زمـانــــی دایــــک ، قــەڵای مــــانـــــه وە

زمـانــــی دایــــک ، قــەڵای مــــانـــــه وە

 

لە مێژووی نەتەوەکـانـدا زمـان تەنها ئامرازێک نییە بۆ ئاخاوتن بەڵکوو نیشتمانی ڕاستەقینەی مـرۆڤـە و ئەو مـاڵـەیـە کە یـادەوەری و کـولتـووری تێـدا کـۆدەبێتـەوە. بۆ کورد زمانی دایک تەنها دەربڕینی هەستەکان نییە بەڵکوو مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ لە قوربانیدانە لەپێناو مـانـەوەدا. ئەمـڕۆ کە جیهان یادی زمانی دایک دەکاتەوە لای ئێمە ئەم یادە وەک بەڵێننامەیەک وایە بۆ پاراستنی ئەو ڕەگەی کە نـاسنـامـەمـان بە زەوییەوە دەبـەسـتێتـەوە.
نـووسـەران و شـاعیـرانـی کورد بەدرێژایی مێژوو بە وشه و هۆنراوەکانیان سەلماندوویانە کە پاراستنی زمان گەورەترین جۆری خـەبـاتـە. کاتێک باس لە هێزی زمان دەکەین ناتوانین بەسەر وتە مێژووییەکەی قەڵەمی بوێر و نەمری کورد (موسا عەنتەر) دا تێپەڕین کە وەک چەقۆیەکی تیژ لە دڵی داگیرکەرانی دەچەقاند و دەیگوت (ئەگەر زمانی من بناغەی دەوڵەتەکەت دەهەژێنێت مانای وایە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە). ئەم گوتەیە تەنها دەربڕینێکی سیاسی نییە بەڵکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زمان چەندە پەیوەستە بە خـاک و بوونـی نەتـەوەیـیـەوە.

لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ تەنها یادی زمانێکی تایبەت ناکرێتەوە بەڵکوو جەخت لەسەر بنەمایەکی مرۆیی دەکرێتەوە کە ئەویش پێکەوەژیانی زمانە جـیـاوازەکـانـە. لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم لە پەیامەکانیاندا ئاماژە بەوە دەدەن کە پاراستنی زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکانی دیکەی وەک تورکمان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. پاراستنی زمان لای سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت وەک پاراستنی ئاینـدەی کـوردستـان وێـنـا دەکرێت چونکە نەتەوەیەک زمانی خۆی ون بکات کلیلی داهاتووی لەدەست داوە.

ئەمڕۆ زمانەکەمـان وەک کۆڵەکەی سەرەکی ڕاگرتنی ئەم نەتەوەیە دەبینرێت. هەرچەندە زمانەکەمان برینی قووڵی پێوەیە و پێویستی بە ستـراتیژییەکـی نیشتمانـی هەیە بۆ سـاڕێژکردن، با هەرێەکەمان بە وشـەیەکیش بێت پارێزگاری لەم سەنگەرە کولتوورییە بکه ین. چونکە زمانی دایک ڕووحی زینـدووی ئەم میللەتەیە. سڵاو بۆ هەموو ئەو تێکۆشەر و پارێزەرانەی کە ناهێڵن چرای زمانی کوردی بکوژێتەوە و ئەم ئامانەتە بە ڕەسەنایەتی دەگەیەننە دەستی نـەوەکـانی داهـاتـوو.

زمـانــــی دایــــک ، قــەڵای مــــانـــــه وە
Top