگی لە نێوان ئەحمەد شەرەع، شاهین عەبدی (مەزڵوم)، تام باراک و شیاع سوودانی، دەرفەتی گواستنەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەم زیندانیانە بۆ عێراق ڕەخسا. ئەم هەنگاوە، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و ڕۆڵی گرنگ و نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی زیاتر دەرخست.
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەم قەیرانەدا، لە نێوەندگیرییەکی سادە زیاتر بوو. ئەو توانی لە ساتێکی مێژوویی زۆر هەستیاردا، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و گوشار بەکاربهێنێت. ئەو نیشانی دا، کە کورد بەدوای پێگەیەکی شایستەدا دەگەڕێت لە نەزمە نوێیەکەی ناوچەکەدا. هەنگاوەکانی ئەو ڕێگری لەوە کرد کە کۆبانی، ئەو هێمایەی بەرگری لە بەرانبەر تیرۆر، جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی وێرانکەر و ئاگری ململانێ نەتەوەییەکان تەواوی ناوچەکە بسووتێنێت.
بێگومان ڕێگەی بەردەم هێشتا دوور و پڕ لە هەوراز و نشێوە. داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا و گرەنتی کردنی مافەکانی کورد تێیدا، پێویستی بە کات و دانوستانی قورستر هەیە. بەڵام ئەوەی لە کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٦دا ڕوویدا، سەلەماندی دیپلۆماسی، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە ڕاهاتووە کێشەکان بە هێز چارەسەر بکات، دەتوانێت سەرکەوێت. بەشێک لەم سەرکەوتنە قەرزاری لێكدانەوە و دووربینیی كەسێك بوو کە بڕیاری دا هێزی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە بەکاربهێنێت. نێچیرڤان بارزانی بەم ڕۆڵگێڕانەی، هەرێمی کوردستانی وەک ئەکتەرێکی ئەرێنی و کاریگەر لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناساند. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ڕۆڵگێڕانی نێچیرڤان بارزانی لە قەیرانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ی سووریادا، دەبێت وردتر دیپلۆماسییە چالاکەکەی لەگەڵ سێ ئەکتەری سەرەکیی نێودەوڵەتی واتە فەڕەنسا، ئەمریکا و تورکیا لێک بدەینەوە. ئەم کارلێکانە، تۆڕێک لە پەیوەندییان دروست کرد لە کۆتاییدا بووە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و ڕێگری كرد لە کەوتنی کۆبانی.
پاریس، واشنتۆن و ئەنقەرە؛ پشتیوانیی پڕۆژەی ئاشتی نێچیرڤان
پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەڕەنسا، وەک یەکێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتێک کە هەمیشە ڕۆڵێکی چالاکی لە گۆڕانکارییەکانی کوردستان و سووریادا هەبووە، هەرچەندە لە ڕابردووشدا هەر باش بوو، بەڵام لەم قۆناغە قەیراناوییەدا گەیشتە لووتکە. گرنگترین ڕووداو لەم بوارەدا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕەنسا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بوو. ئەم پەیوەندییە لە لووتکەی پێکدادانەکاندا نیشاندەری پێگەی تایبەتیی هەولێر بوو لە ناو هاوکێشەکانی پاریسدا. لەم گفتوگۆیەدا، هەردوولا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە ناسەقامگیری و پێکدادانەکانی سووریا، جەختیان لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە کردەوە. خاڵێکی زۆر گرنگ، ستایشی ڕاشکاوانەی ئیمانوێل ماکرۆن بوو بۆ ڕۆڵ و هەوڵە نێوەندگیرانەکانی نێچیرڤان بارزانی. سەرکۆماری فەڕەنسا بە فەرمی دەستخۆشی لە هەوڵەكانی بارزانی کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری قەیرانەکە.
بەڵام ئەم ئاستە لە هاوکاری تەنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سنووردار نەبوو. لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ٢٠٢٦، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەو پەیوەندییە، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر میوانداریی ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای کرد. دانوستانەکانیان جارێکی دیکە لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لەسەر "بارودۆخی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا" چڕ بووەوە. بەردەوامیی ئەم گفتوگۆیانە لە بەرزترین ئاستەکاندا، ئەوەی نیشان دا کە فەڕەنسا، بارزانی نەک هەر وەک نێوەندگیرێکی باوەڕپێکراو، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ بەدواداچوون و چەسپاندنی ڕێککەوتنەکانی داهاتوو لە سووریا دەبینێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی ئەمریکا وەک هاوپەیمانی لەمێژینەی کورد و هێزێکی خاوەن کاریگەری لە گۆڕەپانی سووریا، بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک چارەنووسساز بوو. نێچیرڤان بارزانیش هەماهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ واشنتۆن دروست کرد. لە هەمان ڕۆژ، واتە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە لەگەڵ ماکرۆن گفتوگۆیان کرد، بارزانی لە هەولێر پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
تەوەری ئەم گفتوگۆیانە، "بارودۆخی ئێستای سووریا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان" بوو و هەردوولا لەسەر پێویستیی هاوکاری بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە ڕێککەوتن. هاوکات ئامادەبوونی نێردەی تایبەتیی سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لەم دیدارەدا، زۆر واتادار بوو. ئەمە ئەوەی نیشان دەدا کە بارزانی خەریکە ڕۆڵی هەماهەنگی کارێکی ناوچەیی دەگێڕێت و هەوڵ دەدات نیگەرانییەکانی ئەنقەرەش لە ڕێگەی ئەمریکییەکانەوە بخاتە ناو پرۆسەی دیپلۆماسییەوە. ئەم دیدارە بەشێک بوو لە هەوڵێکی هەماهەنگ کە لە هەمان ڕێکەوتدا، بە میوانداریی مەسعود بارزانی لە مەزڵووم عەبدی و نێردراوە ئەمریکییەکانیش هاوڕێ بوو و هەولێری کردە چەقی دیپلۆماسیی قەیرانی سووریا. ڕەنگە هەستیارترین و ئاڵۆزترین لایەنی ڕۆڵگێڕانی نێچیرڤان بارزانی، بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بووبێت. ئەنقەرە هەمیشە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لە هەسەدەی بەهۆی پەیوەندییەکانی هەسەدە لەگەڵ پەکەکە، بە هێڵی سووری خۆی دەزانێت. بارزانی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لەم هەستیارییە، ڕێبازێکی دیپلۆماسیانە و ناڕاستەوخۆی گرتە بەر.
ئەو نەک لە بەیاننامەکاندا، بەڵکو لە کردەوەدا نیشانی دا کە چارەسەری قەیرانی سووریا دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاش دابین بکات. یەکێک لە بەڵگە سەرەکییەکانی ئەم ڕێبازە، پێشوازیکردنی بوو لە نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئەنقەرە. بارزانی بەم کارە، لە کردەوەدا کەناڵێکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام کاریگەریی بۆ گواستنەوەی تێڕوانین و نیگەرانییەکانی تورکیا بۆ لایەنە کوردییەکان و دیمەشق دروست کرد.
بێجگە لەمە، لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەو ماوەیەدا، ستایشی ڕۆڵی "بەرچاوی"ی تورکیای کرد لە پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا. ئەم لێدوانانە، جووڵەیەکی دیپلۆماسی ژیرانە بوو. بارزانی بەم کارە وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەنقەرەی كرد و ئەوەی بە تورکیا گەیاند، کە لە ناوەندی ململانێی ئەمریکا و ئێران و مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژئاوای تورکیا، ڕێککەوتنێکی سیاسی لە سووریا، لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادایە. کاریگەریی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی حكومەتی کاتیی سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنیی میونشن لە شوباتی ٢٠٢٦دا دەرکەوت.
نێچیرڤان بارزانی لە یەکێک لە هۆڵەکانی کۆنفرانسی ئەمنیی میونشن، شاهین عەبدی یان هەمان مەزڵووم کۆبانی و ئیلهام ئەحمەد فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن خستە لای یەك و گفتوگۆیان پێكەوە كرد، لە هۆڵێکی دیکەی ئەم کۆنفرانسە جیهانییەشدا، خۆی لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕووبەڕووی یەك دانیشتن. ئەم دیدارە کە تا چەند کاتژمێرێک پێشتر وەک کارێکی مەحاڵ دەهاتە بەرچاو، بەڵام بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە بەڕێوەبردنی قەیرانی سووریادا. شەیبانی لەم دیدارەدا، بە ڕاشکاوی سوپاسی ڕۆڵی ڕابەرایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و خۆشکردنی ڕێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی. ئەو دانی بەوەدا نا کە نێوەندگیرییەکانی نێچیرڤان بارزانی، یارمەتی هەردوو لایەنی دا تا لە هەڵوێستە توندەکانیان پاشەکشە بکەن و بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییە درێژخایەنەکانی سووریا بکەنەوە.
بە کورتی، نێچیرڤان بارزانی لە قەیرانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، ڕابەرایەتیی دیپلۆماسییەکی چەند لایەنەی کرد. ئەو لەگەڵ فەڕەنسا، وەک هاوبەشێکی ئەورووپی و پشتیوانی مافەکانی کورد، ڕاستەوخۆ دەربارەی گرەنتییە دەستوورییەکان ڕاوێژی کرد. لەگەڵ ئەمریکا، وەک هەماهەنگکاری سەرەکیی گۆڕەپانی سووریا، چووە ناو هاوکارییەکی چڕ بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە و لە کۆتاییدا، لەگەڵ تورکیا، بەوپەڕی ژیرییەوە و لە ڕێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە، ڕێڕەوێکی داڕشت کە تێیدا نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا ئاشت بکاتەوە. ئەم سێگۆشە دیپلۆماسییە، مەتەڵێکی ئاڵۆز بوو کە بارزانی توانی کۆدەکانی بکاتەوە و ڕێگە بۆ گفتوگۆکانی دواتر خۆش بکات.
(*)
شارەزای باڵای زانستە سیاسییەکان

قوباد ئارەش