مەسروور بارزانى ، پارێزەرى قەوارە وئومێدى کوردستانێکى بەهێزتر وگەشەسەندووتر
لە نێو جیهانى ئەمڕۆ پڕ کێشە و ململانێی سەربازى و ئاسایشیدا ، گەلى کورد خاوەن سەرکردایەتییەکى ژیرانە و وردبین و بە ئەزموون و کۆڵنەدەرە ؛ کە شەو رۆژیان خستۆتە سەریەک لە پێناو فەراهەم کردنى ژیانێکى پڕ ئاسایش وئاشتى و سەقامگیرى و لەهەمانکاتیشدا بەرەو پێشبڕدنى گەل و نیشتیمانەکەیان لە هەموو ڕوویکەوە
لە نێو ئەو سەرکردە مێژووییانەدا، مەسروور بارزانى ، لە کات و ساتێکى هەستیاردا و پێش 6 ساڵ ئەرک وبەرپرسیاریەتییەکى گرنگ و قورس و هەستیاردا پێسپردرا ، لەکاتێکدا ناوچەکە بە کۆمەڵێک پرسى ئەمنى وئابوورى و تەندروستى و دارایی و ئابوورى قورس تێدەپەڕێى ، بەڵام سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، وەک پێشمەرگەیەکى بەهێزوسەرکردەیەکى بڵیمەت شانى دایە بەر سەختییەکان و ڕێگە پڕ هەوراز و نشێوەکانى بڕی بە ئیدارەدان و سیاسەت و دیپلۆماسییەتێکى وردبینانە وژیرانە ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکان بووە
لە نێو جەرگەى ئەو ئاڵۆز وململانێی قورس و سیاسى و دیپلۆماسیانەدا ، بەو ئەزموونەى لە رابردوو چ لەڕووى سیاسى و ئیدارى،دپپلۆماسى وئیدارییەوە هەیبوو توانی نەک هەر کوردوکوردستان و ئەم ئەزموونە لە چەقبەستوویی و گۆشەگیرى رزگار بکات ، بەڵکو بەڕێگەى پەیوەندییە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەکانییەوە هەرێمى کوردستان بە ئاڕاستەى پێشکەوتن و متمانە و ئاوەدانى زیاتر ببات
هەر ئەوەش بوو وایکرد لەڕووى دیپلۆماسییەوە مەسروور بارزانى ، وەک کەسایەتی و سەرکردەیەکى بەهێز ،ئاستى پەیوەندییەکان لە سەر بنەماى بەرژوەندى هاوبەش بگەێنێتە لووتکە ، لە هەمانکاتیشدا لە سەر ناوخۆیی کوردستان بەڕێگەى ئیدارەدانێکى بێ وێنە چاکسازییە ئیدارى و داراییەکانى و ئینجا بونیاتنانى پرۆژەى ستراتیژى ئابوورى ، کارەبا ،ئاو و تەندروستى و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان وێراى هەموو ئاستەنگە دارایی و سیاسییەکان بگەێنێتە قۆناغێکى زۆر گەشەسەندووە
هەروەها لەڕووى ئەمنى و پەیوەندیی هاوبەش لەگەڵ زڵهێزانى وەک ئەمەریکاو ئەڵمنایا و بریتانیاو ئەورووپایی کەشێکى سەقامگیر و پڕ ئارامى بۆ هەرێمى کوردستان فەراهەم بکات کە لەناوچەکە بێ وێنەیە ، بەدڵنییاییەوە ئەو پەیوەندییانە تەنیا لەبوارى ئاسایشەوە نەبووە بەڵکو لە ڕووى دیپلۆماسى و سیاسیسەوە مەسروور بارزانى توانی چ لە سەرئاستى ناوچەکە و چ لەسەر ئاستى جیهان پشتیوانى بەهێزى نێودەوڵەتى بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێم و ئاشتى و ئارامییەکەى بێنێتەدى و ئەوەش وایکردووە کە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان و کونسوڵخانە و نووسینگەى وڵاتان زیاترڕوو لەهەرێمى کوردستان بکەن
لەماوەى شەش ساڵى رابردوو حکوومڕانى مەسروور بارزانى ،وەک سەرۆکوەزیرانى کوردستان هەوڵەکانى لە پێناو ڕاکێشانى بازرگان و وەبەرهێنەرانى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بووە بەرەو رووى هەرێمى کوردستان ، بەتایبەتى لە چەندین بوارى جۆراجۆر و لەڕووى سەرمایە گوزارى نەوت و غاز و زیاتر بەرەوپێشبڕدنى کەرتى کشتوکاڵى و وەبەرهێنان و ئابووریدا ، لەڕووى دیپلۆماسیی وپەیوەندییە هاوبەشیەکانیشەوە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێى ئاستى ئاڵۆگۆڕە بازرگانییەکان گەیشتۆتە قۆناغێکى زۆر باش ، هەروەها لەڕووى پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتى عێراقى فیدڕاڵییدا هەوڵە سیاسیی ودیپلۆماسییەکان لە چوار چێوەى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکان و بەدیهێنانى شایستەداراییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستان بووە
هەر لەماوەى دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ، توانیوێتى ئاستى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و کەنداو و ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا بگەێنێتە ئاستێکى زۆر بەهێز ، ئەوەش هۆکار بووە تاکو لەلایەن پشتیوانى بەهێزى گەلى کوردوقەوارەى هەرێمى کوردستان بکرێت و لەلاایەکى دیکەشەوە ئاستى پەیوەندییە ئابوورى بازرگانى و تەکنۆلۆژیا لە نێوان کوردستان و ئەو وڵاتانە رۆژ بەرۆژ پێشکەوتن زیاتر بەخۆیەوە ببینێت ؛ هەموو ئەو پەیوەندییە سەرکەوتووانەى مەسروور بارزانى وایکردووە هاوسەنگییەکى باش چ لەسەر ئاستى هەرێمایەتى و چ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بۆ گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان دروست بێت و لە نێو گێژاو و ململانێیەکانى و هەڕەشە و نائارامییەکان کوردستان پارێزراو بمێنێتەوە ؛ لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکى حکوومەتى کوردستان توانیوێتى کوردستان بگەێنێتە سەر نەخشەى جیهانى لەڕووى نەوت و غاز و بازرگانى و بوارەکانى دیکە ، ئەوەش ئاسۆیەکى گەشە بۆ داهاتووى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا .

رێبوار حەمەلاو شوانی