كاریگەریی تەمەن لەسەر قژ
ئەگەرچی تەمەن بە شێوەیەكی سرووشتی هۆكارە بۆ چەند گۆڕانێك لە قژدا، بەڵام فاكتەرەكانی وەكو بۆماوەیی، سترێس، خۆراك و دەوروبەر، ڕۆڵیان هەیە لە خێرابوون یان دواخستنی گۆڕانەكان. جگە لە گۆڕانی ڕەنگی قژ، تەمەن هۆكارە بۆ لاوازبوون و باریكبوونی تیرەی تاڵە مووەكان و لەسەرخۆبوونەوەی گەشەی قژ، چونكە ڕەگەكانی قژ ڕێژەیەكی كەمتری چەوری بەرهەم دێنن، هەروەها سووڕی قژ كورت دەبێتەوە بە شێوەی كورتبوونەوەی قۆناغی گەشە و درێژبوونەوەی قۆناغی حەسانەوەی قژ، هەروەها وشكبوون و تەنكبوونی قژ، لەگەڵ گۆڕان لە پێكهاتەی قژدا، كە هۆكارە بۆ پچڕان یان شكانی قەدی تاڵە مووەكان. تەمەن هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی بۆیەی میلانین Melanin لە ڕەگی تاڵە مووەكاندا كە دەبێتە ئەگەری گۆڕانی ڕەنگی سرووشتیی قژ بۆ ڕەنگی خۆڵەمێشی یان سپی. لە لایەكی دیكە تەمەن هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی توانای تاڵەمووەكان بۆ بەرگەگرتنی تیشكی خۆر لەسەر قژ، هەروەها گۆڕانی هۆرمۆنەكانی پەیوەست بە تەمەن ڕەگی تاڵە مووەكان لاواز دەكەن و دەبنە هۆی لوولبوونی قژ.
